عێراق قەرەبووی دەوێت‌و تورکیاش دەیەوێت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم خۆی رزگار بکات

4 هەفتە لەمەوپێش



سازگار ئەحمەد

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا پرۆسەکە دەستیپێنەکردووەتەوەو شارەزایەکی ئابووریش پێی وایە ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی رابردوو دەستپێبکاتەوە، ئەوا هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئابووری هەرێم نابێت، هەروەها ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت «پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندجارێک گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر نەدراوە».

دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستووری بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دادگای نێوبژیوانی پاریس-یش لەسەر سکاڵای عێراق بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرکرد.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندجارێک گفتوگۆی لەسەر کراوە بەتایبەت لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیادا، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆکانیان نەگەیشتووەتە ئەنجام».

«زۆرجار باسدەکرێت کەهێڵێکی جێگرەوە بۆ ئەو هێڵەی کە لەکوردستانەوە دەڕوات بدۆزرێتەوە، هەروەها قسەش لەسەر ئەوە دەکرێت کە لەداهاتوودا ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەی کە رۆژانە هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت لەڕێگەی ئەو بۆرییە جێگرەوەیە هەناردە بکرێت بۆ بازاڕەکانی جیهان»، دارا سێکانیانی وادەڵێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی «تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەو گفتوگۆکان لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر نەدراوە».

روونیشیکردەوە «لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تائێستا گفتوگۆی جددی لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت نەکراوە، چونکە ئەم بابەتە زیاتر کاری هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیایە، هەروەها باس لەوەدەکرێت لەداهاتوودا بەرپرسی یەکەمی تورکیا دێتە عێراق هەندێک دۆسیەی گرنگ هەیە هەردوولا تاووتوێی دەکەن و یەکێکیش لەدۆسییەکان هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت».

هەر لەسەر هەمان پرس سەعد عەبدوڵڵا گوڵپی، شارەزای بواری ئابووری بەهاوڵاتی راگەیاند «بڕیاری راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی هەڵە بوو، لەبەرئەوەی ئەو بڕیارە باش تاووتوێ نەکرابوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە لەفرۆشتنی نەوتەکەشی زیانی بەردەوکەوت».

ئاماژەی بەوەشکرد «هۆکاری زیانی هەرێم لەفرۆشتنی نەوت ئەوەبوو کە بەرهەمهێنانەکەی تێچووی زۆربوو، هەروەها لەفرۆشتنیشی هەرێم ناچاربوو بەنرخی کەمتر بیفرۆشێت تاوەکو کۆمپانیاکانی دەرەوە لێی بکڕن».

وتیشی «ئەوە پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت بەدەست دەهات دەبوو ئاڕاستەی کەرتی بەرهەمهێنان بکرێت، نەک بکرێتە داهات بۆ مووچە، ئەمەش وایکردووە ژێرخانی ئابووری حکومەتی هەرێم سفر بێت».

سەبارەت بەڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سەعد عەبدوڵڵا گوڵپی روونیکردەوە «راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی ئابووری نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی سیاسییە لەبەرئەوەی ئەوکاتەی نەوتیش دەفرۆشرا هەر مووچە بەدوو مانگ جارێک دابەش دەکرا یاخود نیو مووچە دابەشدەکراو ئاستی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریش بەپێی پێویست نەبوو، بەڵام ئێستا راگرتنی هەناردەکردنی نەوت دۆخەکەی خراپتر کردووە، چونکە خۆمان نەوت نافرۆشین و بەغداش بەپێی پێویست پارە نانێرێت».

ئەم شارەزای ئابووریە پێی وایە ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی رابردوو دەستپێبکاتەوە، ئەوا هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئابووری هەرێم نابێت، بەڵام ئەگەر لەڕێگەی سۆمۆوە نەوت هەناردە بکرێت، یان لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنی سیاسی بکرێت کە هەرێم نەوت نەفرۆشێت و حکومەتی عێراق خۆی نەوتەکە بفرۆشێت و بودجەی تەواوەتی بۆ هەرێم بنێرێت، ئەوا قازانجی زیاتر دەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵیادی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد «لەهەوڵەکانمان بۆ دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامین، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ رێککەوتبوون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردە، تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە».

ئەوەشی خستەڕوو «نەوتی هەرێم بێ خەرجکردنی بودجە دامەزراوە، بەڵام لەبودجەدا هاوشێوەی ئەو پیشەسازییانە هەژمارکراوە کەملیارەها دۆلارییان لەسەر بودجەی گشتی تێچووەو ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەهەرێمی كوردستان ناگونجێت».

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان روونیکردووەتەوە «نهوتی ههرێم تهنها له ١٠٪ی نهوتی ههناردهكراوی عێراق پێكدههێناو داهاتی ئهم نهوته تهنها بهشێك لهشایسته داراییهكانی خهڵكی ههرێم لهبودجهی گشتیی وڵات بوو، ههر لهدوای راگرتنی ههناردنی نهوتی ههرێم، ههرێمی كوردستانیان خستووهته ناو قهیرانێكی دارایی توندهوه كه بههۆیهوه پێدانی موچهكانی فهرمانبهرانی ههرێم دواكهوتووه«.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت، حكومهتی ههرێم بڕی زیاتر لە ١١ ملیۆن بهرمیل نهوتی رادهستی حكومهتی فیدڕاڵ كرد، تا ئێستاشی لهگهڵدا بێت یهك دیناری وهرنهگرتووه، بۆئهوهی بتوانێت شایسته داراییهكانی كۆمپانیا بهرههمهێنهرهكانی نهوت بداتهوه.

ئەوەش باسکراوە کە بەمەبەستی چارەسەری ئەم کێشانە هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

هەروەها کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان «ئەپیکۆر» راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا ئاماژەی بەزیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردو رایگەیاند «بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە داهاتی عێراق نزیکەی ١١ ملیار دۆلار کەمیکردووە».

ئاماژە بەوەشکراوە «بڕی قەرزی ئەپیکۆر لای حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەک ملیار دۆلارە کە لەمانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ بۆ مانگی ئازاری ٢٠٢٣یە، هەروەها زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر لەهەرێمی کوردستان راگیراوە».

ئەوەشخراوەتەڕوو «داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بەڕێژەی ٦٠٪ کەمیکردووە بەهۆی ئەوەی فرۆشی ناوخۆی جێگەی فرۆشی بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی گرتووەتەوە».

وەک لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان بەردەوامەو جیاوازییەکەی تەنیا لەداهات و نرخی فرۆشتندایە کە بەراورد بەپێشووتر بەڕێژەی ٦٠٪ کەمبووەتەوەو بەو پێیەش ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان ٣٠ بۆ ٣٥ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا چەندینجار لەلێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کەهەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دیارینەکراوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هیچکات بەبڕیاری عێراق هەناردەی نەوت رانەگیراوە، بەڵکو ئەوە بەبڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس بووە.

وەزارەتی عێراق دەشڵێت «زیانمەندی گەورە لەڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە حکومەتی عێراقی بووە».

رۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ بەهۆی بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری بەندەری جەیهانەوە راگیراو عێراق سکاڵاکەی لەتورکیا بردەوە، ئەنقەرە بەپێدانی قەرەبووی یەک ملیارو 400 ملیۆن دۆلار بەعێراق پابەندکراوە، بەڵام تورکیا دەیەوێت بەدەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەسکاڵاکە رزگاری ببێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار