سێ کچ پڕۆژەیەکی ئاژەڵداری جیاواز بنیات دەنێن

5 ساڵ لەمەوپێش



دیمەن ئیسماعیل

سێ کچی دانیشتووی خانەقین کە دووانیان خوشکن، پرۆژەیەکی جیاوازی ئاژەڵداری بنیاتدەنێن و تەنها بە یەک ساڵ دەتوانن بەرهەمی دوو ساڵی هەر پڕۆژەیەکی تری هاوشیوە بەدەستبهێنن. 

ئەو سێ کچە لەگوندی مێخاس لە باکوری قەزای خانەقین پرۆژەیەکی تەواو جیاوازیان ئەنجامداوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە زۆر بەدەگمەن ئەو کارە دەکرێت، ئەم سێ کچە کە دەرچووی بەشی بەرهەمی ئاژەڵی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی گەرمیانن، لە ئێستادا سەرقاڵی پرۆژەیەکن کە پێکدێت لە بەخێوکردنی مەڕ و زاوزێکردنیان بەشێوەیەکی جیاواز، کە بەهۆی دەرزی لێدانەوە مەڕەکان لەماوەی ساڵێکدا دوو جار دەتوانن زاوزێبکەن و بۆ هەر زاوزێیەک دوو بەچکەیان دەبێت.

نورا سەباح، تەمەن 25 سال دەرچوی کۆلێژی کشتوکاڵی گەرمیانە و یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە بە هاوڵاتی وت "دوو ساڵه خوێندنم تەواکردوە، لەبەرئەوەی دامەزراندن نییە، پرۆژەی بەخێوکردنی ئاژەڵمان داناوە". نورا بەخێوکردنی مەڕی بە "کارێکی "ئاسان" ناوبرد.

مەروا سەباح، یەکێکیترە لەو کچانەی کە سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکەن و ماوەی دوساڵە خوێندنی تەواوکردوە، لەسەر پڕۆژەکەیان  بە هاوڵاتی وت  "شێوازی بەخێوکردنی مەڕەکان لەرێگەی بەکارهێنانی (ئیسفۆنج)ەوە دەبێت، هەرکات بتەوێ ئیسفۆنجەکە لەناو منداڵدانی مەڕەکە دادەنرێ، ئەو ئیسفۆنجە پێک هاتوە لەدوو هۆرمۆن، هۆرمۆنێکی لەناو ئیسفۆنجەکە دادەنرێ بۆئاژەلەکەو بۆ ماوەی 14 رۆژ، دوای تێپەڕبوونی 14 رۆژەکە دەرزی هۆرمۆناتی لێدەدرێ بەناوی (PMFJ)،لەماوەی 48 سەعات کەدەکاتە دو رۆژ دەبێتە بەران".

 ئەم کچانە جگە لە هاوکاری بەرێوەبەری ڤێتەرنەری خانەقین، لەلایەن رێکخراوەکانەوە هاوکاری کراون.
نور ساڵح، تەمەن 25 سال یەکێکی ترە لەو کچانە بە هاوڵاتی وت "لە لایەن ڤێتەرنەری خانەقینەوە مۆلەتی رێگەپێدانمان پێدراوە".

ئەحمەد خەلیل، بەرێوەبەری رێکخراوی میرسیکور کە یەکیکە لەو رێکخراوانەی هاوکاریان کردوون،  بە هاوڵاتی وت "دەرمان و دەرزی و مەڕمان بەدیاری بۆ پرۆژەی ئەم کچانە هێناون، ئەگەرچی لە وڵاتانی تر ئەم رێگەیە بەکارهاتووە بەلام تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان و سنوری قەزای خانەقین شتی وا ئەنجام نەدراوە و ئەگەریش کاری واکرابێ ئەوە زۆر دەگمەنە."

 د.ئیبراهیم غوڵام، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری خانەقین بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوە کرد ئەوە یەکەم کاری لەو شێوەیە کە لە ناوچەکە دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار