تورکیا بە "ھەڕەشە" و کورد بە "بەرخودان" لە ئامادەباشیدان

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە بۆ ھاوڵاتی: ھێرشی تورکیا بۆ باکوری سوریا ھێرشە بۆ سەر ھاوپەیمانان و ناتۆ

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر باکوری سوریا بەردەوامە و ھەر ھیرشێکی لەو شێوەیە ھێرشکردنە بۆ سەر ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ھێزەکانی ناتۆ کە لەو ناوچە ھێزیان ھەیە.

دوای بڕیارەکی ئەمریکا لە ١٩ی مانگی رابردوودا بۆ کشانەوەی ھێزەکانیان لە سوریا رەوشێکی نوێ لە سوریا ھاتووەتە ئاراوە، ھەرچەندە تا ئیستا چۆنیەتی کشانەوەکە و کاتی دیاریکراوی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا نادیارە و بەرپرسانی ئەمریکا لێدوانی جیاواز لەو بارەیەوە دەدەن.

گەورەترین کاریگەری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەر شەڕڤانانی کورد دەکەوێت کە لە چوارچێوەی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا خۆیان رێکخستووە، کە ئەویش بەشێکە لە ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە تێکەڵەیەکە لە ھێزی کوردی و عەرەبی و پێکھاتەکانی دیکە.

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە بە ھاوڵاتی وت "بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا پەیوەندی بەو وڵاتەوە ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بریارەکە دژی گەلی ئەمریکا و دۆخەکە بوو، تا ئیستاش ناڕەزاییەکان لەو بارەیەوە بەردەوامە، بەڵام ئێمە بەرخۆدان دەکەین لەبەرانبەر ھەڕەشەیەک کە روبەڕوومان بێتەوە".

ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ژمارەیان بە نزیکەی دوو ھەزار سەرباز دادەنرێت کە لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیماناندا لە سوریا بوونیان ھەیە، ئەو ھێزانە بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو ھاوپەیمانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بوون لەشەڕی دژی داعشدا و لە ئیستادا سەرقاڵی تەواوکردنی دوایین ئۆپەراسیۆنن بۆ دەرھێنانی دوایین ناوچەی ژێر دەستی داعش.

یەپەگە پێکھێنەری سەرەکی ھێزەکانی سوریای دیموکراتە کە ژمارەیان زیاتر لە ٦٠ ھەزار شەڕڤانە و لەسەدا ٣٠ی روبەری سوریایان بەدەستەوەیە، ئەمریکا پێشتر چەندین جار بە ھاوپەیمانی سەرەکی لەشەڕی دژ بە داعشدا ناوی بردووە.

ھەرچەندە پاساوی ئەمریکا بۆ کشانەوەیان لە سوریا تێکشکاندنی تەواوەتی داعش بوو، بەڵام لەدوای دەرکردنی بریارەکەوە چەندین پێکدادان لەنێوان ھێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکدارانی داعشدا روویداوە.

نوری مەحمود وتی "ھێشتا شەڕ لە سنوری ھەجین لەنێوان ئێمە و داعش بەردەوامە، داعش کۆتایی نەھاتووە، بەھەزاران چەکداریان ھێشتا لە سوریا ماونەتەوە کە چەکداری بیانیی زۆریان تێدایە".

وتیشی "ئێمە بەردەوامی دەدەین بە شەڕکردن دژی داعش تا کۆتایی بەو رێکخراوە دەھێنین".
جگە لە داعش، ترسێکی دیکە کە چاوەڕوانی شەڕڤانانی کورد و ناوچە کوردنشینەکانی سوریا دەکات، تورکیایە، کە لە پێش بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاوە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی ھێز لە سنوری رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا، بۆ ئەنجامدانی ھێرشێکی بەرفراوانی سەربازی. تورکیا ھەروەھا گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە خۆشی لەو سنورانە بڵاوەپێکردووە.

نوری مەحمود وتی "تورکیا بەردەوامە لە خۆ ئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی ھێرش و ھێزێکی زۆری کۆکردووەتەوە و دەیەوێت ھێرش بکاتە سەر باکوری سوریا، بەڵام ئێمە روبەڕووی ھەر ھێرشێکی لەو شێوەیە دەبینەوە".

ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ھێرشی سەربازی لەکاتێکدایە، ھێشتا ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا نەکشاونەتەوە، جگە لەوەش ھاوپەیمانان ھێشتا لەو وڵاتە بونیان ھەیە کە لەچەندین وڵات پێکدێت و ھەریەکەیان بە رێژەی جیاواز ھێزیان ناردووەتە سوریا.

نوری مەحمود دەلێت "لە ئێستادا ھەر ھێرشێک بۆ سەر باکوری سوریا ھێرشە بۆ سەر ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھێزەکانی ناتۆ، چونکە ھاوپەیمانان ھێشتا لە سوریان کە بەشی زۆری ئەندامەکانی، ئەندامی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆشن".

ھەرچەندە ئەمریکا سورە لەسەر کشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا، بەڵام لە ئیستادا بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باس لەوەدەکەن کە لەو وڵاتە ناکشێنەوە تا گرەنتی پاراستنی کوردانی ئەو وڵاتە نەکەن.

جۆن بۆڵتن راویژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو، دەبێت ئەنقەرە دڵنیایان بکاتەوە کە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ھیرش نەکاتە سەر کوردەکان و کوردانی سوریا پارێزراوبن، پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھەمان ھەڵوێستی خستبووەتە روو.

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئاماژەی بەوەکرد، پاراستنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەوە دەبێت کە چارەسەرێکی سیاسی بکرێت بۆ قەیرانی ناوخۆیی سوریا کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە، بە شێوەیەک مافی کورد و پێکھاتەکانی دیکە بەتەواوی پارێزراوبێت، ئەمریکاش وڵاتی گەرەنتیکەری ئەو چارەسەرە سیاسییە بێت بۆ ئەوەی ھەموولا پێوەی پابەندبن.
کوردانی رۆژئاوای کوردستان کە لەدوای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریاوە خۆبەرێوەبەرییان لە ناوچەکانی خۆیان راگەیاندووە، داوای جیابونەوەیان نەکردووە لە سوریا، بەڵکو داوادەکەن لە چوارچێوەی سوریادا مافی خۆبەرێوەبردنیان ھەبێت و مافەکانیان پارێزراو بێت.

لەدوای بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ھاوپەیمانان بەردەوامن بە پاڵپشتیکردنی سەربازی و لۆجیستی ھەسەدە و رەوانەکردنی چەک بۆ ھێزەکانیان لە سوریا، بەپیی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەدوای بڕیارەکەوە سێ جار چەکی بۆ سوریا ناردوە کە یەکێکیان لەچەند رۆژی رابردوودا بووەو رەوانەی بنکەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە کۆبانێ کراوە.

لەبارەی بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ھاوپەیمانیان بۆ ھێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەگە، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل باسی لەوەکرد، رەوشەکە پێش بریاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا چۆن بوو، ئێستاش بە ھەمان شێوەیە و ھیچ شتێک نەگۆراوە.

وتیشی "ئێمە لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان دژی رێکخراوی داعش شەڕمان کرد و تا ئێستاش بەردەوامین و درێژە بە شەڕکردن دەدەین دژی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە".

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا دەلێن داوای گرەنتی لە تورکیان دەکەن کە ھێرش نەکاتە سەر کورد لە سوریا، بەڵام تورکیا دەلێت سورە لەسەرئەوەی "لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا" دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەن بۆ لە رۆژھەڵاتی فورات.

ئەوەش دوای ئەوە ھات جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا یەکشەممھی رابردوو رایگەیاند بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی ئەو ھێزانەی لە سوریا شەڕی داعشیان کردوە.

جۆن بۆڵتن ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکردبوو بۆ ئەو مەبەستە گەرەنتی لە تورکیاش وەردەگرن و نایانەوێت دوای ئەوان تورکیا پرۆسەی سەربازی لە ناوچەکە ئەنجام بدات و پێویستە لەو بارەیەوە ھەماھەنگی لەگەڵ واشنتن بکەن.

لەبەرامبەردا ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەن بۆ لە رۆژھەڵاتی فورات. ئەردۆغان وتی "ئەو درۆیەی دەڵێت تورکیا لە سووریادا کوردەکانی کردووەتە ئامانج نەفس نزمترین، بێ شەرەفترین و پیسترین قسەی ھەڵبەستراوە".

جۆن بۆڵتن لەسەر‌دانەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دوا ھەڵوێستی وڵاتەکەی لە بارەی کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکای لە سووریا ئاشکرا کرد و وتی ''ھەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەیە، بەبێ پاراستنی کورد لە سووریا ناکشێینەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار