ئێف بى ئاى ئه‌مریکى لێکۆڵینه‌وه‌ى له ته‌قینه‌وه‌که‌ى مه‌نبج ده‌ستپێکرد
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئه‌مریکا له‌ڕێگه‌ى ناردنى تیمێکى FBI لێکۆڵینه‌وه‌ى له‌کرده‌وه خۆکوژیه‌که‌ى شارى مه‌نبج له رۆژئاوا ده‌ستپێکرد.
روانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ که باره‌گاکه‌ى له‌له‌نده‌نى پایته‌ختى بریتانیایه رایگه‌یاندووه" ئه‌مریکا له‌سه‌ر ئاستێکى باڵا لێکۆڵینه‌وه له ته‌قینه‌وه‌که‌ى رۆژى چوار شه‌ممه‌ى مه‌نبج ده‌کات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیمێکى نوسینگه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى ئه‌مه‌ریکا (FBI) گه‌یشتونه‌ته مه‌نبج و ده‌ستیان کردوه به لێکۆڵینه‌وه له روداوه‌که".
له دوو رۆژى رابردوودا ته‌قینه‌وه‌یه‌کى خۆکوژى له‌شارى مه‌نبج-ى رۆژئاوا هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانى کرده ئامانج چوار سه‌ربازى ئه‌مریکى و دوو شه‌ڕڤان و 10 هاوڵاتى مه‌ده‌نى کوژران و زیاتر له ١٥ که‌سیش برینداربوون که سیانیان سه‌ربازى ئه‌مریکین.
هه‌ر دواى ته‌قینه‌وه‌که‌ش رێکخراوى تیرۆریستى داعش له ڕێگه‌ى پێگه ئه‌لیکترۆنیه‌کانى خۆیه‌وه له تویته‌ر بڵاویکرده‌وه، خۆکوژێکیان به‌ناوى "ئه‌بویاسین ئه‌لشامى" له‌ڕێگه‌ى چاکه‌تێکى بۆمبڕێژکراوه‌وه خۆى به‌چه‌ند سه‌ربازێکى هاوپه‌یماناندا له‌شه‌قامى سندوسى مه‌نبج ته‌قاندوه‌ته‌وه.
دوێنێش ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبج ئاشکرایکرد که توانیویانه گروپێکى تیرۆریستى ده‌ستگیربکه‌ن که ژماره‌یان حه‌وت که‌س بوه‌و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌زگاى هه‌واڵگیرى تورکیا هه‌بووه و راسته‌وخۆ فه‌رمانیان له گروپه‌کانی قه‌ڵغانی فوڕات و هه‌واڵگیری تورکیا وه‌رگرتووه.