سەربازێکی بەریتانی بەهۆی کوردێکەوە دەبێتە قاچاخچی

دادگا سزای زیندانی بۆ سەربازێک دەبڕێتەوە بەهۆی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ تۆڕێکی پەڕینەوەی پەنابەر لەجەنگەڵەکانی کاڵاسەوە بۆ بەریتانیا

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی: بەریتانیا، کاوە ڕەش

سەربازێکی بەریتانی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن دادگاوە سێ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە، بەتاوانی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ تۆڕێکی قاچاخچی کورد، کە لەناو دارستان و جەنگەڵەکانی شاری کاڵاسی فەڕەنساوە، پەنابەری نایاسایی لەناو سندوقی ئۆتۆمبیلەکەیەوە گەیاندۆتە بەریتانیا.

سەربازەکە کە پلەی جێگری یەکەی سەربازی لەناو سوپای بەریتانیادا هەبووە، بۆ گواستنەوەی هەر پانابەرێکی کورد، لەجەنگەڵەکانی کاڵاسەوە بۆ بەریتانیا، بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی زەسەن، بڕی پێنج هەزار پاوەند (6430 دۆلار)ی  دەستکەوت بووە.

ئەو سەربازە کەئەندامی کەتیبەی دووی شازدە وێڵزی سوپای بەریتانیا بووە، بەشداری دوو گەشتی سەربازی لەوڵاتی  ئەفغانستان کردوە. پاشانیش گواستراوەتەوە بۆ بنکەی سەربازی  Paderborn لەوڵاتی ئەڵمانیا.

بەپێی وتەکانی لەناو دادگای باڵای شاری Maidstoneی بەریتانیا، ئەو کاتێک لەپشوودا بوەو لەئەڵمانیاوە بۆ فەڕنساو لەوێشەوە بۆ بەریتانیا گەڕاوەتەوە بەئۆتۆمیلەکەی، پەنابەری کوردی نایاسایی لەناو  سندوقی ئۆتۆمبیلەکەی حەشارداوە، کە لەشوێنێکی چۆڵەوانی ناو جەنگەڵەکانی شاری کاڵاس، یاخود لەشوێنی پارکی خواردنگەی ماکدۆناڵد سواری کردون.

ئەو کە لەناو دادگادا فرمێسکی لەچاوەکانی دەسڕی، کاتێک خاتونێکی پارێزەری بۆ دادگا دەدوا کە چۆن  کایڵی هاڕیسی تەمەن سی ساڵ توشی خەمۆکی و پاڵەپەستۆی دەرونی هاتوە، بەهۆی  پارچەپارچە بوونی یەکێک لەهاوڕێ نزیکەکانی لەبەرەی پێشەوەی  شەڕ لەناوچەی هەڵمەندی ئەفغانستان، لەساڵی ٢٠١١دا.

پارێزەری بەریگرکار؛ ئەو سەربازەی بەکەسێکی نمونەیی و ئازاو بەتوانا وەسفکردوە، کە ماوەی شەش ساڵ خزمەتی سەربازی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان و دەرەوە کردوە. هەرەها هۆکاری لادانی بۆ ئەو کارە «خراپ و نایاساییە» گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو پاڵەپەستۆ دەروونییەی، کە بەهۆی بەشداری لەشەڕو بینینی گیان لەدەستدانی هاوڕێکەی توشی بووە.

ئەو هەرچەندە کاری سەربازیی بەشێک بوە لەژیانی و چەندین مادالیاشی بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی مەرگی هاوڕێکەیەوە، توشی خەمۆکی دەروونی و خەوزڕان بۆتەوە، بۆیە شەوانە لەناو کامپە سەربازییەکەیەوە لەڕێگای وای فای کامپەکەوە، شەوان تادرەنگ خەریکی قومارو گەمبەڵ بووە لەسەر ئینتەرنێت، بەو هۆیەشەوە نزیکەی ٣٠هەزار پاوەندی دۆڕاندوە.

کایڵی هاڕیسی هەرچەندە لەلایەن تیمی تەندروستی  سوپاوە کەمێک هاوکاری دژە خەمۆکی کراوە، بەڵام دواتر پەنای بۆ زۆر خواردنەوە کهولیەکان و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بردوە، بۆیە ئاڵودەی قومارو ماددەی هۆشبەر بوە، بۆ ئەوەش پێویستی بەپارە بووە، بۆیە ناچاربووە ئەو ڕێگا هەڵەیەی بەکارهێناوە، وەک پارێزەرەکەی  بەدادگای ڕاگەیاندوە.

خانمە دادوەر Adele Williams دەڵێ بەهۆی بارودۆخی کەسێتی و ئەو بەڵگانەی دەیسەلمێنن کەتۆ خزمەتی وڵاتت کردوە توشی پێکانی دەروونی بویتەوە بەهۆی گیان لەدەستدانی هاوڕێکەتەوە، بەشیک لەسزاکەمان کەمکردویەوەو بۆ سەرجەمی سێ ساڵ زیندانی.

بەپێی وتەی ئەو سەربازە، لەماوەی سەردانەکانیدا بۆ ماڵەوەی لەبنکە سەربازیەکەوە بۆ بەریتانیا، لەسێ کاتی جیاوازدا سێ پەنابەری نایاسایی گەیاندۆتە بەریتانیا.

هەر لەناو ئەو تۆڕەدا چەند  کەسێکی دیکەش سزا دران کەپێکهاتەو  بازنەی بازرگانی کردن بەمرۆڤ و ماددەی هۆشبەرەوە بوون، لەنێویاندا (ز. ئ)کوردەو کە خاوەنی شۆردنگەی ئۆتۆمبیلە لەشاری Middlesbrough بەریتانیا بەدەساڵ سزا درا، دوای پشکنینی ماڵەکەی بڕی ١٣٦ گرام کۆکاینی ساف کڵاس ئەی لەماڵەکەی دۆزاوەتەوە، کە نرخی دەگاتە  ١٣٦٠٠ پاوەند.

ز.ئ ٣٦ ساڵ، خاوەنی دوو منداڵەو ماوەی پازدە ساڵە لەبەریتانیا دەژی، ئەو سەرەتا وەها لەگەڵ ئەو سەربازە ڕێککەوتوە، کەبراکەی بەناوی (ه.ئ) لەکاڵاسەوە بگەیەنێتە بەریتانیا، دوای ئەوەی پلانەکەی سەری گرتوە، پەرەی بەو پلانەداوەو کردویەتی بەکارێکی بازرگانی، کە لەو ڕێگایەوە پەنابەری نایاسایی کورد بۆ سەربازەکە بدۆزێتەوەو بۆ هەر پەنابەرێک، بڕی پێنج هەزار پاوەندیان داوە بەو سەربازە.

سەرەتا بڕی ٢٥٠٠ پاوەندو کاتێکیش پەنابەرەکە گەیشتۆتە بەریتانیا  ٢٥٠٠ پاوەندی دیکەشیان داوەتێ.

کوردێکی دیکەش کە لەناو تۆڕەکەدا بووەو کاری دۆزینەوەو ئامادەکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان بوە لەناو کامپەکانی کاڵاس بەناوی (ها.ح) کە کوردێکەو هاوکاری ز.ئ کردوە لەبازرگانییە ترسناکەکەدا، (ها.ح)ی تەمەن. ٣٥ ساڵیش سزای زیندانیکردنی دوو ساڵ و هەشت مانگی بۆ بڕاوەتەوە  لەلایەن دادگاوە، دوای ئەوەی لەتورکیاوە دەستگیرکراوەو هێنرایە بەردەم دادگا لەبەریتانیا.

پارێزەری ز.ئ، ئەندرۆ هیڵ لەبەردەم دادگا وتی «ز. ئ  پیاوێکی ئیشکەرو زەحمەتکێش بوە، ئەو دوای ئەوەی ویستویەتی  براکەی  لەو ڕێگایەوە  بگەیەنێتە بەریتانیا، لەو بازرگانییەوە لکاوە».

دادوەر عادیلە ولیامس دەڵێ «هەرچەند ڕاسیتیەکەی هەندێک کاری دڵسۆزی مرۆیی هەبوە، بەڵام دواجار بۆتە کارێکی بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە، کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسایەو سزای بەدواوەیە».

ڕۆژنامەی زەسەنی بەریتانی دەڵێ « کایڵی هاڕیس لەمانگی مایسی ٢٠١٦ لەلایەن  فەرمانبەرانی سنورپارێزی بەریتانی  دەستگیرکراوە کاتێک دوو کۆچبەری لەناو سندوقی ئۆتۆمبیلەکەی حەشارداوە.

داداگاش دواجار سزای ئەو سەربازەو دوو کوردەکەی دیکەی، لەکۆتایی مانگی ١ی ٢٠١٩ دەرکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار