ئێن ئاڕ تی: بەهۆی "هەڕەشە"ەوە پەخش و ئۆفیسی کەناڵەکەمان دەبەینە دەرەوەی هەرێم

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند وەک ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێ و "دوورخستنەوەی لە فشار و هەڕەشەکانی دەسەڵات"، ئۆفیس و پەخشی ئێن ئاڕ تی دەبرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئەمشەو لە راگەیەنراوێکدا کە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە دەڵێت "پاش هەڕەشە و فشارە بەردەوامەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە رێگەی دەزگا فەرمیی و نافەرمییەکانەوە بۆ رێگریکردن و داخستنی ئێن ئاڕ تی، کەناڵەکە تا ئێستا بەردەوامە و بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی داخستنیشی، دامەزراوەی میدیایی نالیا بڕیاریداوە ئۆفیس و پەخشی کەناڵەکە بباتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".

ئاماهەی بەوەش کردوە کە ئەم هەوڵەی دامەزراوەکە بۆ ئەوەیە لە حاڵەتی نەخوازراودا و لە ئەگەری داخستنیدا، کەناڵەکە بتوانێت لە پەخش و پێدانی زانیاریی بەهاوڵاتیان بەردەوام بێت.

کەناڵی ئێن ئاڕ تی کە لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا دەستی بە پەخشی خۆی کرد، دوای دوو رۆژ لە پەخش لە ٢٠ی شوبات لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ئاگری تێبەردرا و سوتێنرا.

لەوەی کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ و لە کاتی خۆپیشندانەکانی هاوڵاتیان بۆ داواکردنی پێداویستییەکان و باشکردنی بارودۆخی هەرێم بە بیانوی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان، بۆ ماوەی هەفتەیەک پەخشی کەناڵەکە راگیرا.

مانگی رابردووش لە کاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی شارۆچکەی شێلادزێدا، هێرش کرایە سەر تیمەکانی ئێن ئاڕ تی و جگە لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسەکانی، دەستگیرا بەسەر ئۆفیسی کەناڵەکە لە شاری دهۆک و تا ئێستاش رێگە بە کردنەوەی نادرێت.

کەناڵەکە رونی نەکردۆتەوە کە کێ بەم دواییانە هەڕەشەی لێ کردوە و هەڕەشەکان چۆن بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار