په‌رله‌مانتارێكی پارتی: تاکە چارەسەر بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال بەکارهێنانى هێزە

'' لە دانیشتنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەراندا، پرسى دەرکردنى پەکەکە دەخرێتە دەنگدانەوە"

5 ساڵ لەمەوپێش



په‌رله‌مانتارێكی پارتی كه‌ هاوكات سەرۆکى لێژنەى کاروبارى شنگاله‌ لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ داوایكرد په‌كه‌كه‌ به‌هێز له‌ شه‌نگال ده‌ربكرێت.

شیروان دووبەردانى كه‌ له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا بوو به‌ په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵوی توركی وتى "راپۆرتێکى ٣٠ خاڵیمان نووسیوەتەوە، یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکان دەرکردنی پەکەکەیە لە سنوورى قەزاى شنگال، بۆ ئەو مەبەستەش ئیمزاى ٦٨ ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانمان کۆکردووەتەوە و کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەنجامداوە و لە دانیشتنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەراندا، پرسى دەرکردنى پەکەکە دەخرێتە دەنگدانەوە".

وتیشى "ئێمە وەکو پەرلەمانتارانى سنوورى پارێزگاى نەینەوا لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و بە هاوئاهەنگى لەگەڵ ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا و ئیدارەى شەرعى قەزاى شنگال دەمانەوێت لە چوارچێوەى سەپاندنى یاسا کاربکەین بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شنگال و دەورووبەرى، هەروەها هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە بۆ گەڕانەوەى ئیدارەى شەرعى قەزاکە کە پەکەکە رێگرى لە گەڕانەوەیان دەکات".

وتیشى "بەکارهێنانى هێز بە بڕیارى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە هەماهەنگى هاوپەیمانان و حکومەتى هەرێمى کوردستان تاکە چارەسەرە بۆ دەرکردنی پەکەکە لە سنوورى قەزاى شنگال، چونکە لە ماوەى رابردوو بۆ هەموو لایەک سەلمێندرا کە پەکەکە رێز لە خواست و بڕیارى دیموکراتییانەى خەڵک و ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا و شنگال و حکومەتى هەرێم ناگرێت".

شیروان دووبەردانى وتیشى "جگە لە دانیشتوانى شنگال، پەکەکە ماوەیەکە چاوى بڕیوەتەوە گەنجانى سنوورى گوندەکانى پارێزگاى نەینەوا ژمارەیەکى زۆریشى لێکردوون بە چەکدارى خۆى، سەرجەم چەکدارەکانى پەکەکە بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە لە لایەن حەشدى شەعبییەوە مووچەیان پێدەدرێت، هەر چەکدارێک ٣٠٠ دۆلاریان پێدەدرێت".

شیروان دووبەردانى دەشڵێت "نازانین ژمارەى چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى قەزاى شنگال چەندە، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەست ئێمە گەیشتووەتە زیاترە لە سێ هەزار چەکدار، جگە لە دەیان بارەگا دەیان تونێلیشیان هەڵکەندووە و چەک و تەقەمەنییەکانیان تیادا حەشارداوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار