بینەری کورد و ئیشکالیەتی تێگەیشتن لە ھونەری شێوەکاری

پیشانگای ھونەرمەند«قەرەنی جەمیل» بە نموونە

5 ساڵ لەمەوپێش



حەمە ھاشم

رەنگە لێرە نەتوانرێت بە شێوەیەکی تەواو باس لەو ئیشکالیەتە بکرێت کە بۆ بینەری کورد درووست دەبێت لەکاتی رووبەرووبونەوەی لەگەڵ کارێکی شێوەکاری، بینەری کورد بینەرێکی عاتیفییە و تاکەشت کە بەدوایدا دەگەڕێ گوزارشتکردنە واتە دەیەوێ لە تەعبیری کارەکە نزیک ببێتەوە و تێی بگات، نازانم بۆ ئەوەندە حەزی لەوەیە تابلۆیەکی شێوەکاری وەک ھەواڵێک یان وەک چیرۆکێک ببینێت و گوزارشتی بۆبکرێت، ئەم ئیشکالیەتە عاتیفیەی بینەری کورد لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئێمە ھەموومان گەمارۆدراوین بە سیاسەت، ھەموو کێشە و سەرکوتکاری و ئەنفال و کیمیاوی و کارەساتی شەنگال و ژنی ئێزیدی و نەبوونی دەوڵەت و زاڵ بوونی ئاین لە زاکیرەماندا بەتۆخی بەدیاردەکەوێت، ھەموو شتەکانی دەوروبەرمان لەو پەنجەرانەوە دەبینین، ئەمە بۆ کایە کولتوریەکانی دیکەش وایە،زۆرێک لە کورد ھاندەری بەرشلۆنەیە چونکە ھەرێمێکی جوداخوازە وەک کورد ، دەمانەوێ کە سەیری تابلۆیەکی شێوەکاریمان کرد باسی چوارپارچەی کوردستان بکات و رەنگەکانی ئاڵای کوردستانی تێدا بێت، ئەمەش بەرەنجامی ئەوداگیرکارییەیە کە سیاسەت سەپاندوویەتی بەسەر بیرکردنەوەمان و رکێفی بیرکردنەوەی ئێمەی بەرەو بەرژەوەندییەکانی خۆی راپێچکردووە، بۆیە ھەمیشە ھونەرمەند دوچاری کێشەیەکی فکری دەبێتەوە لە تێگەیاندنی بینەرەکانی بەتایبەت لە ھونەری مۆدێرنە و پۆست مۆدێرن دا، چونکە لەو ھونەرانەدا پانتاییەکی زۆر دەدرێ بەفکر، بەڵام بەشێکی گرنگ ئیستاتیکایە کە رۆڵ دەبینێ لە چێژوەرگرتن لە بینینی تابلۆکە، چونکە بە بروای من کاری ھونەری تەئویل و بینەر خۆی سەرپشکە لە چێژوەرگرتن ھەرچی تەفسیرکردنی ھونەرمەندەکەیە تارادەیەک کەم و کوڕی تێدایە، چونکە کاتێک ھونەرمەند کارێک دەکات ئەو لە سەرەتادا تەفسیری کارەکە لە مێشکی دا نیە، بەڵکو ئەو تەنیا دەزانێ رەسم بکات و ئەزموونەکانی خۆی تاقیبکاتەوە لە رووی بارستە و ھاوسەنگی و رەنگ و ھێڵ و بۆشاییەکان تا دەگاتە ئاستێک کە دەزانێ رادەی ئیستاتیکی کارەکەی تێر دەکات، دوای ئەوە ئەگەر بێت و تەفسیر دابنێت بۆ کارەکەی ئەوا بینەرەکانی رازی دەکات و ناھێڵێ بینەر مێشکی ھیلاک بکات و تەمبەڵانە بینەرەکانی لەزەتە عاتیفیەکەیان دەبینن، بەڵام خۆ کاری ھونەری جدی ئەوە نیە بینەر رازیبکەیت ، بینەر دەبێ خۆی ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لەکاری ھونەری و تێکەڵی بێت و تەئویلی بکات و چێژی لێ ببینێت، من تەنھا لە کوردستان بینیومە بینەر داوای مەعنا دەکا لە ھونەرمەند ، ئەمەش بۆ کەمی ممارەسەی چاو و کولتوری ئیستاتیکی و ئاستی چێژوەرگرتنی بینەر دەگەڕێتەوە، بۆ ھونەرمەند ئاسانە مانات بداتێ ، بەڵام ئەگەر ھونەرمەند ھەموو شتێکت بۆ بڵێ ئەوە دەکرێت شاعیر بوایە یان چیرۆک نووس و مێژوو نووس ، ئەوەی شێوەکار جیادەکاتەوە ئەوەیە کەدەتوانێ شێوەی جیاوازت نیشانبدات کە تۆ لە بینینی ئاساییدا نایان بینی ، شێوەگەلێک کە تامی سوریالیەت و نامەئلوفیەتی تێدابێت، بە بڕوای من ئەم ئشکالیەتە بۆ ئەوەش دەگەرێتەوە کە کولتوری بینین لای تاکی کورد بەتایبەتی باشور زۆر کەم بایەخە ئەوەی ھەشە ھی سەردەمی بەعسە کاتێک ئەو رژێمە ھونەرمەندی ناچاردەکرد بەپێی خواستی ئەو وێنەبکێشێ و ھەندێ ھونەرمەندیش ئەوەیان پێ خۆش بوە چونکە لەکۆڵ بیرکردنەوە بونەتەوە و تەمبەڵانە و ناڕۆشنبیرانە کاریان کردوە تا کاریگەرییەکانیان بە ئەمرۆش دەگات ماوە، جگە لەوەی کورد بەحساب گەلێکی ژێردەستە بووە و شۆرشی کردوە بۆیە ھونەری خستۆتە خزمەتی کێشە نەتەوایەتیەکانی، من ناڵێم نابێت ھونەر تەعبیر بکات و نابێ خزمەت بە شۆرش بکات ، ئەمە ئاساییە و ھونەری شۆرشگێریش ھەیە، بەڵام لەتەنیشت ئەمانەوە ھونەرێک ھەیە تژی ترە لە فکر و ئایدیا ، قورستر ھاوسەنگییە ئیستاتیکییەکانی بەدەستەوە دەدات، ئەمەش پێویستی بە بینەری ئاست بەرز ھەیە لە کولتوری چێژوەرگرتن لە بابەتی ئیساتیک و ئایدیای مەزن، کە بەداخەوە لەلای ئێمە ئەم بینەرە کەمە، ھۆکار و لێکەوتەکانی ئەم ئیشکالیەتانە زۆرە لێرە ناکرێ پەنجە لەسەر ھەموو خاڵەکان دابنێین ھەرئەوەندە بینەر دەرک بکات بەوەی کە شێوەکاری تەنھا تەعبیرنیە بەسمانە ،ئەم ئیشکالیەتە راستەقینەیە لە پیشانگای ھونەرمەند «قەرەنی جەمیل» بەتەواوی رەنگی دابۆوە ، چونکە زۆربەی بینەرەکان وورد دەبوونەوە لەو فۆرمە واقیعیانەی کە لەناو تەوژمی رەنگەکاندا بەکار ھاتبوون، لەبەر ئەوەی ھونەرمەند قەرەنی کارەکانی دەچنە خانەی «ئەبستراکت ئێکسپرێشینیزم» ھەندێ فۆڕمی دەربڕین خوازانەی بەکارھێنابوو وەکوو سەری مرۆڤێک یان سەتڵێک ، چڵی دارێک ، کەئەما ە بۆخۆی لەھەندێ شوێندا فریادرەس بوون بۆ ئەوانەی دەیانویست پەنجەرەیەک بدۆزنەوە بۆ دەستکەوتنی مانا لەکارەکانیدا، بەڵام بێگوومان تەئویلەکانیان بۆکارەکان لەرێگای ئەو فیگەرانەوە نەدەچوونەوە سەر رێگای دروستی تێگەیشتنێکی مەعریفیانەی دەرکپێکراو لەکاری ھونەریدا، بۆیە ئیشکالیەتەکە بەردەوامی دەدرایەو بینەر تارادەیەک نەدەگەیشتە خواستەکانی خۆی، ئەمەش ھیچ پەیوەندیەکی بە ھونەرمەندەکەوە نیە ، بەڵکو ئەو لە ستایڵەکەیدا چەندین بنەمای ئیستاتیکی و حسیی و ماتڕیاڵیمان پێدەبەخشێ کە سپەیسی کارەکانی روونتر ئاماژەپێکراو دەبن لای بینەری ھۆشیار، بینەرێک کە مەعریفەکەی بەشی ئەوەدەکات لە گرنگییەکانی ئەو فۆڕمانە بزانێت و چێژی راستەقینە وەرگرێت لە رەنگ و ھێڵ و بۆشایی لەلایەک و دەرککردن بە فکر لە کارەکاندا، گەیشتن بەم ئاقارەش کارێکی دولایەنەیە کە ھەمـھونەرمەند لە بەخشینی بەرھەمەکەیدا دەبێ رەچاوی بکات ، ھەم بینەر دەبێ ژیر بێت بۆئەوەی ئەو رێگایانە بدۆزێتەوە کە دەیگەیەنێت بە خواستە جوانبینی و فکرییەکانی لە کارێکی ھونەریدا. ئەوەی ھونەرمەنش قەرەنی جەمیل بناسێت و لە مێژووی کارکردنی ھونەریی ئاگاداربێت دەزانێت ئاستی کارەکانی لەکوێدایە، ئەوەش دەزانێ کە تابلۆدرووست ناکات بۆ کەسانێک کە خواستی تێفکرین و مەعریفەی بینینیان کزە، چونکە ھەموومان دەزانین ئەو ئەگەر بیەوێ دەتوانێتتابلۆی واقیعی و ئەکادیمی بەحتمان بۆ دروست بکات بەڵام دەبێ ئەوە تێبگەین کە ئەو وێنە دەکێشێ بۆ خۆی نەک بۆ رازیکردنی بینەرەکانی ، جا ئیشکالیەتی ھەندێ لە بینەر و تێروانینی فکرییان ئەو پرسیارەیان بۆدێنێتە پێشەوە لە دەبێ ھونەرمەند پەیامی ھەبێ ، یان بتوانێ بینەر تێبگەیەنێ لە پەیامەکەی ، کە بە بڕوای من بینەرێک زیندوو بیر بکاتەوە پێویستی بەو تێگەیاندنە نیە بەڵکو مەعریفەی خۆی بەسە بۆ چێژ و تێگەیشتن و ئیدراک لە لاری ھونەری شێوەکاری .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار