ناوچەی ٥١ی ئەمریکا لەنێوان ئەفسانەو راستیدا

2019-07-18 14:54:05



کاکەلاو عەبدوڵا

بۆ ماوەی چەندین ساڵە ناوچەی ٥١ بووەتە جێی گومان و چەندین دەنگۆی لەسەر بڵاوبوەتەوە کە شوێنی بونەوەری ئاسمانی بێت، پێشتر حکومەتی ئەمریکا بەردەوام بە هاوڵاتیانی دەوت کە ناوچەکە بونی نییە و هیچ جۆرە بایەخدانێکی نییە بۆ بونەوەری ئاسمانی بەڵام لەم جەند ساڵەی دواییدا هەڵویستی گۆڕا و بەناچاری دانی پێدانا.

ساڵی ٢٠١٧ پێنتاگۆن بە فەرمی دانی بەوەدانا کە ٢٢ ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ پرۆگرامێکی حکومی بۆ کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە «هەڕەشەی نائاسایی بۆشایی ئاسمان.» بەپێی ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆست، پرۆگرامی لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەی فرۆکەی پیشکەوتوو نمونەیەکی دەگمەنی لێکۆڵینەوەی بەردەوامی حکومەت بووە لە  دیاردەی بونەوەری ئاسمانی کە جێی سەرنجی چەندین پرس و پشکنین بووە لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠کاندا.

ناوچەی ٥١ ناوچەیەکی بەرفراوانی بیابانییە و کەوتوەتە نیوان دوو بەرزاییەوە، کە وای لێدەکات شوێنێکی داخراو بێت، لە دەرەوەی شاری لاس ڤێگاسی سەر بە ویلایەتی نیڤادا. ناوچەکە دەکەوێتە ناوچەی تاقیکردنەوە و ڕاهێنانی نیڤادا کە ڕووبەرەکەی  ١٢،٠٠٠ کم چوارگۆشەیە. ناوچەکە شوێنی هێزی ئاسمانی ئەمریکایە و چەندین تاقیکردنەوەی چەکی پێشکەوتووی تێدا ئەنجامدراوە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو. لەگەڵ ئەمانەدا چەندین دەنگۆ هەیە کە باس لەوە دەکەن ناوچەکە شوێنی بونەوەری ئاسمانی و تاقیکردنەوە بێت لە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو. ناوچەکە لەژێر ڕێوشوێنیکی ئەمنی توندا پارێزراوە و هیچ کەسێک بۆی نییە بچێتە ناوەوە.

ئانی جەیکبسن نوسەری کتێبی (ناوچەی ٥١: مێژوویەکی بێ چاودێر) دەربارەی ناوچەکە دەڵێت: «ناوچەی ٥١ لەکاتی جەنگی ساردا تاکە دامەزراوەی گرنگ بوو کە دروستکرا بۆ پەرەپێدانی خێراکردنی زانست، خێراتر لە یەکێتی سۆڤییەت.»

جەیکبسن تەنها سەری لە شتێک سوورماوە ئەویش ئەوەیە تەنانەت لەسەردەمی گووگڵ و ویکیلیکسدا، ئەو «هیچ زانیاریەکی دزەپێکراوی نەبینیوە یاخود دەست نەکەوتووە دەربارەی ناوچەی ٥١ وەک ئەوەی کە ناوچەکە لە دۆخێکی داخراو و شاراوەدا بێت.»

بەپێی وتەی جەیکبسن ناوچەی ٥١ ژیرزەمینی تێدایە بۆ دوورخستنەوەی چاودێریکردنی ئاژانسە هەواڵگرییەکان و تەنانەت لە سەردەمی مانگی دەستکردا ناوچەکە بە نهێنی ماوەتەوە. دەوترێت ناوچەکە ژێرزەمینی گەورەی تێدایە بەقوڵایی چەند کیلۆمەترێک و چەندین تاقیگەی تێدایە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەندین بابەتی جیاجیا.

ساڵی ١٩٥٥ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، دوایت ئایزنهاوەر، پارچە زەویەکی فەرامۆشکراوی خستە سەر ناوچەی تاقیکردنەوەی نیڤادا کە دواتر بە ناوچەی ٥١ ناسرا بەهۆی ناونانی لە نەخشەدا بە ٥١ لەپاڵ چەندین ناوچەی تردا کە ژمارەی تریان بۆ داندرا. ناوچەکە چەندین ناوی تری هەیە لەوانە  گروم لەیک، هۆمی ئێرپۆرت، دریملاند، پارادایس رانچ. بەپێی بەڵگەنامەیەکی سی ئای ئەی ئەم شوێنە بەکاردەهێنرێت بۆ تاقیکردنەوەی کەولوپەلی سەربازی پێشکەوتوو وەکو فرۆکەی بەرزەفڕی هەواڵگری یو-٢.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ناوچەکەدا جۆرەها فڕۆکەی پێشکەوتوو بەنهێنی تاقیکراونەتەوە وەکو فرۆکەی ئەی-١٢ کە فرۆکەیەکی سیخوڕییە و خێراییەکی زیاترە لە خێرایی دەنگ و هەروەها فرۆکەی جەنگی ئێف-١١٧.

بەڵام ناوچەی ٥١ بەخێرایی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەناوبانگ بوو بەهۆی دەنگۆکانی لەسەر ژیانی بونەوەری ئاسمانی و تەکنەلۆجیای نهێنی پێشکەوتوو. دانپێدانانی حکومەت بە ڕاستییەکەدا کە پێشتر نکۆڵی لێدەکرد ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە دەنگۆکان سەبارەت بەم ناوچە نهێنییە نزیک بن لە ڕاستییەوە.

خانەنشینێک کە لە ناوچەی ٥١ کاری کردووە بەناوی سۆرنتۆن بارنس دەربارەی کارەکانی لە ناوچەکە دەلێت، «هەموو شتێک بە ڕێکخراوەیی بوو، تەنها چەند کارمەندێکی کەم بۆیان هەبوو بە هەمیشەیی لەوێ بمێننەوە، ئەوانی تر هەموو ڕۆژێک بە فرۆکە دەگوازرانەوە بۆ لاس ڤێگاس.»

بارنس دەشڵێت، «زۆرکات لەدووری خێزانەکانمان بووین لە دووشەممەوە بۆ پێنجشەممە و نەماندەتوانی هیچیان پێ بڵێین و چی دەکەین و کارمان چییە. تەنانەت ئێستاش کە خانەنشینین پرسیار لەیەکتر ناکەین دەربارەی کارەکانمان جگە لەوەی ئەگەر بزانین ئەو کارە لەلایەن حکومەتەوە ئاشکرا کراوە.»

ڕەنگە گەورەترین دەنگۆ کە زۆرترین ناوبانگی دەرکرد ئەوە بێت کە ناوچەی ٥١ شوێنێکە حکومەت بونەوەری ئاسمانی تێدا داناوە لەگەڵ ئەو دەفرە فڕیوەی کە کەوتە خوارەوە بۆ سەر زەوی و لەلایەن جوتیارێک بەناوی ویلیام برازیل دۆزرایەوە. برازیل تووڵی پۆڵاین و پارچەی پلاستیکی و سکرابی سیلڤەری دۆزییەوە لە شارۆچکەی رۆزویڵی سەر بە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ لەساڵی ١٩٤٧. دواتر پۆلیسی ئاگادارکردەوە و پاشان سوپا هاتە شوێنی ڕووداوەکە و هەموو پاشماوەکانی فڕۆکەکەی برد. نهێنییەکە بڵاوبویەوە بووە جێی سەرنجی خەڵکی ئەمریکا.

بەپێی دەنگۆکە، دواتر حکومەتی ئەمریکی لێکۆڵینەوەی وردی لە بونەوەرەکان کردوە و تەکنەلۆجیای فرۆکەکەیانی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی فرۆکەی پێشکەوتووی بۆشایی ئاسمان بڕ و بەرهەمهێنانی چەکی بەهێز.

جگە لەمەش دەوترێت زاناکانی ناوچەی ٥١ تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بەکاردەهێنن بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستکاریکردنی کەشوهەوا، پەرەپێدانی گەشتکردن بە کاتدا و پەرەپێدان و دروستکردنی  چەکی زۆر پیشکەوتوو وەکو بۆمبی هایدرۆجینی.

بۆ ماوەی چەند ساڵێک خەڵکی نزیک ناوچەکە هەواڵی ئەوەیان دەدا کە ڕووناکی سەیریان بینیوە لە بیابانەکەدا کە دەوترێت فرۆکەی بونەوەری ئاسمانی بووە هاتوەتە خوارەوە یاخود لە دامەزراوەکەدا تاقیکراونەتەوە.

تەنانەت دەوترێت کە یەکەم گەشتی ئاسمانی لەساڵی ١٩٦٩ ڕاست نییە و هەموو ئەو وێنانە هی ناوچەی ٥١ن کە نەیل ئارمسترۆنگ، کەشتیوانی کەشتییە ئاسمانییەکەی ناسا لەسەر مانگ ئاڵای ئەمریکا دەچەقێنێت. هەرچەندە ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە بەڵام زۆربەی خەڵک بروایان پێیەتی.

ساڵی ١٩٩٥ کەسێک بەناوی رەی ستانتیلی ڤیدۆیەکی بڵاوکردەوە کە توێکاری لاشەی بونەوەرێکی ئاسمانی پیشان دەدا دوای ڕووداوەکەی شارۆچکەی رۆزویڵ، هەرچەندە دوای چەند ساڵێک دانی بەوەدانا کە ڤیدۆیەکەی ساختە بووە.

ئەو دەنگۆیانەی کە تایبەتن بە بونەوری ئاسمانییەوە هەندێکیان ڕوونکردنەوەیان بۆ دراوە لەلایەن حکومەتەوە هەندێکی تریش بەدرۆخراونەتەوە.

بەپێی بەیاننامەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، ئەو پاشماوەیەی برازیل دۆزییەوە لە کێلگەکەیدا لە ڕۆزویڵ بەشێک بوو لە ئۆپەراسیۆنی نهێنی حکومەت. لە ڕاپۆرتێکی ٢٣١ لاپەڕەیدا و دوای ٥٠ ساڵ لە روودانی رووداوەکە، هێزی ئاسمانی ڕایگەیاند کە باڵۆنی بەرز فری بەکارهێناوە بۆ ئاشکراکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی یەکێتی سۆڤیەت. هەندێک کاربەدەستانی تر دەڵێن پاشماوەکە هی فرۆکەیەکی بۆمبهاوێژی ئەتۆمی بووە کە لە ڕۆزویڵ تێکشکاوە. دوای هەموو شتێک، رۆزویڵ شوێنی یەکەی ٥٠٩ی هێزی ئەمریکی بوو کە ئەو هێزە بەرپرس بوون لە بۆمبارانکردنی هێرۆشیما و ناگازاکی لەساڵی ١٩٤٥.

یەکێک لەو کەسانەی کە شایەتحاڵی رووداوەکەی ڕۆزویڵ بووە لەسڵی ١٩٩٥ بۆ واشنتۆن پۆست دەدوێت: «ئێمە بروامان وایە شتێکی گەورە ڕوویدا لە ڕۆزویڵ، نازانین ئاخۆ فڕۆکەیەک بوبێت کە چەکی ئەتۆمی هەڵگرتبێت یاخود شتی تاقیکاری تر بێت بەڵام هەموو ئەوەی بینیومانە تا ئیستا ئاماژە بەوە دەکات کە هێزی ئاسمانی هەوڵ دەدات ڕووداوەکە بە ئاراستەیەکی تردا ببات.»

کریس مێلۆن،جێگرێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری بۆ هەواڵگری کە پێشتر کاری بۆ پرۆگرامی لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەی فرۆکەی پیشکەوتوو کردووە،  ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵەرەکانی پرۆگرامەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ فرۆکەوانانی ناوچەی ٥١ سازداوە کە وتویانە شتی سەیر و سەمەرەیان بینیوە لە ئاسماندا.

میلۆن باسی ڤیدیۆیەک دەکات کە ڕووبەڕووبونەوەی فرۆکەیەکی ئێف-١٨ و تەنێکی نەناسراوی سەیرە و دەڵێت: «سپییەو شێوەیەکی لاکێشەی درێژکۆلەی هەیە و نزیکەی ٤٠ پێ بەرزە و ١٢ پێ ئەستوورە... فرۆکەوانەکان سەریان دەسوڕمێت کاتێک تەنەکە لەپڕێکدا ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و بەرەو فرۆکەکە دەچێت. لە زنجیرەیەک مانۆری وریایانەدا کە دژی یاساکانی فیزیایە، تەنەکە دەچێتە پشت فرۆکە ئیف-١٨کە و فرۆکەوانەکان   ڕووبەڕووی تەکنەلۆجیایەک دەبنەوە کە پێشتر نەیانبینیوە.»

لەکۆتایدا پڕۆگرامی لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەی فرۆکەی پێشکەوتوو راپۆرتێکی بەرهەمهێنا بە قەبارەی ٤٨٠ لاپەڕە تێیدا باسی بینینی بونەوەری ئاسامنی دەکات چەند جارێک لە ئەمریکا و دەرەوی ئەمریکا.

هەرچەندە بەپێی وتەی بیڵ سویتمان، سەرنوسەری گۆڤاری ئەڤیەشن ویک ئەمانە هەموو دەنگۆی ساختە و دروستکراون بۆ شاردنەوەی نهێنی راستەقینەی ناوچەی ٥١. سویتمان دەڵێت: «بەدڵنیاییەوە کەمپینی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست بە ئەنقەست بوونی هەبوو دەربارەی بوونی بونەوەری ئاسمانی بۆ دروستکردنی هەڵا لە ساڵانی ١٩٥٠کان و ١٩٦٠کان بۆ ئەوەی فڕۆکە نهێنیەکان هەواڵیان بڵاو نەبێتەوە و بەنهێنی بمێننەوە پاشان لەساڵانی ١٩٧٠کان و ١٩٨٠کان هەمان شت کرایەوە و ناوچەی ٥١ پەیوەستکرا بە بونەوەری ئاسمانی لەڕێگەی بەڵگەی ساختە و شایەتحاڵ کە گوایە تەن یان جەستە بینراوە.»

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەڵمەتێک دروست بووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بۆ هەڵکوتانە سەر ناوچەی ٥١ بۆ دۆزینەوە و هەڵدانەوەی راستییەکان کە تا ئیستا دوو ملیۆن کەس ئارەزوی  خۆیان  دەربڕیوە بۆ چوونیان بۆ بۆنەکە.

لەدوای ئەم هەڵمەتەوە حکومەتی ئەمریکا  وەڵامی ئەم هەڵکوتانەی داوەتەوە و وتەبێژێکی حکومەت دەڵێت: «ناوچەی ٥١ ناوچەیەکی کراوەی هێزی ئاسمانییە بۆ ڕاهێنان و ئێمە بە هەموو ئەوانە رادەگەیەنین هەوڵی ئەو کارە نەدەن و نزیکی ناوچەکە نەکەونەوە کە تێیدا ڕاهێنان بە هێزەکانمان دەکەین، هێزی ئاسمانی ئەمریکی هەمیشە لە ئامادەباشیدایە بۆ پارێزگاریکردن لە ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار