‌پژاک: کۆتایى به‌ هێڵى خه‌یانه‌ت و داگیرکارى له‌ کوردستان ده‌هێنین

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتى
پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک) پاش رووداوه‌که‌ى کونه‌ماسى که‌ تێیدا (ئاریوان شۆڕشگێر) شه‌هید کراو چه‌ند گه‌ریلایه‌ک و هاوڵاتیی مه‌ده‌نى برینداربوون ئه‌وه‌ دووپاتده‌که‌نه‌وه‌ که‌" کۆتایى به‌ هێڵى خه‌یانه‌ت و داگیرکارى له‌ کوردستان ده‌هێنین".

پارتى ژیانى ئازادى کوردستان(پژاک) له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا که‌ ئه‌مڕۆ بڵاویانکردووه‌ته‌وه‌ داوا ده‌که‌ن به‌ مه‌به‌ستى خاوه‌نداریه‌تى له‌ هێڵى به‌رخۆدان و ده‌ستکه‌وته‌کانى گه‌له‌که‌مان به‌رپرسیارانه‌ هه‌ڵس‌وکه‌وت بکه‌ن و پێش له‌ پاکتاوکارى و له‌ناوبردنى گه‌لى کورد بگرن. هه‌روه‌ها "بانگ ده‌که‌ین له‌ لاوانى وڵاتپارێز و تێکۆ‌شه‌رى شارى بۆکان درێژه‌ پێده‌رى رێگاى ئاریوانه‌کان بن و به‌ هه‌ڵگرتنى چه‌کى شه‌هید خاوه‌ندارى لى رێگاى به‌رزى شه‌هیدان بکه‌ن".

ده‌قى به‌یاننامه‌ى پژاک تایبه‌ت به‌ رووداوه‌که‌ى کونه‌ماسى:
هه‌ر وه‌ک ده‌زانن له‌ نیوه‌ى ئه‌و مانگه‌وه‌ هێرشێکى به‌رفراوان ده‌کرێته‌ سه‌ر ته‌ڤگه‌رى ئاپۆیى و هه‌موو هه‌رێمه‌کانى ته‌نیوه‌ته‌وه‌. "ئه‌و هێرشانه‌ هیچ سنوورێکى جوگرافیایی، سیاسى و ئه‌خلاقى ناناسێ و به‌گشتى ناسنامه‌ و هه‌بوونى کوردى ئازاد به‌ ئامانج ده‌گرێ، له‌ هه‌موو بوارێکه‌وه‌ ئاسانکارى بۆ پێکهێنانى ئه‌م هێرشانه‌ کراوه‌ و ده‌رفه‌تى پێدراوه‌. ته‌با بوونى لایه‌نه‌کانى خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندى له‌و کۆنسێپته‌دا گومانى تێدا نییه‌".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ روو که‌ له‌ سه‌ده‌ى بیست‌ویه‌که‌م که‌ ناسنامه‌ى کوردى ئازاد له‌ قۆناغى به‌جیهانی بووندایه‌ و پرۆژه‌ى به‌یه‌که‌وه‌ ژیانى گه‌لان، پێشکه‌ش‌کراو له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ى ئازادیخوازى گه‌لى کورد، واته‌ ته‌ڤگه‌رى ئاپۆیی؛ وه‌ک مۆدێلى سه‌رکه‌وتوو مۆرکى خۆى له‌و سه‌رده‌مه‌ داوه‌، کۆنسێپتیکى به‌رفراوان به‌ مه‌به‌ستى له‌ناوبردنى له‌گه‌ڕدایه‌.
هاوکات باسى ئه‌وه‌شى کردووه‌ که‌  ناوه‌رۆکى پیلانه‌که‌ هه‌مان سیاسه‌تى کۆنى داگیرکارى ” ئاژاوه‌ بنێوه‌ و به‌ڕێوه‌یبه‌ره‌” یه‌ که‌ له‌ درێژایى سه‌ده‌کانى نۆزده‌ و بیستدا بوو به‌ هۆى پارچه‌ پارچه‌ کردنى کوردستان و هه‌رێمه‌که‌.
 هه‌ر مۆدێلێکى هه‌رێمى یا خود هه‌ر رێکار و رێگه‌چاره‌یه‌ک که‌ هه‌ڵقوڵاوى ئه‌ندێشه‌ى هه‌رێمه‌که‌ بێت، وه‌ک خۆڕاگرى و به‌رخۆدان له‌ به‌رامبه‌ر داگیرکارى چه‌ندباره‌ى هه‌رێمه‌که‌ ده‌بیندرێ و بڕیارى له‌ناوبردنى ده‌ده‌ن.
ئه‌و کۆنسێپته‌ بوارى جیاوازى نیزامی، سیاسی، فه‌رهه‌نگى و کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه‌ و دوایین ئامانجی، پاکتاوکارى فه‌رهه‌نگى کوردانه‌. بزووتنه‌وه‌ى ئازادیخوازى گه‌لى کورد که‌ بونیادنه‌ر و په‌ره‌پێده‌رى فه‌رهه‌نگى به‌رخۆدانه‌ له‌هه‌ر چوارپارچه‌ى کوردستان، له‌ پانتایى و به‌رینایى خاکى کوردستاندا ده‌کرێته‌ ئامانج. بزاڤى ئاپۆیى سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى ته‌کنۆڵۆژیا و چه‌کى پێشکه‌وتووى دوژمنان و هاوکارى مادى دامه‌زراوه‌کانى ئابوورى جیهانی، سه‌رفیرازانه‌ خۆڕاگرى ده‌کا و زه‌برى کوشنده‌ له‌ دوژمن ده‌دات. گه‌ریلاى سه‌ده‌ى بیست‌ویه‌ک هێماى داهێنانه‌ و سه‌رکه‌وتن و ناکام هێشتنه‌وه‌ى داگیرکه‌رانه‌. به‌ڵام ده‌ستى خه‌یانه‌ت، خۆفرۆشى و نامه‌ردى لاوازییه‌کانى دوژمنان داده‌پۆشى و ئاشى هاڕێنى کورد به‌ خوێنى رۆڵه‌ى کورد ده‌گه‌ڕێنێ. بۆ ڕاوه‌ستاندنى ئه‌و کۆنسێپته‌ پێویستى به‌ هه‌ڵوێستى خێرا و به‌کاریگه‌رى هه‌موو گه‌له‌که‌مان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌هه‌مبه‌ر خه‌تى خه‌یانه‌ت و خۆفرۆشى و ده‌سکیسى داگیرکه‌ران. بێ بنه‌بڕکردنى خه‌یانه‌ت سه‌رکه‌وتن  له‌ کوردستاندا مسۆگه‌ر نابێت.

هه‌روه‌ک له‌ لێدوانى رابردوومان له‌سه‌ر هێرشه‌که‌ى کونه‌ماسى باسمان کردبوو، هه‌ڤاڵێکمان شه‌هید بوو و سێ هه‌ڤاڵێ دیکه‌شمان بریندار که‌وتن. له‌م هێرشه‌شدا کۆمه‌ڵێ هاووڵاتى باشوورى کوردستانیش بریندار و شه‌هید بوون. ئه‌و هێرشه‌ که‌ له‌ لایه‌ن فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیاوه‌ پێک‌هات ده‌رئه‌نجامى هه‌وڵ و ته‌قلاى خه‌تى خه‌یانه‌ت و به‌کرێگیراوى بوو و به‌ هاوکارى که‌سانى خۆفرۆش روویدا. بۆیه‌ش له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و ئاکاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌، سه‌ره‌تا بانگه‌وازى له‌ هه‌موو لایه‌ن و پارته‌کانى باشوورى کوردستان ده‌که‌ین که‌ بۆ له‌ناوبردنى نه‌خۆشى خیانه‌ت و به‌کرێگیراوى هه‌موو هه‌وڵدانى خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ر و بێده‌نگ و بێ‌هه‌ڵوێست نه‌مێنن. هه‌رجۆره‌ بێده‌نگى خزمه‌تى خه‌یانه‌ت و داگیرکارى ده‌کات. پارتى ژیانى ئازادى کوردستان له‌ هیچ لایه‌ن و پارتێکى سیاسى ره‌وشت و ئاکارى وه‌ها په‌سه‌ند ناکات و ئاسته‌نگى سازکردن له‌ هه‌مبه‌ر خه‌باتى پارچه‌کانى دیکه‌ شه‌رمه‌زار ده‌کات. ئه‌و جۆره‌ ره‌فتاره‌ بێ‌پێوانه‌ وه‌ک به‌فیڕۆدانى ده‌ستکه‌وته‌کانى گه‌لى کورد له‌ پارچه‌کانى دیکه‌ ده‌زانێ و داواى کۆتایى پێهێنانى هه‌یه‌.
وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا، له‌و ‌هێروشه‌دا هه‌ڤاڵێکمان به‌ ناوى “ئاریوان شۆڕشگێر” خه‌ڵکى شارى بۆکان گه‌یشته‌ پله‌ى به‌رزى شه‌هاده‌ت. به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى خۆمان ئاراسته‌ى بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزیان و هه‌موو هه‌ڤاڵان و دۆستانى و خه‌ڵکى شارى بۆکان و هه‌موو گه‌له‌که‌مان ده‌که‌ین و به‌ڵێنى درێژه‌پێدانى رێبازى هه‌ڤاڵ ئاریوان و هه‌موو شه‌هیدانى رێگاى ئازادى کوردستان هه‌تا گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانمان دووباره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌.

هه‌ڤاڵ ئاریوان لاوێکى خوێنگه‌رم و خاوه‌ن هه‌ستى به‌رزى وڵاتپارێزى و خه‌ڵک دۆست بوو که‌ به‌ تێگه‌یشتن له‌ داگیرکارییه‌کانى کۆمارى ئیسلامى و دۆخى ناله‌بارى کۆمه‌لگا و خوێندنه‌وه‌یه‌کى راست له‌ پرسى کورد، رێگه‌ى چیا سه‌رکه‌شه‌کانى کوردستانى به‌ ئامانجى درێژه‌دان به‌ خه‌بات له‌سه‌ر رێچکه‌ى شه‌هیدانى پێشه‌نگ وه‌ک عاکیف مامۆ زاگرۆس، دلێر بۆکان و دڵگه‌ش و ئاراس گرته‌به‌ر.

بڕیاردارى هه‌ڤاڵ ئاریوان له‌ خه‌باتدا بوو به‌ هۆى گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنى له‌ ماوه‌یه‌کى کورتدا و به‌ردى بنه‌ماى کادربوون و پێشه‌نگایه‌تى شۆڕشگێرانه‌ى به‌ پته‌وى دانا. دڵسۆزانه‌ و خۆنه‌ویست شانیدا به‌ر خه‌بات و به‌ نه‌زم و رێک‌وپێکى له‌ کاردا ده‌ناسرا. به‌ دڵنزمى و لێهاتوویى له‌ ناو هه‌ڤاڵاندا خۆشه‌ویست بوو. یادى به‌رز بێت و رێگاى پر رێبوار.

له‌ کۆتاییدا جارێکى دیکه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى خۆمان بۆ بنه‌ماڵه‌ى به‌رێزیان و هه‌روه‌ها خه‌لکى خۆراگرى بۆکان ده‌رده‌بڕین و له‌ هه‌موو گه‌له‌که‌مان له‌ هه‌رچوارپارچه‌ى کوردستان به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵات و باشوور ده‌خوازین که‌ به‌ مه‌به‌ستى خاوه‌نداریه‌تى له‌ هێڵى به‌رخۆدان و ده‌ستکه‌وته‌کانى گه‌له‌که‌مان به‌رپرسیارانه‌ هه‌ڵس‌وکه‌وت بکه‌ن و پێش له‌ پاکتاوکارى و له‌ناوبردنى گه‌لى کورد بگرن. هه‌روه‌ها بانگ ده‌که‌ین له‌ لاوانى وڵاتپارێز و تێکۆ‌شه‌رى شارى بۆکان درێژه‌ پێده‌رى رێگاى ئاریوانه‌کان بن و به‌ هه‌ڵگرتنى چه‌کى شه‌هید خاوه‌ندارى لى رێگاى به‌رزى شه‌هیدان بکه‌ن. خاوه‌ندارى له‌ شه‌هیدان و نرخ و به‌هاکانمان و تێکۆشان له‌ دژى خه‌یانه‌ت ئه‌رکى هه‌موومانه‌.

ناسنامه‌ى شه‌هید

ناو و پاشناو: رێبوار قولیزاده‌

ناوى رێکخستنی: ئاریوان شۆڕشگێر

له‌دایکبووی: شارى بۆکان

شه‌هاده‌ت: ٢٥/٦/٢٠٢٠ شارباژێر باشوورى کوردستان

پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک)

2020/6/29

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار