چەکدانانی پەکەکە پڕۆسەی چارەسەریی و پرسی متمانە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی هاوڵاتی
ڕێکەوتی ١٢/٧/٢٠٢٥ لە ڕووداوێکی گرنگدا لە بەرچاوی دنیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا وەکو هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی کرداریی بۆ پڕۆسەی چارەسەریی "ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" چەکدانانی ٣٠ گەریللای پەکەکە و سووتاندنی چەکەکانیان، ئەنجام درا.
ئەم ڕووداوە، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ژیانی سیاسیی، حزبێکی سیاسیی و چەکداریی تەمەن زیاتر لە چوار دەیەی وەکو پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە و تەواوی کۆمەڵگای کوردستانی تورکیا لەلایەک و سەرجەم دەزگا دەوڵەتییەکانی تورکیا و کۆمەڵگای تورکییاش لەلایەکی تر. هەڵبەت ئەو وەرچەرخانە ڕەهەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی هەیە و بابەتی زۆرینەی میدیا جیهانییەکان بوو.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٢٧ ی شوباتی ٢٠٢٥، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ پڕۆسەی چارەسەریی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ی ڕاگەیاند، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو. هەروەها لە دواهەمین پەیامیدا لە ڕێکەوتی ١٩/٧/٢٠٢٥ دوای ٢٦ ساڵ لە زیندانییکردنی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و جەختی کردەوە لە هەمان بانگەوازی پێشووتری.
پەکەکە، لە دواهەمین کۆنگرەی خۆیدا لەسەر رێنماییەکانی ڕێبەرەکەیان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەیاندا، قۆناغ بە قۆناغ بەپێی چوونە پێشەوەی پڕۆسەی چارەسەریی.
بە شێوەیەکی سیمبولیک و بۆ پیشاندانی نیازپاکیی و پابەند بوون بە هەنگاوەکانی پڕۆسەی چارەسەریی، چەکدانانی ٣٠ گەریللا کە یەکێک لەوان، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە بوو، ئەنجامدرا.
ڕووداوەکە، لێدوانی بەرپرسانی باڵای هەرێم، تورکیا و عێراقیشی بەدواداهات و تێکڕا پێشوازییان کرد لەو هەنگاوە ئەرێنییە بۆ چوونە پێشەوەی پڕۆسەی چارەسەریی و بونیادنانی ئاشتیی.
بەشێک لە چاودێران، سەرباری تێڕوانینی ئەرێنییان بۆ پڕۆسەکە بە گشتیی و بە گرنگ زانینی ئەم هەنگاوەش بۆ جێبەجێکردنی کرداریانە، بەڵام نیگەرانیی و کەم متمانەیی خۆیان لە ئاستی دەوڵەتی تورکیا نەشاردەوە. بەو پێیەی هیچ ڕێکەوتنێکی نووسراو و دۆکیومێنتێکی واژۆکراوی دوو لایەنە لە ئارادا نییە کە ببێتە گەرەنتییەکی فەرمی بۆ ئەو کەسانەی چەک دادەنێن و دەیانەوێت بگەڕینەوە تورکیا.
بابزانین ئەو بێێمتمانەییە لە چییەوە دێت؟
بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری ئەو بێمتمانەییە، فلاش باکێکی مێژوویی دەکەین، کاتێک بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا بانگهێشتی سەید ڕەزای دێرسیم دەکەن بۆ گفتوگۆ بچێت بۆ ئەرزنجان. لە ڕێگا دەیدەن بەسەریاندا و دەستگیریان دەکەن و دواتر لە سێدارەیان دەدەن.
هەروەها هەر لە ئەزموونی پەکەکە خۆیدا، چەندین جار ئاگربەست و چەکدانان بە ئەنجامی خراپ کەوتووەتەوە.
ئێستا چەند ئەزموونێکی پێشووتری ئاگربەست و چەکدانانی چەند گروپێکی پەکەکەتان بیردەهێنینەوە:
یەکەم: لە دوای دەستگیرکردنی ئۆجالان لە ڕێکەوتی ٩ ی شوباتی ١٩٩٩ بە پلانێکی سیخوڕیی نێودەوڵەتی، بە شەش مانگ و نیو و چەند ڕۆژێک زیاتر، ئۆجالان ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند. لە ٢٢ ی ئەیلولی ١٩٩٩ داوای لە پەکەکە کرد بە دوو گروپی جیا، چەکدادان و نیازپاکیی خۆیان و ویستیان بۆ ئاشتی پیشان بدەن.
بۆ وەڵامدانەوە بە داواکاریی ڕێبەرەکەیان، دوو گروپ لە دوو کاتی جیادا گەڕانەوە بۆ تورکیا.
گروپێک کە لە هەشت گەریللا پێکهاتبوون لە ١ ی تشرینی ١٩٩٩ لە قەندیلەوە بەرەوە توکیا ڕۆیشتن.
گروپەکەی تر کە بە هەمانشێوە لە هەشت کەس پپێکهاتبوون لە ٢٩ ی تشرینی هەمان ساڵ لە ڤییەننای پایتەختی نەمساوە بە فڕۆکە گەڕانەوە بۆ تورکیا. هەردوو گروپەکە بە ناوی گروپی ئاشتییەوە بوون، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەردوو گروپەکەی خستنە زیندانەوە و دواتر داداگایی کردن و سزای قورسی بەسەردا سەپاندن.
دووەم: دوای ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ ، لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا، گروپێک لە گەریللاو ئەندامانی پەکەکە، کە لە ٣٤ کەس پێکهاتبوون و تەنانەت ٤ یان منداڵ بوون، بە ناوی گروپی ئاشتیی و چارەسەری دیموکراتیک، لە قەندیل و کەمپی مەخموورەوە، کەوتنەڕێ و لە خاڵی سنووریی خاپورەوە خۆیان ڕادەستی تورکیا کردەوە.
دەوڵەتی تورکیا بە هەمانشێوەی پێشووتر، سەرجەم ئەندامانی گروپەکەی بە منداڵەکانیشەوە دەستگیر کرد و سزای قورسیی بەسەردا سەپاندن.
هەروەها با دوو نموونەتان لە لێدوانەکان پێ بڵیین کە وەکو هۆکاری دیکەی بێمتمانەیی دەبینرێن:
لێدوانی یەکەم، لێدوانی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکەیە، کە دەڵێت: پێویستە دەوڵەتی تورکیا مافی ئەوەمان پێبدات کە بتوانین بگەڕێینەوە بۆ تورکیا و گەرەنیی یاساییمان هەبێت و بەشداری بکەین لە سیاسەتی دیموکراسییدا.
لێدوانی دووەم، لێدوانی سزای تەمەللی، هاوسەرۆکی دەم پارتییە، کە دەڵێت: پێویستە دەوڵەت دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" بگۆڕێت بۆ پڕۆسەی چارەسەریی و مافی بەشدارییکردنی ئەوانەی چەکدادەنێن و دەگەڕێنەوە، لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بپارێزێت. ئەی بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی پرسی متمانەوە لە پڕۆسەی چارەسەرییدا؟
