سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا داواى ئازادکردنى ئۆجەلان دەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی خولی 22ی پەرلەمانی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک ئەوەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ئاماژەی پێ دابوو دەبێت کار بە پێدانی مافی هیوا بکرێت و دەڵێت: "نابێت بیر لەوە بکەینەوە کێ لەوە سوودمەند دەبێت، 10 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا تێپەڕیووە".
بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیازەکانیان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، لیژنەی هەماهەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی بۆ حەوتەمین جار کۆبووەوە و میوانداریی سەرۆکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیای کرد.
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا گوتی، بە دڵنیاییەوە پێویستە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا جێبەجێبکرێت، چونکە 10 ساڵی تەواوە دادگای ئەوروپا ئەو بڕیارەی داوە و جێبەجێنەکراوە.
لە ئازاری 2014 دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە تورکیا کرد، رێکخستنەوەی یاسایی ئەنجامبدات و مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە بدات. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش لە سەرەتای بانگەوازەکانی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، داوای کرد ئۆجەلان، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و سوود لە مافی هیوا وەربگرێت.
ئارنچ داواشی کرد، وڵاتەکەی بڕیارەکانی دیکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیا جێبەجێبکات.
لە حاڵەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەدا، پێویستە هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە ئازادبکرێن.
ئارنچ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لیژنە پەرلەمانییەکە هاوشێوەی هەنگاوەکەی باخچەلی، هەنگاوی بوێرانە بنێت و پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەى ژمارەیەک یاسا بکات.
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان گوتیشی، لێبوردنی گشتیی هەنگاوێکی پێویستە و تورکیا پێویستی بەوەیە، دەستوورێکی ئازادیخوازانە دابنێت.
ئارنچ باسی لە سەردەمی سیاسەتکردنی لەگەڵ لەیلا زانا، خەتیب دیجلە و ئۆرهان دۆغان کرد و گوتیشی، پێویستە ئەو سیاسییانەی روویان لە دەرەوەی تورکیا کردووە، بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هیکمەت چەتین (1997-1999)، عومەر ئیزگی (2000-2002)، بولەنت ئارنچ (2002-2007)، کۆکسال تۆپتان (2007-2009)، مەهمەت عەلی شاهین (2009-2011)، جەمیل چیچەک (2011-2015)، ئیسمەت یەڵماز (1ـی تەمموزی 2015-17ی تشرینی دووەمی 2015)، ئیسماعیل کاهرەمان (2015-2018)، بینالی یڵدرم (2018-2019) و مستەفا شێنتۆپ (2019-2023) سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو.
هیکمەت چەتین ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا زەحمەتە لێبوردن بۆ ئەو گەریلایانە دەربچێت چەکیان بەکارهێناوە و گوتی: "نزیکەی 15-20 چەکداری پەکەکە دەتواندرێت ڕەوانەی وڵاتی سێیەم بۆ نمونە سوید، نەرویج، دانمارک و وڵاتانی باشووری ئەفریقا بکرێن".
عومەر ئیزگی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر پێویست بکات پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاساکان هەموار بکاتەو ە دەستور بگۆڕێت، بەڵام نابێت دەست بۆ سێ مادە نەگۆڕەکەی دەستوور و مادەی شەشی دەستور ببدرێت، دەڵێت: "دەکرێت مادەی 66ـی دەستوور بگۆڕێت کە دەڵێت هەر کەسێک لەسەر خاکی تورکیا بژی و هاوڵاتی تورکیا بێت، تورکە".
عومەر ئیزگی هاوکات باسی لەوەشکرد هەر گەریلایەک بەشداریی لە چالاکی چەکداریدا کردبێت لە بەرامبەر تورکیا دەبێت سزای ئەنجامدانی ئەم کارەی بدات.
بولەنت ئارنچ سوپاسی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپەی کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەی و پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیای بۆ دەستپێشخەرییەکە بە گرنگ زانی و ستایشی ڕۆڵی دەم پارتیشی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و نیشاندانی نیازپاکی خۆی و دەڵێت: "ئەگەر بەم بوێرییە زۆرەوە باخچەلی دەستپێشخەرییەکەی پێشکەش نەکردبووایە، ئێستا نەدەگەیشتینە ئەم قۆناغە".
بولەنت ئارنچ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد بە قسەی هەستبزوێن چارەسەر ناکرێت و هێشتا بەشێک لە سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتارانی کورد لە زینداندان و دەڵێت: "پێویستە زەمینە بۆ هاتنەوەی ئەو سیاسییە کوردانەیش خۆش بکرێت کە بە هۆی گوشارەکانەوە تورکیایان جێ هێشتووە".
