سێ سیناریۆ بۆ پێکهێنانی حکومه‌تى عێراق له‌ئارادایه
سه‌رکردایه‌تیى سیاسیى کورد زیاتر پێداگره به‌رانبه‌ر به‌غدا کەخۆی کاندیدە وهزارییەکان دیارى بکات
5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
سه‌رۆک کۆمارى عێراق گه‌ڕێکى دیکه‌ى دانوساندنى له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعییه‌کاندا ده‌ستپێکردۆته‌وه بۆ دیاریکردنى که‌سێک رایبسپێرێت بۆ کابینه‌ى نوێى عێراق ئه‌وه‌ش دواى شکسته‌که‌ى عه‌لاوى له‌پێکهێنانى حکومه‌تدا.
به‌پێى ده‌ستور به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ماوه‌ى (15) رۆژدا که‌سێکى دیکه ده‌ستنیشان ده‌کات و رایده‌سپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق و ئه‌و که‌سه‌ش ده‌بێت له‌ماوه‌ى ته‌نها (15) رۆژدا کابینه‌که‌ى پێکبهێنێت.
شه‌وى 1ى ئازار محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى راسپێردراوى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى عێراق دواى شکستهێنانى، داواى لێبوردنى کرد‌و رایگه‌یاند «به‌شێک له‌لایه‌نه سیاسییه‌کان که‌پێشتر ئیدعاى پێکهێنانى حکومه‌تێکى دوور لهحزبیان ده‌کرد، به‌ڵام له‌واقیعدا رێگریان له‌به‌رده‌م له‌دایکبوونى حکومه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ دروستکرد».
راوێژکارێکى سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌ڵێت:» سه‌رۆک کۆمارى عێراق گفتوگۆ‌و دانوسان له‌گه‌ڵ شیعه‌و سوننه‌و کوردیش‌دا ده‌کات».
سالار مه‌حمود، راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد به‌پێى مادده‌ى 76ى ده‌ستور له‌بڕگه‌ى سێیه‌می هه‌میشه‌یى عێراق جارێکى تر سه‌رۆک کۆمارى عێراق گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان بۆ ده‌ستنیشانکردنى که‌سێک ده‌ستپێکردووه‌ته‌وه، وتیشى:» سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ کورد‌و سوننه‌ش کۆبوونه‌وه ئه‌نجامده‌دات بۆ دیارىکردنى که‌سێک بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و له‌ئێستادا گفتوگۆى به‌رده‌وام هه‌یه«.
ناوبراو پێشیوابوو ئه‌و که‌سه‌ى کاندید ده‌کرێت ده‌بێت ره‌چاوى داخوازى خه‌ڵکى عێراق بکرێت به رێکارى ده‌ستورى.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، چه‌ند ناوێک ده‌هێندرێت بۆ ئه‌وه‌ى کاندید بکرێت له‌نێو لایه‌نه شیعییه‌کاندا که‌پێکهاتوون له (مسته‌فا کازمى سه‌رۆکى ده‌زگاى هه‌واڵگرى عێراق و هه‌یسه‌م جبورى، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق).
کورد ئه‌مجاره زیاتر پێ‌داگر ده‌بێت به‌رانبه‌ر به‌غدا
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت ده‌بێت له‌به‌رنامه‌ى حکومه‌تى عێراقى نوێ‌دا کێشه هه‌ڵواسراوه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا باس بکرێت.
مه‌ریوان نادر، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت»داواکارییه‌کانمان بۆ کابینه‌ى نوێى عێراق ئه‌وه‌یه که‌پێگه‌ى سیاسى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رچاو بگیرێت له‌سه‌ر ئاستى ئه‌جێنداى حکومى و به‌رنامه‌کانى داواکارییه‌کان و کێشه هه‌ڵواسراوه‌کانى نێوان هه‌رێم به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردن ره‌نگبداته‌وه«.
ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد ده‌بێت رۆڵى هه‌بێت له‌دانانى وه‌زیره‌کاندا ئه‌وه‌ى پشکى کورده که« خۆمان بڕیار له بڕیارى میکانزمى کاندیده‌کانى وه‌زیره کورده‌کان بده‌ین».
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى پێشیوابوو هه‌ر که‌سێک ئه‌زموونى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى دووباره بکاته‌وه شکست ده‌هێنێت،» عه‌لاوى لایه‌نى سیاسى کاندیدى کردبوو سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر که‌سێکى دیکه ئه‌زموونى ئه‌و دووباره بکاته‌وه کابینه‌که‌ى تێناپه‌ڕێت له‌په‌رله‌مانى عێراقدا».
هه‌روه‌ها ڤیان سه‌برى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه پرسى دیارى کردنى کاندیدى سه‌رۆک وه‌زیران په‌یوه‌ندى به‌ماڵى شیعه‌کانه‌وه هه‌یه.
ڤیان سه‌برى پێشیوابوو یه‌کهه‌ڵوێستى سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد به‌رانبه‌ر به‌غدا گرنگى خۆى هه‌بووه بۆ دابینکردنى مافه‌کان به‌پێى ده‌ستورى عێراق،» ده‌بێت سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد کاندیدى وه‌زیره کورده‌کان دابنێت، پۆستى وه‌زیر پۆستێکى سیاسییه ناکرێت خه‌ڵکانى دیکه بۆمان دیارى بکه‌ن».
رۆژى دووشه‌ممه 2ى ئازارى 2020 مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى په‌یامێکى پێزانینى بۆ لایه‌نه کوردستانییه‌کان بڵاوکرده‌وه‌و تێیدا ئه‌وه‌ى خستبووه‌ڕوو که «پڕ به‌دڵ سوپاسى هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌م که‌سه‌ربارى بوونى بۆچوونى جیاوازى سیاسی، به‌ڵام له‌بابه‌تى پێدان و پێنه‌دانى متمانه به‌حکومه‌تى تازه‌ى عێراق یه‌کڕیزبوون».
هه‌روه‌ها مه‌سعود بارزانى ده‌شڵێت «ئه‌م یهکههڵوێستییهى حزبه کوردستانییه‌کان له‌به‌غدا بهدهستکهوتێکى مێژوویى بۆ گه‌لى کوردستان جێگه‌ى پێزانینه«.
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌به‌غدا ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که‌ئه‌مجاره کورد پێداگرى زیاترى ده‌بێت به‌رانبه‌ر به‌غدا.
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ئه‌و ئه‌زموونه‌ى عه‌لاوى دووباره نابێته‌وه‌و که‌سێک نایات بڵێت وه‌زیرى سه‌ربه‌خۆ داده‌نێم، هه‌ر که‌سێک کاندید بکرێت بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى عێراق دانوساندنى راسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌کاندا ده‌بێت تا کاندیدى وه‌زیره‌کان سه‌ر به‌حزب و کوتله سیاسییه‌کان بن بۆ ئه‌وه‌ى له‌په‌رله‌ماندا پاڵپشتى بکه‌ن و ده‌نگى پێبده‌ن».
ناوبراو وتیشى «ئه‌مجاره سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد زیاتر پێ‌داگر ده‌بێت له‌دیارى کردنى کاندیدى وهزیرهکانیداو به‌رنامه‌ى حکومه‌ته‌که که‌مافه‌کانى کورد تێیدا به‌رجه‌سته ببێت».
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، ده‌رکه‌وت هێزه سیاسییه‌کانى عێراق نوقته‌ى به‌هێزیان له‌نێو په‌رله‌ماندا به‌کارده‌هێنن بۆ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زاره‌ته‌کان، وتیشى «حه‌لبوسى زیاتر له (50) په‌رله‌مانتارى له‌به‌رده‌ستدایه‌و به‌کاریده‌هێنێت به‌رانبه‌ر هه‌ر کاندیدێکى سه‌رۆک وه‌زیران، ته‌نانه‌ت هێزه شیعییه‌کانیش به‌هه‌مان شێوه«.
ئه‌و پهرلهمانتارەى کۆمه‌ڵ له‌به‌غدا جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که‌هێزه شیعییه‌کان ئاماده‌نه‌بوون پشتگرى لهعهلاوى بکه‌ن و قه‌ناعه‌تیان پێى نه‌بوو، «شیعه‌کان به‌ته‌نها چۆن توانییان بڕیارى ده‌رکردنى هێزه بیانییه‌کان به‌بێ یه‌کده‌نگى کورد‌و سوننه بده‌ن، ده‌یانتوانى ده‌نگ بهعهلاویش بده‌ن و تێیبپه‌ڕێنن».
له‌مانگى کانونى دووه‌مدا دواى کوشتنى قاسم سوله‌یمانى له‌نزیک فرۆکه‌خانه‌ى به‌غدا، په‌رله‌مانى عێراق به‌بێ ئاماده‌بوونى کورد‌و سوننه بڕیاریاندا هێزه بیانییه‌کان له‌عێراق بکرێنه ده‌ره‌وه وه‌ک ئاماژه‌یه‌کى روون بۆ هێزه‌کانى ئه‌مریکا.
سێ سیناریۆ بۆ حکومه‌تى عێراق له‌ئارادایه
له‌مانگى 11ى ساڵى رابردوو خۆپیشاندانه‌کانى عێراق ده‌ستیپێکردو زیاتر له‌چوار مانگ به‌رده‌وام بوو به‌و هۆیه‌وه زیاتر له (650) که‌س بوونه قوربانى و زیاتر له (22) هه‌زار که‌سى دیکه برینداربوون و یه‌کێک له‌مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌کانیان دیارى کردنى کاندیدێکى سه‌ربه‌خۆ بوو له‌ده‌ره‌وه‌ى حزبه‌کان بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى نوێى عێراق و دواتر له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته ئه‌نجامبدرێت.
به‌پێى بۆچوونى په‌رله‌مانتاران و راوێژکارێکى سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ئێستادا چه‌ند سیناریۆیه‌ک باس ده‌کرێت بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ى عێراق که‌یه‌کێکیان مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى حکومه‌تى کاربه‌ڕێکه‌ره تا دیارىکردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته که له‌شه‌ش مانگ تا ساڵێک تێپه‌ڕ نه‌کات
مه‌ریوان نادر، په‌رله‌مانتارى یه‌کێتى باسى له‌وه‌کرد به‌پێى ده‌ستور سه‌رۆک کۆمار (15) رۆژى له‌به‌رده‌مدایه بۆ دیارى کردنى کاندیدێک بۆ سه‌رۆک وه‌زیران و ئه‌و کاندیده‌ى سه‌رۆک وه‌زیران ته‌نها (15) رۆژى له‌به‌رده‌مدایه بۆ پێشکه‌شکردنى وه‌زیره‌کانى ئه‌گه‌ر ئه‌مه رووینه‌دا «شرۆڤه‌کارانى یاسایى ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوات بۆ لاى سه‌رۆک کۆمار تا ئه‌وکاته‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته ئه‌نجامده‌درێت».
ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد سیناریۆیه‌کى دیکه هه‌یه که عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى کاربه‌ڕێکه‌رى عێراق به‌رده‌وام بێت له‌کاره‌کانى تا هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته ئه‌نجامده‌درێت یان جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروبارى وزه رابسپێردرێت وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران تائه‌وکاته‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته ده‌کرێت که لهشیعهکانه.
هاوکات، کوردستان سێوکانى، راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه که‌دۆخى عێراق دواى شکسته‌که‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق ته‌واو ئاڵۆز بووه، به هاوڵاتى وت» سیناریۆى مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ناو ماڵى شیعه‌کاندا جارێکى دیکه که‌وتۆته‌وه به‌رباس و موناقه‌شه‌ى ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر له‌سه‌رى رێکبکه‌ون ده‌کرێت جارێکى دیکه له‌په‌رله‌مان متمانه‌ى پێبدرێته‌وه تا ئه‌وکاته‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته له‌عێراقدا ده‌کرێت».
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه کهههوڵهکانى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و ماوه‌یه‌ى له‌به‌رده‌ستیدایه شیعه‌کان که‌ده‌بێت ناوێکى راده‌ست بکه‌ن له‌شیعه‌کان تا بتوانێت له‌ماوه‌ى ده‌ستوریدا کابینه‌ى حکومه‌ت پێکبهێنێت، وتیشى:» به‌قه‌ناعه‌تى خۆم بۆ کورد وا باشترە عادل عه‌بدولمه‌هدى بمێنێته‌وه‌و ده‌کرێت هه‌ندێک گۆڕانکارى له‌وه‌زاره‌ته‌کاندا بکات و به‌رنامه‌یه‌کى چاکسازى جێبه‌جێ بکات»