ترس‌و دڵەراوکێ ئێرانیان لەسەروبەندی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تەنیووە

«ئەگەر منداڵەکانم بەم ڤایرۆسە نەمرن، بەبرسێتی دەمرن»

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: رۆیتەرز

وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا

لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرتاسەری ئێراندا لەبڵاوبوونەوەدایە، کەناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دڵەراوکێ لەنێو زۆربەی ئێرانیەکاندا پەرەیسەندووە کەهەندێکیان نیگەرانی ئەوەن سیستەمی فەرمانڕەوایی ئایینی وڵاتەکەیان جڵەوێکی توندوتۆڵی نییە بەسەر نەخۆشییەکەوە.

هەموو رۆژێک بارهەڵگرە پڕ لەسپرا پاکژکەرە (ڤایرۆس کوژ)ەکان شەقامەکان، مەزارگاکان، پارکە گشتییەکان، تەنەکە خۆڵەکان، تەوالێتە گشتتیەکان، هەروەها مارکێتەکانی قوم، تاران و شارەکانی تر پڕدەکەن کەحاڵەتی تووشبوونیان تێدا تۆمارکراوە.

تەلەڤزیۆنەکانی سەر بەحکومەت کارمەندەکانی پاککردنەوەی پیشان دەدا کەوێستگەکانی میترۆو پاسیان پاکدەکردەوە.

«بۆنی دەرمانە پاکژکەرەکان بوونەتە کابوس بۆم، شارەکەمان بۆنی گۆڕستان ومەیتخانەی لێدێت»، زیبا رەزایی تەمەن (٦٢) ساڵ وای وت کەمامۆستایەکی خانەنشینە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، سەرهەڵدانی خێرای ڤایرۆسەکە زیاتر لە (٧٠) کەسی کوشتووەو حاڵەتەکانی تووشبونیش نزیکدەبنەوە لەدوو هەزار.

بەرپرسان داوایان لەخەڵکی ئێران کردووە کەدووربکەونەوە لەشوێنە گشتییەکان و لەماڵەوە بمێننەوە لەکاتێکدا بەشێوەیەکی کاتی قوتابخانەکان، زانکۆکان، ناوەندە وەرزشی و کلتورییەکان لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا داخراون.

«ماوەی هەفتەیەکە ماڵەوەمان بەجێنەهێشتووە. منداڵەکان وانە بەئۆنلاین دەخوێنن و تەنها هاوسەرەکەم دەچێتە دەرەوە ئەویش بۆ کڕینی شتومەک و کارکردن»، سەمار تەمەن (٣٨) ساڵ وای وت کەخەڵکی شاری شیرازە.

بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لەدروستبوونی پشێویی و ترس، حکومەت شاری قومی دانەخستووە کەشارێکی پیرۆزی شیعەکانەو لەلایەن بەرپرسانەوە وەک ناوەندنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکرا. هەرچەندە چەند رێکارێکی فراوانیان سەرپاندووە وەک سنوردارکردنی ئەوەی کێ رێی پێبدرێت بچێتە دەرەوەو ناوەوەی قوم.

هەندێک دەمارگیری ئایینی، بەپیاوە ئایینیەکانیشەوە، بیرۆکەی داخستنی ناوچە پیرۆزەکەیان رەتکردووەتەوە بۆ رێگەگرتن لەتەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە بەوپێیەی پێیانوایە مەزارگەی قوم «شوێنێکە بۆ چاکبوونەوە».

چەند ڤیدیۆیەک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە کەچەند کەسێکی نیشاندەدا دەرگاو گۆڕەکانی مەزارگەی مەعسومەیان دەلێسایەوە، ئەمەش وەک بەرەنگارییەک دژی ئامۆژگارییەکانی وەزارەتی تەندروستی کە رایگەیاندبوو دووربکەونەوە لەدەستلێدان یان ماچکردنی مەزارگەکە، کەخەڵکی زۆر سەردانی دەکەن.

لێکەوتەیەکی بەگوژم و لەپڕ

مایک رایان، بەرپرسی پرۆگرامی باری لەناکاوی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ٢٧ی شوباتدا رایگەیاند ئێران مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسێکدا دەکات کەزۆر لەوە خراپترە کە تائیستا مرۆڤ لێی تێگەشتووە.

حکومەت یەکەم حاڵەتی تووشبون و مردنی بە ڤایرۆسەکە لە ١٩ی شوباتدا راگەیاند. بەرپرسانی ئێران، بەسەرۆک حەسەن رۆحانیشەوە، هەموو ئەو نیگەرانیانەیان پشتگوێخستووە کە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە ئاراستەیان کراوە لەسەر شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە و باس لەوەدەکەن هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکەدا جێبەجێکراوە.

کۆمەڵیک پزیشک کە لەلایەن رۆیتەرزەوە پەیوەندییان پێوە کرا وتیان کە نەخۆشخانەکانی تاران، قوم، رەشت پڕی خەڵک بوون و باری نەخۆشخانەکان گرانبوون.

«نەخۆشخانەکان پڕن لەکەسی تووشبوو، گوێبیستی سەدەها هەواڵی مردن دەبین. پێویستمان بە نەخۆشخانەی زیاترە، ژمارەی مردن بەرز دەبێتەوە»، پزیشکیک لەئێران وای وت کە داوای کرد ناوی نەهێنرێت.

وەزارەتی تەندروستی فەرمانی بەنەخۆشخانەکان کردووە تەنها ئەو کەسانە داغڵ بکات کە تووشبوون لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی پیویستیان بەچاودێری بەپەلە هەیە. ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەکانی سەر بەسوپا تەرخانکراون بۆ چارەسەرکردنی تووشبووەکان.

پزیشکێک لەقوم، کەئەمیش نەیویست ناوی بهێنرێت، بە رۆیتەرزی راگەیاند نەخۆشییەکە چەند رۆژێک پیش ئەوەی رابگەنرێت بوونی هەبووە. «ئێمە نەخۆشی زۆرمان هەبوو بەهەمان نیشانەی نەخۆشییەوە، بەڵام بە دەرمانی هەڵامەت چارەسەریان بۆ کراو نێردرانەوە بۆ ماڵەوە».

هەندێک لە رەخنەگران فەرمانڕەوایانی ئایینی تۆمەتبار دەکەن بەشاردنەوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لەسەرەتاوە بۆ ئەوەی زامنی بەشداریکردنێکی زۆر بکەن لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا لەمانگی شوباتدا. هەندێکی تر پێیانوایە پەردەپۆشکردنی رووداوەکە بۆ ئەوە بوو کە رێژەی بەشداریکردن کەم نەکات لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ٢١ی شوباتدا. دواتر عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەت هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوەو وتی کەسەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە نابێت بەسیاسی بکرێت.

«بەناو هەموو وڵاتەکەدا بڵاوبووەتەوە، چۆن شتی وا دەبێت لەماوەی تەنها (١٠) رۆژدا؟ بەڕوونی ئەوان راستییەکانیان پەردەپۆش کرد تا پلانەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، دووبارە درۆیان لەگەڵ کردینەوە»، فەریبا تەمەن (٣٤) ساڵ وای وت کەمامۆستایەکی ئامادەییە لە شاری تەبرێز.

متمانەی خەڵکی ئێران بە سەرکردەکانیان دزری تێکەوتووە بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی پارو دانپێدانانی درەنگی خستنەخوارەوەی بێ مەبەستی فرۆکە ئۆکرانییەکە کە بووەهۆی مردنی هەر (١٧٦) سەرنشینەکەی.

«ئەگەر منداڵەکانم بەم ڤایرۆسە نەمرن، بەبرسێتی دەمرن»، عەلی حوسەینی تەمەن (٣٩) ساڵ وای وت کە کارمەندێکی بیناسازییە. وتی «کاروباری بیناسازی ئێستا نەماوە و منیش بێکارم».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار