خێرخوازانى سلێمانى نه‌خۆشخانه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ کۆرۆنا به‌ 11رۆژ دروستده‌که‌ن

نەخۆشخانەکە ٦٥ قەرەوێڵەییە، لە15 ی ئەم مانگەوە هەرکەسێک گومانی کۆرۆنای لێبکرێت دەبرێتە ئەوێ

5 ساڵ لەمەوپێش



عومەر فەتاح

نەخۆشخانەی تایبەت بەکۆرۆنا لەسلێمانی لەسێ بەش پێکهاتوەو (65) قەرەوێڵەی هەیەو ئامێری تایبەت بەپشکنینی کۆرۆنای تێدایە،  ماوەی (١٠) رۆژە شەوو رۆژ کاری تێدا دەکرێت و بەبەردەوامی (450) کرێکارو وەستا ئیشی تیادەکەن.

نەخۆشخانەکە ناوی (ئاسا)یە کورتکراوەی ناوی ئەو سێ خێرخوازەیە کەئەرکی سەرەکی دروستکردنی پرۆژەکەیان لەئەستۆ گرتووە جگە لەو سێ کەسە ، ژمارەیەک خێرخوازی تر بەشێوازی جۆراوجۆر بەشدارییان تێداکردووە.

 سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە لە  95%ی کارکردن لەبیناکەی تەواوکراوەو جگە لەهەندێک وردەکاری ئێستا تەنها دانانی ئامێرە پزیشکییەکانی ماوە کە لەژوورو هۆڵەکانی پێشوازی نەخۆشدا دابنرێت.

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگەش بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر چواری ئێوارە نەخۆشخانەکە بکرێتەوەو لە  15ی ئەم مانگەشەوە هەر نەخۆشێک کە گومانی لێبکرێت یان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت لەو نەخۆشخانەیە پێشوازی لێدەکرێت و دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە.

لەدوای بڵاوبوونەوەو ئاشکراکردنی خاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆماری ئیسلامی ئێران، لەهەرێمی کوردستان ئامادەکاری و رێوشوێنی تەندروستی و ئەمنی توند گیرایەبەر بۆ خۆپارێزی و خۆبەدوورگرتن لەنەخۆشیەکە، لەو چواچێوەیەدا رۆژی پێنجشەممە 27ی مانگی دووی رابردوو دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەنەخۆشی کۆرۆنا لەلایەن چەند خێرخوازێک و بەسەرپەرشتی دەزگای تەندروستی سلێمانی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

نەخۆشخانەکە لەگەڕەکی قڕگەو لەنزیک نەخۆشخانەی شۆڕشی سلێمانی، زەوی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بەکۆرۆنا تەرخانکراو بەڕووبەری زەویەکە پێکهاتووە لەپێنج هەزار مەتر.

حاجی سالار شاسوار تەمەن (58) ساڵ یەکێکە لەو خێرخوازانەی کەئەرکی دروستکردنی نەخۆشخانەکەی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرتووەتە ئەستۆی خۆی و رۆژانە نزیکەی (18) کاتژمێر لەسەر پرۆژەکەیەو بەووردی چاودێری بەڕێوەچوونی کارەکان دەکات، ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەسەرەتاوە بڕیاربوو نەخۆشخانەکە تەنها (30) تەختی بێت و لەماوەی (15) رۆژدا تەواوبکرێت، بەڵام دواتر رێژەکەی زیادکراوە بۆ (65) تەختی و ماوەکەشی کەمکراوەتەوە بۆ (11) رۆژ.

حاجی سالار لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتی «ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر ئەرکی کۆمەڵێک سەرمایەداری شاری سلێمانی دروستدەکرێت، جگە لەو خێرخوازانەش رۆژانە خەڵکی زۆری وەک کرێکارو وەستا دێن بەخۆبەخشی کاردەکەن لەدیوارو کاری بۆیاخ و کارەکانی تر».

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو خەڵکی دیکەش هەبووە چیمەنتۆو بلۆک و  پێداویستی دیکەی هێناوەو داوای کردووە بەشداری لەو کارە خێرخوازیەدا بکات، وتیشی «ئێمە لەسەرەتاوە چاوەڕوانی ئەوەمان نەبوو خەڵکی ئەوەندە بەپەرۆشەوە بێن بەدەممانەوە هاوکارمان بن».

بەگشتیی نەخۆشخانەکە لەسەر رووبەری دوو هەزار مەتر دروستکراوەو تەنها دوو هەزار مەتری کراوە بەبینا، ئەوەی کەدەمێنێتەوە بڕیارە پارکێکی ئۆتۆمبێل و باخچەیەکی تێدا دروستبکرێت و لەداهاتووشدا بەپێی پێویست بیناو ژووری دیکە لەسەر زەویەکە دروستدەکرێت.

بینای نەخۆشخانەکە لەسێ بەش پێکهاتووە، بەشێکیان (18) ژوورەو بەشێکی دیکەیان (15) ژوورەو بەشێکی دیکەیان تایبەتە بەپزیشک و کارمەندان لەچوار ژووری (10 بە 16) مەتر پێکهاتووە.

حاجی سالار سەرپەرشتیاری پرۆژەکە وتی «وەک لەسەرەتای پرۆژەکەوە بەڵێنماندابوو بەکەمترین ماوە تەواوی بکەین زۆر خۆشحاڵم ئەوە بەڵێنەکەی خۆمان بردەسەرو ئیتر نەخۆشخانەکە ئامادەیەو دەکەوێتە کار».

حاجی سالار "بەدیاریکراوی نازانین چەندمان خەرجکردووە، ئێمە بۆ خودامان کردووە حەزیش ناکەین ئاشکرای بکەین"

نزیکەی (11) رۆژە 24 کاتژمێر (450) کرێکارو وەستاو سەرپەرشتیار لەچەند شوێنێکی جیاوازەوە سەرقاڵی کارو ئیشن لەپرۆژەکەدا، سەبارەت بەو بودجەیەی کە لەو نەخۆشخانەیەدا خەرجکراوە.

حاجی سالار وتی «بەدیاریکراوی نازانین چەندمان خەرجکردووە، ئێمە بۆ خودامان کردووە حەزیش ناکەین ئاشکرای بکەین، چونکە تەنها پارەکەی هی ئێمە نەبووە، خەڵکی خێرخوازی دیکەش بەشدارییان کردووە بەچیمەنتۆ یان بەئاسن و ئەلەمنیۆم و کاشی و بۆیاخ، بۆیە نازانین چەند سەرفکراوەو هەوڵمانداوە باشترین جۆری کوالێتی تێدا بەکاربهێنین».

لەدوای تەواوبوونی کارەکانی بینا، بڕیارە ئامێرە پزیشکییەکان لەژوورەکاندا دابنرێت و دواتر چەند رۆژێک راهێنان بەکارمەندو پزیشکەکان دەکرێت و ئیدی نەخۆش وەردەگیرێت.

شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، ئەوە دەخاتەڕوو کە پرۆژەکە لە  95%ی کاری بیناکە کۆتایی هاتووەو زۆربەی ئامێرەکانیش ئامادەن.

شەماڵ جەبار لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتی «لەدوای دەرکەوتنی نەخۆشیەکە لەنزیکی هەرێم و بەتایبەتی لەئێران بەزوویی پلانمان دانا بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکەو چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، سەرەتا بڕیاربوو رووبەرەکە بچووک بێت و ژمارەی ژوورەکان کەم بێت، بەڵام دواتر رێژەو ژمارەکانمان زیادکردو ستافمان کرد بەدوو ئەوەندەو سێ ئەوەندەو شکور بۆ خوا ئێستا لەقۆناغی کۆتاییدایە، ئێمە وەک دەزگای تەندروستی پێشمەرگە هەموو کارەکانمان کردووە بەهاوکاری ئەو خێرخوازانە، جگە لەوانە لەهیچ لایەنێکەوە هاوکاریی نەکراوین».

نەخۆشخانەکە ناوی (ئاسا)یە بۆ چاودێری وردو پارێزبەندی پزیشکی، ناوەکەش کورتکراوەی ناوی ئەو سێ خێرخوازەیە کەئەرکی دروستکردنی پرۆژەکەیان لەئەستۆ گرتووە. شەماڵ جەبار یاوەر ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هەوڵیانداوە باشترین و نوێترین ئامێری پزیشکی بهێننە نەخۆشخانەکەو ئەو شووشانەی کە لەبەشەکانی بینا بەکارهاتووە ئەنتی بەکتریایە.

وتیشی «هەر ژوورێک دوو تەختی تێدایەو ئامێرەکانیش گەیشتووەو لەدەرەوە هێنراوەو لەلایەن چەند بازرگان و سەرمایەدارێکەوە بەشێکی دابینکراوە، تەنانەت سیستمی ئۆکسجینی بیناکەش مەرکەزی دەبێت».

بینای نەخۆشخانەکە کراوە بەسێ بەشەوە، بەشی چاودێریی سەرەتایی لە (18 ) ژوور پێکهاتووەو ئەو کەسانەی کەگومانیان لێدەکرێت لەو بەشە دەخەوێندرێن و نموونەیان لێوەردەگیرێت بۆ پشکنین، دوای پشکنین ئەگەر دەرکەوت هەرکەسێک هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت دەبرێتە بەشی دووەمی نەخۆشخانەکە کەپێکهاتووە لە (15) ژوورو هەر ژوورەی دوو تەختی تێدایە، بەشی سێیەمیش تەرخانکراوە بۆ پزیشک و کارمەندان.

شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد هەر لەناو نەخۆشخانەکە پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت و ئامێرەکەیان بۆ دابینکردووە.

 شەماڵ جەبار یاوەر بە هاوڵاتى وت « هەوڵمانداوە بیناکە زۆر بەباشی دروستبکەین، چونکە ئەگەر خوای کرد بەزوویی لەم ڤایرۆسە رزگارمان بوو بۆ بەشی چاودێریی ورد بەکاریدەهێنین، کە ئێرە دەبێتە گەورەترین یەکەی چاودێریی ورد لەسەر ئاستی عێراق نەک کوردستانیش».

شەماڵ جەبار یاوەر جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، بەپێی پلانەکانی ئەوان بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە بینای نەخۆشخانەکە بەشێوەیەکی فەرمی بکرێتەوە.

وتیشی «ئێمە چەند رۆژو شەوێکە نەخەوتووین بۆ ئەوەی ئەم کارە تەواوبکەین، دەزگای تەندروستی توانیمان شاکارێکی دیکە تۆماربکەین و سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، دوای کردنەوەی بیناکە ئێمە بۆ ماوەی چەند رۆژێک راهێنان دەکەین بەکارمەندو پزیشکەکان و دواتر لە  15ی ئەم مانگەوە هەر نەخۆشێک گومانی لێبکرێت یان هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت لێرە دەمێنێتەوە، چونکە لەدەرەوەی قەرەباڵغی و کەناری شارە».

ئەو بەرپرسەی تەندروستی هێمای بۆ ئەوەشکرد کە شتێکی «دڵخۆشکەرە» کەبەو ماوە کەمە توانیویانە سەنتەرێکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەکە لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی دروستبکەن.

وتیشی «سەلماندمان ئێمەش توانامان هەیە وەکو کوردستان کەکاری باش و قورس بکەین، هەرچەندە وەک پێویست هیچ هاوکارییەک نەکراوین».

سەبارەت بەدابینکردنی کارمەندو پزیشک، شەماڵ جەبار وتی «هەتا (100) کەسیش پێویست بکات لەکارمەندو پزیشک و شۆفێرو کارگوزارو هەر بەشێکی دیکە لەدەزگای تەندروستی پێشمەرگەوە ئەوەندەمان هەیە بتوانین بیانگوازینەوە بۆ ئێرەو سەرپەرشتی نەخۆشخانەکە بکەن».

ناوبراو ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکات بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشی کۆرۆنا، بەوەی کەخۆیان بەدووربگرن لەترس و دڵەراوکێ و تەنها گرنگی بدەن بەلایەنی پاکوخاوێنی.

وتیشی «هەتا پێیان دەکرێ خۆیان بپارێزن بەمانەوەیان لەماڵەکانی خۆیان، هەوڵبدەن کەمترین چوونە دەرەوەیان هەبێت مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست بێت، ئەگینا خۆیان بەدووربگرن لەقەرەباڵغی».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار