ئاگربەستی ئیدلیب؛ باجێکی قورس بۆ ئەردۆغان

«رێککەوتنەکە زیاتر لەبەرژەوەندیی مۆسکۆو دیمەشقە، روسیا لەمەیدانی جەنگدا براوەیە بۆیه لەدیپلۆماتیشدا دەیباتەوە»

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: رۆیتەرز

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

چەند رۆژێک پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ مۆسکۆ بۆ رێککەوتن لەگەڵ روسیا لە سەر ئاگربەستێک بۆ راگرتنی شەڕ لەئیدلیبی سوریا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا هۆشداریدا بەهێزەکانی حکومەتی سوریا کەبکشێنەوە ئەگەرنا «سەربازەکانیان سەریان لەلاشە دەکرێتەوە» .

دوای شەش کاتژمێر لەکۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، ئەردۆغانێکی غەمبار رێککەوتنێکی راگەیاند کەدەستکەوتی ناوچەیی دەچەسپێنێت بۆ هێزەکانی سوریای پاڵپشت بە روسیا لەسەر حسابی ئۆپۆزسیۆنی سوریای پشت قایم بەتورکیا.

کاتێک لە روسیا دەگەڕایەوە، ئەردۆغان وتی رێککەوتنەکەی لەگەڵ پوتن رێخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیری لەئیدلیب و ئەو خەڵکە سڤیلانە دەپارێزێت کە رەنگە ببوونایەتە پەنابەر لەتورکیا، دوای چەند مانگێک لەشەڕکردن کەنزیکەی ملیۆنێک کەسی ئاوارە کردووە.

«ئاگربەستەکە دەستکەوتی گرنگتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت»، ئەردۆغان وای وت.

رێککەوتنەکە، ئەگەر خۆی بگرێت، پێشڕەوییەکانی هێزەکانی بەشار ئەسەد سنوردار دەکات، ئەمەش گەورەترین خەمی ئەنقەرە دەڕەوێنێتەوە کەئەویش لێشاوی ئاوارەی سورییە کە لەدەست بۆردومانەکانی ئیدلیب هەڵدێن و بەهەڵوەدان دەیانەوێت سنور تێپەڕێنن و بچنە پاڵ ئەو سێ ملیۆن و (٦٠٠) هەزار پەنابەرە سوریەی ئێستا لەتورکیان.

بەڵام بەوەستاندنی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ و رازیبوون بەدەورییەی هاوبەشی تورکی-روسی لە رێگایەکی خێرادا کە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بەناو ئیدلیبدا تێپە دەبێت (رێگای خێرای ئێم-٤)، رێککەوتنەکە سەرکەوتنەکانی ئەمدواییانەی ئەسەد توندوتۆڵ تر دەکات و رێ بە روسیا دەدات زیاتر بێتە نێو قوڵایی ئیدلیبەوە وەک لەپێشتر.

«سوپای سوریا وەستێندرا بەڵام دوورنەخرایەوە، رەنگە ئەمە گەورەترین دۆڕاندنی تورکیا بێت»، ئۆزگور ئۆنلوسەرچیکلی توێژەر لەناوەندی (جێرمان مارشڵ فەند) وای وت.

بەرەوپێشچوونەکانی ئەسەد لەشەڕی قووڵی ئەم چەند هەفتەیەی دواییدا کۆنترۆڵکردنەوەی رێگا خێراکەی تریش لەخۆدەگرێت کە بەناو ئیدلیبدا تێپەڕ دەبێت و دیمەشقی پایتەخت و حەلەب پێکەوە گرێدەدات کەئەویش رێگای خێرایی ئێم-٥ و لەگەڵ چەند شاری گرنگی تردا.

لەمۆسکۆ، رێککەوتنەکەی پێنجشەممەی رابردوو بەشێوەیەکی بەرفراوان وەک سەرکەوتنێک بینرا بۆ پوتین و ئەسەد لەسەر حسابی ئەردۆغان.

«رێککەوتنەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیاتر لەبەرژەوەندی مۆسکۆو دیمەشقە، روسیا لەمەیدانی جەنگدا براوەیە ، لەبەرئەوەیە لەبەرەی دیپلۆماتیشدا دەیباتەوە»، سێرگی مارکۆڤ پەرلەمانتاری پێشووی روسیا وای وت.

وچانێکی کورت؟

هەرێمەکەی دەوری ئیدلیب و بەشێک لەپارێزگاکانی دراوسێ یەکێک بوون لەچوار ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن کە روسیاو ئێران، هەروەها تورکیا بە»ناوچەکانی راگرتنی جەنگ» ناویان دەبات سێ ساڵ لەمەوبەر لەهەوڵێکدا بۆ راگرتنی خوێنڕشتن.

بەڵام رێککەوتنەکە تەمەنی کورت بوو،  لەوکاتەوە هێزەکانی سوریا بەهاوکاری هاوپەیمانەکانی، کە روسیاو ئێرانن، کۆنترۆڵی هەرسێ بەشەکەی تری «ناوچەکانی راگرتنی جەنگ»ی کردووە لەدەست ئۆپۆزسیۆنی دەریهێناون، جگەلەوەی ئەسەد بەڵێنی داوە ئیدلیبیش کۆنترۆڵ بکاتەوە.

شیکەرەوان لەتورکیاو روسیا دەڵێن ئەم رێککەوتنە نوێیە وەک ئەوانەی پیشوو تەمەنی کورت دەبێت.

«رێککەوتنەکەی نێوان تورکیاو روسیا رێککەوتنی کۆتایی نییە، بەڵکو ئاگربەستێکی کاتییەو رەنگە پێکدادان لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە»، ئۆنلوسەرچیکلی وای وت.

تەنها چەند کاتژمێریک دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، (١٥) کەس بەهۆی شەڕی نێوان گروپە جیهادییەکان و هێزەکانی حکومەتی سوریاوە لەباشوری ئیدلیب کوژران، بەڵام بەپێی وتەی دانیشتوانی شوێنەکانی تری پارێزگاکە توندوتیژی هێوربووەتەوە.

شینان ئۆلغن، توێژەر لەناوەندی کارنەیجی ئەوروپاو دیپلۆماتکارێکی پێشووی تورکیا، وتی کە دەبوو ئەردۆغان دەستبەرداری هەندێک شت ببوایە بۆ پوتین، چونکە بژاردەی جێگرەوە - گەڕانەوە بۆ ململانێی سەربازیی - دەبووە «سیناریۆیەکی دۆڕان بۆ تورکیا» .

کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ئیدلیب لەلایەن روسیاوە سەربازە تورکییەکانی دەکردە قوربانی هێزی کوشندە، هەرچەندە ڤار ڤار لەلایەن ئەنقەرە ئەم سنورە دەبەزێنڕێت لە رێی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی سوریاو خستنەخوارەوەی فرۆکەی جەنگیی سوری.

هەفتەی رابردوو نزیکەی (٣٤) سەربازی تورکی لەهێرشێکی ئاسمانیدا کوژران، ئەمەش کوشندەترین هێرش بوو بۆ سوپای تورکیا لەماوەی سێ دەیەی رابردوودا.

«تورکیا بەم لاوازییە سوپاییەوە لەمێزی دانوستاندا ئامادەبوو، بەدەستهێنانی ئاگربەستێک لەم رووەوە گرنگ بوو، بەڵام ئەم ئاگربەستە باجێکی هەبوو»، ئۆلغن وای وت.

لاوازییەکی تری تورکیا لەئیدلیب (١٢) پێگە چاودێرییەکانیەتی کە لە ٢١٠٧دا دایمەزراندن بۆ چاودێریکردنی  رێکەوتنەکانی» راگرتنی شەڕ». زۆربەی ئەو خاڵە چاودێرییانە لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن سەربازانی سوریاوە دەورە درابوون و بەتەنها مانەوەو دوور لەو (٢٠) هەزار سەربازەی ئەردۆغان ناردنی بۆ ئیدلیب لەمانگی رابردوودا.

رێککەوتنە کورت و سێ خاڵییەکەی پێنجشەممە باسی چارەنووس یان داهاتووی ئەو خاڵە چاودێرییانە ناکات، بەڵام ئەردۆغان وتی کەهەموویان گرنگن و دەهێڵرێنەوە. «هەموویان پێگەی ئێستای خۆیان دەهێڵنەوە. لەئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک نییە».

بەڵام دیارنەبوو کەئەو خاڵە چاودێرییانە چ رۆڵێکیان دەبێت کە کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی لەلایەن هێزەکانی ئەسەدەوە کۆنترۆڵکراون،  «بەم رێککەوتنە، ئەو هەرێمە درایە رژێمی ئەسەد، بۆیە ئەو خاڵە چاودێرییانە مانایان نییە»، ئۆلغن ئاماژەی بەوە کرد.

سەرەڕای هەموو ئەو دەستبەرداربوونانە، شیکەرەوان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەدرۆغان بتوانێت ناوخۆی وڵاتی پێ قایل بکات، چونکە نیگەرانییە سەرەکییەکانی دەنگدەرانی تورکی رەچاو کردووە ، ئەویش راگرتنی شەپۆلی کۆچبەران بەرەو سنوورەکانی وڵات و وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر سەربازە تورکییەکانە.

«ئەگەر لە روانگەی هاوڵاتییەکەی تورکی سەیری بابەتەکە بکەین، ئەو دوو هۆکارە تاکە هۆکاری گرنگن. بۆچی هاووڵاتییەک گرنگی بدات بەسنوری ناوخۆو سنوردارکردن لەناو سوریادا؟ ئەوە ئیشی هاووڵاتییەکی ئاسایی نییە»، ئۆنلوسەرچیکلی وای وت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار