عه‌لى باپیر داوا له مه‌سرور بارزانى ده‌کات بچێته به‌غدا
"ئه‌وانه‌ى نوێژمان له‌گه‌ڵ ناکه‌ن به‌جه‌ماعه‌ت، با پێکه‌وه دژى گه‌نده‌ڵى کاربکه‌ین"
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
عه‌لى باپیر، سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى کوردستان په‌یامێک ئاراسته‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات‌و داواده‌کات، ئه‌وکه‌سه‌ى بڕیاربه‌ده‌ستى یه‌که‌مه له‌هه‌رێم بچێته به‌غدا بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کێشه‌کان، که مه‌مه‌بست لێى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ته.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 27ى شوباتى 2021، له‌کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌هه‌ولێر عه‌لى باپیر سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى کوردستان رایگه‌یاند:" له‌ئیسلامدا ناونیشان جێگه‌ى سه‌رنج‌و عیبره‌ت نییه، به‌ڵکو ناوه‌ڕۆک گرنگه، به‌و پاشگرى ئیسلامیه‌ى لامان بردوه‌و دادپه‌روه‌ریمان جێکردۆته‌وه قسه‌ى خوامان جێبه‌جێکردووه".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"به‌وه‌ى کردمان ده‌مانه‌وێت ترسى خه‌ڵکى بڕه‌وێنینه‌وه، چونکه ناونیشانى ئیسلامى لاى هه‌ندێک وا تێگه‌یشتون واته توندڕه‌وى، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ندێک لایه‌نى ئیسلامى له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هه‌ندێک کاریان کردوه له‌گه‌ڵ بنه‌ماو شه‌ریعه‌تى ئیسلامی‌دا ناگونجێ‌و پرسیارى لاى خه‌ڵک دروستکردوه".
ناوبراو وتیشى:" ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێ دادپه‌روه‌رى بچه‌سپێ بابێن‌و ده‌ستگیرۆییمان بکه‌ن، ئه‌وانه‌ى نوێژمان له‌گه‌ڵ ناکه‌ن به‌جه‌ماعه‌ت، بابێن‌و پێکه‌وه دژى سته‌مکارى‌و گه‌نده‌ڵى کاربکه‌ین‌و دژى قۆرخکارى پێکه‌وه کاربکه‌ین‌و دادپه‌روه‌رى بچه‌سپێنین".
هاوکات، سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى به‌پێویستى داده‌نێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى هه‌ولێرو به‌غدا که‌سى یه‌که‌م بچێته به‌غدا، وتیشى: "که‌سى یه‌که‌م نانێرن‌و ناچێته به‌غدا هۆکارى سه‌ره‌کى ئه‌وه‌یه".
عه‌لى باپیر وتیشى:"کاتێک له‌په‌رله‌مانى عێراق بووم، چه‌ندینجار له‌وێیوه په‌یوه‌ندیم به‌مام جه‌لال‌و کاک مه‌سعودو کاک نه‌وشیروانه‌وه ده‌کردو پێمڕاده‌گه‌یاندن نوێنه‌ره‌کانتان ناتوانن ئه‌و پرسه یه‌کلابکه‌نه‌وه، بۆیه زۆر گرنگه بۆ گفتوگۆ کێ بڕیارى به‌ده‌سته، ده‌بێت ئه‌وه بچێت بۆ گفتوگۆکان نه‌ک ئه‌وکه‌سه‌ى ده‌چێته به‌غداو هه‌موو جارێ ته‌له‌فۆن بکاته‌وه بۆ که‌سى یه‌که‌مى بڕیار به‌ده‌ست ئاخۆ چى بکات‌و چى نه‌کات".
عه‌لى باپیر ئه‌وه‌شى ره‌تکرده‌وه تائێستا هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌کمان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێک کردبێت، وتیشى:" ئه‌وه‌ى ده‌وترێت یه‌کێتى‌و کۆمه‌ڵ هاوپه‌یمانیان کردوه ئه‌وه‌ش ڕاست نییه".