ئەمریکا بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوومان دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەیەک باڵەخانەی بارەگای "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە" لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریای کردووەتە ئامانج هێرشەکەدا قوربانییان هەیە.
جۆن کێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: بە فەرمانی جۆ بایدن، سهرۆكی ئهمریكا هێزە سەربازییەکانی وڵاتهكهی "هێرشی ئاسمانیی بەرگریکرانەی ورد"یان لە دژی چەند بارەگایەک لەسەر سنووری نێوان عیراق و سووریا کردووە، کە لەلایەن میلیشیای پاڵپشتیکراوی ئێرانی بەکارهێنراون.
وتیشی: "هێرشەکان لە وەڵامی هێرشی گرووپەکانی پاڵپشتیکراوی ئێرانی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عیراق کراون".
کێربی ئهوهشی وتووه: "بە لەبەرچاوگرتنی زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عیراق، سەرۆک بایدن فەرمانی دەرکرد بە ئەنجامدانی کاری سەربازی زیاتر بەمەبەستی پەکخستن و بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆرە هێرشانە".
لیوای 14ی سەر بە حەشدی شەعبی لەبارەی هێرشەیەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە: کاتژمێر دووی بەرەبەیان بارەگاکانیان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی قائیم لەسەر سنووری عیراق و سووریا کراونەتە ئامانج، لەو کاتەی هێزەکانیان لە "ئەرکی پیرۆز"دا بوون.
لیوای 14 سەر بە کەتائیبی سەید شوهەدایە کە بەرپرسەکەیان ئەبو ئالاو وەلائییە. یەکێکە لەو گرووپانەی ئێران پاڵپشتیان دەکات. گرووپەکە لەدوای هێرشەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووتەوە و دەڵێت: "لەمەودوا لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕێکی کراوەدا دەبین".
هەرچەندە لیواکەی حەشدی شەعبی دەڵێت لە هێرشەکەدا تەنیا یەک چەکداریان کوژراوە، بەڵام روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە هێرشەکەدا لانیکەم پێنج کەس کوژراون.
بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لە کەناڵەکانی تەلەگرامی سەر بە حەشدی بڵاوکراونەتەوە، تۆپێک کراوەتە ئامانج، هەروەها باڵەخانەیەکیش بە تەواوی وێران بووە. ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبیش لەو شوێنە دەبینرێن.
کەتائیب سەیدشوهەدا گرووپێکی میلیشیای شیعەن لە ئایاری 2013 دامەزرێندران بۆ ئەوەی شان بەشانی سوپای سوریا شەڕ بکەن. کەتائیب سەید شوهەدا هاوشێوەی کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبایە، کە دوای سەرهەڵدانی داعش لە 2014 بازنەی هێرشەکانی فراوانکرد و عیراقیشی گرتەوە، تا 2017، توانا و هێزی ئەو گرووپە بە دوو ههزار چەکدار مەزەندە دەکرا.
کەتائیبی سەید شوهەدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی کراوە و پشتگیری دارایی وەرگرتووە. بەر لە کوژرانیشی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کاری کردووە، هاوئاهەنگی سەربازیشی لەگەڵ لق و پۆپەکانی حەشد هەبووە. دەگوترێت کەتائیب سەید شوهەدا گرووپێکە لەلایەن رێکخراوی بەدر و کەتائیب حیزبوڵڵا دامەزرێنراوە.
ئەو هێرشەی ئەمریکا بۆ سەر گرووپەکەی حەشدی شەعبی لەکاتێکدایە، کە شەوی شەممە 26ی حوزهیرانی 2021، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر.
هێرشەکەی سەر هەولێر. تەنیا سێ کیلۆمەتر لە کۆنسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا دووربوو. دوای هێرشەکە کۆنسوڵخانەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە رۆژی شەممە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. ئەم هێرشە ئاماژەیەکی روونی پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەریی عیراق".
