وەزارەتی دارایی بەرێژەی 10% باج دەخاتەسەر خزمەتگوزاری ناوچە گەشتیارییەکان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بڕیاریدا باج بەرێژەی 10% بخاتەسەر فرۆشراو و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ناوچە گەشتیارییەکان لە (هۆتێل، مۆتێل، چێشتخانە، کافتریا، باڕ، یانەی شەوانە) و هاوشێوەکانیان کەچوار ئەستێرە بەسەرەوەن و ئەوانەی پابەندی بڕیارەکە نابن سزادەدرێن.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەدواین بڕیاریدا کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە و 24ی ئەم مانگە دەرچوە باس لەوەشکراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان بڕیاریداوە باج بەرێژەی 10% لەسەر فرۆشراو و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ناوچە گەشتیارییەکان دابنرێت، لەو پێناوەشدا کارگێڕی ناوچە گەشتیارییەکان دەبێت راپۆرتی مانگەی فرۆشراوەکانیان و باجی دانراو لەسەریان پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج و دەروامەت بکەن.
ئەوەش هاتوە، بڕیارەکە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ناوچە گەشتیارییەکان لە (هۆتێل، مۆتێل، چێشتخانە، کافتریا، باڕ، یانەی شەوانە) و هاوشێوەکانیان کەچوار ئەستێرە بەسەرەوەن دەگرێتەوە و ئەوانەی پابەندی بڕیارەکە نابن بەگوێرەی یاسا و بەرێژەی 10%ی ئەو باجەی دەبێت بیدەن بەحکومەت، سزادەدرێن.
وەزارەتی دارایی داواش لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هاوکاربن لەجێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیارەکە، هەروەها ئەو ناوچە گەشتیاریانەی رێنماییەکە دەیانگرێتەوە دەبێت تۆمارێکیان هەبێت بۆ دیاریکردنی نرخ و جێگیرکردنی باجی فرۆشراوەکان بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی باج بتوانێت وردبینی تێدابکات.
