حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر زیادكردنی قه‌رزه‌كان رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سكرتێری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌و سێ ملیار دۆلاره‌ی له‌سه‌ر قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم زیادی كردووه‌، قه‌رز نییه‌، به‌ڵكو پابه‌ندی داراییه‌ و مووچه‌ی پێنج مانگی خه‌رج نه‌كراوی ساڵی 2020ه‌.

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ی حوزه‌یرانی 2021،  ئامانج ره‌حیم، سكرتێری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "لە‌بارە‌ی ئە‌و (سێ ملیار و 159 ملیۆن دۆلار)ەی کە زیاد بووە لەسەر پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێم و لە دانیشتنەکەی پەرلەمان خستمە‌ڕوو، بە پێویستم زانی ئەم روونکردنەوەیە بە هەموولایەک بدەم".

ئامانج ره‌حیم باسی له‌وه‌شكردووه‌: "سە‌رۆك وەزیران لە‌ ٥-١٠- ٢٠٢٠ لە بەردەم پەرلەمان رایگە‌یاند كە‌ حكومە‌ت ٢٨ ملیار  و ٤٧٧ ملیۆن دۆلار پابە‌ندی دارایی لە‌ ئەستۆیە، لە‌پاش ئە‌و بە‌روارە‌وە‌، حکومەت لە ٧-١٠-٢٠٢٠ بڕیاریدا بە ڕاستکردنەوەی مانگەکانی پێدانی مووچە، و بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی مووچەی پێنج مانگی  مووچەخۆران كە‌‌ بڕە‌كە‌ی‌ (٣ ملیار و ١٥٩ملیۆن دۆلار)ە وەک (مووچەی خەرجنەکراو) خرایە سەر پابە‌ندییە‌ داراییە‌كانی هەرێم نەک بەو بڕە پارەیە قەرز کرابێت (کە هەرێم بە پێی دەستوور هەر دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی نیە)، ئەمەش وای کرد پابەندیی دارایی حکومەت لە (٢٨ ملیار و٤٧٧ ملیۆن دۆلار)ەوە ببێت بە‌ (٣١ ملیار و ٦٣٦ ملیۆن دۆلار)".

ده‌شڵێت: "ئە‌ركی ئێمە‌ ڕاگە‌یاندنی راستییە‌كانە‌ وەک خۆی بە‌دروستی بە پێی ئەو داتایانەی لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێمان گەیشتووە، و ئە‌وە‌ی كە‌ لە‌پە‌رلە‌مان رامانگە‌یاند وە‌ك ئە‌ركی سە‌رشانمانە بۆ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران‌، و هەر تەفسیرێکی دیکە کە لە غیابی خۆم بۆ قسەکانمان بکرێت دوورە لە ڕاستیەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار