حکومه‌ت بۆ یونامى: رێز له‌بریاره‌کانى دادگا بگرن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نوسینگه‌ى ڕێکخه‌ر بۆ ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى نیگه‌رانییه‌کانى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، یه‌کێتى ئه‌وروپا و رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى له‌باره‌ى سزادراوانى بادینان رونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه و تێیدا هاتووه که" حکومه‌ت ده‌ست له پرۆسه یاساییه‌کان وه‌رنادات، بۆیه داوا ده‌که‌ین ڕێز له بڕیاره‌کانى دادگا بگرن".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 1ى ته‌موزى 2021، نوسینگه‌ى ڕێکخه‌ر بۆ ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌رونکردنه‌وه‌یه‌کدا ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه، له 16 ى شوباتى 2021 دا دادگاى تاوانى هه‌ولێر سزاى شه‌ش ساڵ زیندانى به‌سه‌ر پێنج تۆمه‌تباردا سه‌پاند. دواى ئه‌وه‌ى په‌ڕاوى دادگا ڕه‌وانه کرا بۆ تێهه‌ڵچونه‌وه، دادگاى پێداچونه‌وه‌ى هه‌ولێر بڕیاره‌که‌ى دادگاى تاوانى له 6 ى ئایاردا په‌سه‌ند کرد. له 27 ى حوزه‌یراندا،"دواى بڕینى گشت فلته‌رى دامه‌زراوه یاساییه‌کان"، بڕیاره‌که په‌سه‌ندکرا.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌و به‌هایانه‌ى گرتوه‌ته‌وه باوه‌ش که پێویستن بۆ به‌رجه‌سته‌کردنى وڵاتى دامه‌زراوه‌یی، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى مه‌ده‌نى هاوچه‌رخ، و پشت ده‌به‌ستێت به ستراتیژى پته‌و بۆ داڕشتنى یاسا و ڕێسا به‌شێوه‌یه‌ک که له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئازادییه تاکه‌که‌سییه‌کان بێت.
هه‌روه‌ها ئه‌وه خراوه‌ته‌روو که "دادگاکان سه‌ربه‌خۆن و حکومه‌تیش ده‌ست له پرۆسه یاساییه‌کان وه‌رنادات، داوا له قه‌واره بیانى و ناوخۆیبه‌کان ده‌که‌ین ڕێز له بڕیاره‌کانى دادگا بگرن"، جه‌ختیش ده‌کاته‌وه له‌وه‌ى "ده‌ستبه‌سه‌رکردن و ده‌ستگیرکردن ته‌نیا به بڕیارى دادگا جێبه‌جێده‌کرێن".
له‌راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا باس له‌وه‌شکراوه، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان میدیاى ئازاد به کۆڵه‌گه‌یه‌کى گرنگى حکومڕانى و توخمێکى بنه‌ڕه‌تى دیموکراسى ده‌زانێت.
هاوکات، حکومه‌تى هه‌رێم داواى له نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ هاریکارى عێراق (یۆنامی) و نوسینگه‌ى تایبه‌تى کۆمیسیارى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆ مافه‌کانى مرۆڤ کردوه تا هاوکار بن له به‌ره‌وپێشبردنى سیسته‌مى یاسایی.
