"شه‌وانه سه‌ربازانى تورکیا ره‌ز و باخى هاوڵاتیان ده‌سوتێنن"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌ربارى بۆردوومانکردنى زه‌وى و زارى گوندنشینان، رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌وه ئاشکرا ده‌کات که شه‌وانه سه‌ربازانى تورکیا ده‌چنه ناو گونده‌کان و ئاگر له ڕه‌ز و باخى هاوڵاتیان به‌رده‌ده‌ن.
تیمى کوردستانى عێراق CPT، ته‌واوى ئه‌و کاولکارییانه‌ى که له ئه‌نجامى ده‌ستدرێژییه‌کانى سه‌ربازانى سوپاى تورکیا ڕوویداون، به درێژایى ناوچه‌که بینیوه و به به‌ڵگه‌نامه کردووه، به تایبه‌ت ده‌ستدرێژییه‌کان بۆ سه‌ر گوندى هرور، که له‌م دواییانه‌دا تیمه‌که سه‌ردانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى کردووه.
هاوڵاتیه‌کى گوندى هروری به CPT ڕاگه‌یاند: "زۆرینه‌ى زه‌ویه کشتوکاڵییه‌کانى گونده‌که‌مان به‌ھۆى تۆپباران و بۆردوومانى فڕۆکه بێفڕۆکه‌وانه‌کان و ھێرشى ھێلێکۆپته‌ره‌کانى تورکیاوه سوتاون، ھه‌ندێک شه‌و گوێبیستى ھیچ بۆردوومانێک یاخود ھیچ ته‌قه‌یه‌ک نابین، به‌ڵام گوێمان له جموجۆڵى سه‌ربازانى تورکیا ده‌بێت که دێنه خواره‌وه بۆناو گونده‌که‌مان و زه‌وى و زار و ڕه‌ز و باخه‌کانمان ده‌سوتێنن."
سه‌ربارى سوتانى ڕه‌ز و باخه‌کانیان، دانیشتووانى گوندى ھرور، له‌لایه‌ن سه‌ربازانى تورکیاوه ھه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه بۆ ئه‌وه‌ى چیتر نه‌چنه‌وه بۆ ناو باخ و بێستانه‌کانیان. ھه‌مان ئه‌و گوندنشینه‌ى که بۆ CPT دواوه ئه‌وه‌شى باسکردووه که "سه‌ربازانى تورکیا پێیان گووتین، که ئه‌گه‌ر بۆ ئاودان و کارکردن بچینه‌وه بۆ ناو باخ و بێستانه‌کانمان، ئه‌وا سه‌ربازانى تورکیا وه‌کو گه‌ریلاکانى په‌که‌که ھه‌ژمارمان ده‌که‌ن و بۆردوومانمان ده‌که‌ن."
سه‌باره‌ت به وێرانکارییه ژینگه‌ییه‌کانی، بۆردوومانه‌کانى تورکیا له ده‌ڤه‌رى به‌روارى باڵا، سه‌ربه‌ست سه‌بری، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى کانى ماسێ بۆ CPT ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو که ته‌مه‌نى ھه‌ندێک له‌و دارانه‌ى که سوتێندراو‌ن، زیاتره له 100 ساڵ" ئه‌وه‌ى لێره ڕووده‌دات کاره‌ساتێکى ژینگه‌ییه، داوا له کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌م که بێده‌نگى بشکێنن و به‌رامبه‌ر به ده‌ستدرێژییه‌کانى سوپاى تورکیا بۆ سه‌ر ژینگه‌ى کوردستان، ھه‌ڵوێست بنوێنن".
تیمى کوردستانى عێراقى CPT, داوا له سوپاى تورکیا ده‌کات که ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌که‌ى له ھه‌رێمى کوردستانى عێراقدا ڕابگرێت و چیتر ژیانى گوندنشینان به ئامانج نه‌گیرێت و زه‌وى کشتوکاڵى و بێستان و ڕه‌ز و باخى ھاوڵاتیان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکیاوه وێران نه‌کرێت.
