تورکیا: دەبێت ڕوسیا و ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکان بن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند:" دەبێت ڕوسیا و ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکان بن و ھێزەکانی سوریایی دیموکرات "هەسەدە" لەسەر سنوری ڕۆژئاوای کوردستان دووربخەنەوە.

مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای دەستپێکی ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات، ئەنقەرە لەگەڵ ڕوسیا و ئەمریکا گەیشتە ڕێککەوتن و ئەوان بەڵێنیان پێداین کە ھێزەکانی سوریایی دیموکرات بە قوڵای 30 کیلۆمەتر لە ناوچەکانی باکوری خۆرھەڵاتی فورات بکشێنەوە".

ئەو دەڵێت، "بەڵام ئەو بەڵێنە نەچووە سەر و ئەنقەرەش ناچارە خۆی چارەی دەردی خۆی بکات"، ئەوەشدەخاتەڕوو، "پێویستە ڕوسیا، هێزەکانی سوریایی دیموکرات "ھەسەدە"، لە تەلڕەفعەت و مەنبج دوور بخاتەوە".

هاوكات بەکیر ئاتاجان بەڕێوەبەری (پەیمانگای ئیستەنبوڵ بۆ هزر) لەلێدوانێکدا بەپێگەی (ئەلحوڕڕە)ی وتوە: "تورکیاو ڕوسیا نەوەک هەر لەپرسی سوریا، بەڵکو لەسەر چەندین دۆسیەی تریش ناکۆکی گەورەیان هەیە، وەک لەدۆسیەی لیبیاو قرمدا".

ئاتاجان هەروەک دەڵێت:"پەیوەندی هەیە لەنێوان ئەو هێرشانەی لەباکوری سوریاوە دەکرێتەسەر هێزەکانی تورکیاو ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە، هەموو ئەو گوشارانە لەلایەن مۆسکۆوە پلانیان بۆدانراوە تاوەکو تورکیا ناچاربکەن بەو مەرجانە ڕازیی بێت کە لەلایەن ڕوسیاوە بەسەریدا دەسەپێنرێت".

بەڕێوەبەری پەیمانگا تورکییەکە پێشبینیکردوە، لەماوەیەکی نزیکدا تورکیا هێرشی سەربازیی بکاتەسەر ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەو جێگایەش ڕەنگە تەلڕەفعەت نەبێت کە زۆربەی چاودێران گومانیان بۆی دەچێت، بەڵکو هێرشەکە ناوچەیەکی فراوانتر دەگرێتەوە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" کە لە شەڕی داعشدا هاوپەیمانی ئەمەریکا بوو لەلایەن تورکیاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دادەنرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار