پلە بەرزكردنەوەی سەربازی لەهەرێم بەردەوامەو بۆ فەرمانبەری مەدەنی راگیراوە

بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە: خەریكە پێشمەرگەی ئاسایی نامێنێت زۆربەیان پلەیان هەیە

3 ساڵ لەمەوپێش



 

 

سەركۆ جەمال

پلەی زیاتر لە حەوت هەزار پێشمەرگە و كارمەند لەوەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەرزكرایەوە، وەك بەرپرسێكی وەزارەتەكەش دەڵێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو، بەڵام بەوتەی بەرپرسێكی دیكە هیچ كاتێك پلە بەرزكردنەوە رانەگیراوە.

رۆژی 29/11/2021 وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند: پاڵپشت بەماددەی چواردە  لەسیستمی ژمارە (6) ساڵی (2011)  پەیڕەوی ( نیزامی) راژەو خانەنیشینی پێشمەرگە تایبەت بەیاسای ژمارە (38)ی ساڵی 2007 ئاماژە بەفەرمانی وەزاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی گشتی ژمارە 6033  تایبەت بە بەرزكردنەوەی پلەی كارمەندان، بەفەرمانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بڕیاردرا بەپلە بەرزكردنەوەی پلەی حەوت هەزارو 832  پلەدارو پێشمەرگەی سەر بەدیوان و لیواكانی پێشمەرگە لەخشتەی نەورۆزی 2021.

لەدوای پلە بەرزكردنەوەی كارمەندان و پێشمەرگە، ئامادەكارییەكانی خشتەی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانیش لەقۆناغی كۆتاییدایەو بڕیاریشە بەم نزیكانە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بكرێت.

حكومەتی هەرێم لەدوای راگەیاندنی قەیرانی دارایی لەساڵی 2014، پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگرتووەو تائێستا بۆیان ئەنجامنەدراوە، بەڵام پلە بەرزكردنەوەی سەربازیی وەزارەتەكانی (ناوخۆ، پێشمەرگە) بەردەوامە.

 عەقید بەرزان رەزا موستەفا، بەڕێوەبەری هۆبەی پلە بەرزكردنەوە لەوەزارەتی پێشمەرگە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «لەوەزارەتی پێشمەرگە بەپێی وەجبە پلە بەرزدەكرێتەوە، ساڵانە دوو خشتەمان هەیە بەناوی ئەیلول و نەورۆز، نەورۆز لە 21/3 و ئەیلولیش لە 11/9دا هەركەس ماوەی خۆی تەواو بكات، بۆ نموونە خشتەیەكی مانگی 9مان لەبەردەستدایە، بەهۆی كۆرۆناو قەیرانی داراییەوە خشتەكە دواكەوت، ئەگەرنا دەبوو لەكاتی خۆیدا دەربچێت، سێ ساڵ جارێك لەوەزارەتی پێشمەرگە پلە بەرزكردنەوە ئەنجامدەدرێت».

ناوبراو باسی لەوەشكرد هێزەكانی 70 و 80 پلەكەیان پێدەدرێت، بەڵام پارەی پلەكەیان بۆ هەژمار ناكرێت، چونكە كە بڕیارەكە جێبەجێ بكرێـت هەركەس پلەی بەرز بكرێتەوە دەبێت مووچەكەشی بەرز ببێتەوە.

هەروەها بەڕێوەبەری هۆبەی پلە بەرزكردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد لەهەمانكاتدا لیستێكی دیكەیان ئامادەیە، بەڵام ناتوانن ژمارەكە بەوردی بڵێین، ئێستا نزیكەی 10 هەزار كەسی دیكە چاوەڕێی پلە بەرزكردنەوەن، هەموو خشتەیەكیش حەوت بۆ هەشت هەزار كەس داوای پلە بەرزكردنەوە دەكەن.

هەموو پلە بەرزكردنەوەیەك سێ ساڵ جارێكە جگە لەپێشمەرگەی ئاسایی كە یەكەمجار پلەی بەرزدەكرێتەوە یەك ساڵە و بۆ (نائب عەریف)یش دوو ساڵە لەدوای ئەو پلەیەوە تا پلە (مومتاز) دەبێتە سێ ساڵ.

«لەدوای شەڕی داعشەوە دامەزراندن و دانانی خەڵك لەجێگەی خەڵكی دیكە وەستاوە، ئەگەرنا لەوەزارەتی پێشمەرگە بەدەگمەن هەیە كە پلەی نەبێت ئێستا خەریكە پێشمەرگەی ئاسایی نامێنێت»، عەقید بەرزان وای وت.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «پلە بەرزكردنەوە لەوەزارەتی پێشمەرگە نەوەستاوە تەنها پلەی ئەفسەرەكان بۆ ماوەیەك وەستا، هێزەكانی 70 و 80 بەجیا پلە بەرزكردنەوەی خۆیان دەكەن و رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگەی دەكەن، مووچەیان پێنادرێت لەگەڵ پلەكانیان و هیچ ئیمتیازێكی تریشیان بۆ هەژمار ناكرێت، لە پلەیەك بۆ پلەیەكی دیكەش ماوەی پلەبڕین جیاوازە».

بەڵام جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەساڵی 2015ەوە پلەی وەزارەتی پێشمەرگە راگیراوە، واتە نەنێردراوەتە وەزارەتی دارایی تا مووچەیان بۆ ببەسترێت، تەنها هۆكارەكە قەیرانی دارایی بووە».

هێزەكانی 70ی سەر بەیەكێتی و هێزەكانی 80ی سەر بەپارتی هێشتا بەتەواوی یەكەی ژمێریاریان یەكنەخراوەتەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەو نووسراوەكان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە تا بڕیاریان لەسەر بدرێت.

ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەپێی ئامارە نافەرمیەكان و ئەو زانیاریانەی هاوڵاتى دەستیكەوتوون، جگە لەهێزەكانی 70 و 80 كە هێزی پارتی و یەكێتین و تائێستا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە یەكیان نەگرتووەتەوە، 160 هەزار پێشمەرگەیە.

وتەبێژی هێزەكانی 70ی یەكێتی دەڵێت:»هیچ پلە بەرزكردنەوەیەكی هێزەكانی یەكەی 70 و 80 مووچەیان بۆ هەژمار ناكرێت.

ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە وتیشی:»بەهۆی ئەوەی بەفەرمی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە نین هیچ پلەبەرزكردنەوەیەكی هێزەكانمان لەگەڵ هێزەكانی 80 مووچەیان بۆ هەژمار ناكرێت، لەكاتێكدا چەندین جار ئەو داوایەمان كردووە».

بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان پێیوایە دەبێت لیستی پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگەیان بۆ رەوانە بكرێت.

رزگار محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «ئەو پلانەی كە بەرزكراوەتەوە تەنها كارمەندانە هیچ ئەفسەرێكی پێشمەرگەی تێدا نییە، ئێمە هیچ كاتێك لیستێكمان بۆ نایەت وەزارەتی پێشمەرگە خۆی ئامادەی دەكات هەرچەندە چەند جارێک داوامان كردووە».

وتیشی: «هێزەكانی 70 و 80 لەبەرئەوەی هێزی تایبەتی یەكێتی و پارتین هەژماری بانكیشیان لەوەزارەتی پێشمەرگە جیاوازەو بەجیا مووچە وەردەگرن، ئەوەشی هەیە تەنیا بۆ یەكخستنەوەی مووچەكانیانە لەگەڵ پێشمەرگەی وەزارەت، چونكە هیچ ئیمتیازاتێكی وەزارەتی پێشمەرگە نایانگرێتەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار