حكومەتی هەرێم بەبێ 200 ملیارەكەی بەغداد دەتوانێت مووچە دابەشبكات

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

 

لەهەرێمی كوردستان دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی حەوتی ئەمساڵ كرا، لەكاتێكدا بڕیاربوو حكومەتی هەرێم هەموو 25ی مانگێك مووچە دابەش بكات، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم هۆكارەكەی ئاشكرادەكات، یەكێتی و گۆڕان بەناڕاستەوخۆ سەرۆكی حكومەت بەدابەشنەكردنی مووچە تۆمەتبار دەكەن، پارتیش یەكێتی بەهۆكاری دابەشنەكردنی مووچە تۆمەتباردەكات.

سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نەدەدا لەسەر دابەشكردنی مووچە».

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی وتیشی: «هۆكاری درەنگ دابەشكردنی مووچە واژۆنەكردنی بوو لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە، بەوتەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی سەرۆكی حكومەت لەگەشت بووەو دوای گەڕانەوەی بڕیاریداوە دەست بەدابەشكردنی مووچە بكرێت».

لەسلێمانی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی هێشتا مووچەی مانگی شەشیان وەرنەگرتبوو مووچەیان وەرگرتووە، كەئەوەش پاساوی وەزارەتی دارایی و ئابووری بوو بۆ دابەشنەكردنی مووچەی مانگی حەوت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنیدابوو هەموو 25ی مانگێك مووچە دابەشبكات، بەڵام لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا تەنها سێجار وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا مووچەی دابەشكردووە.

میدیاكانی پارتی، یەكێتی و گۆڕان بەنەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی و هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران تۆمەتبار دەكەن، بەڵام هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان  كە لەفراكسیۆنی یەكێتییە، ناوبراو ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە لێدوان بدات.

هاوكات سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»هۆكاری دابەشنەكردنی مووچە خودی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بوو بەبڕیاری ئەوانیش راگیرابوو».

لەلایەن خۆشیەوە دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»پارتی هەریەك لەیەكێتی و گۆڕان تۆمەتباردەكات بەوەی هۆكارن بۆ دواخستنی مووچە بەڵام بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان هیچیان ناتوانن لەوبارەیەوە قسە بكەن، ئەگەر ئەوان هۆكارنین با قسە بكەن ئەگەر هۆكاریشن با روونكردنەوە بدەن».

حكومەتی هەرێم دوو مانگە بەبێ 200 ملیارەكەی بەغدا مووچە دابەش دەكات، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت و ناوخۆ لەماوەی ئەمساڵداو داهاتی ناوخۆ گەیشتووەتە نزیكەی 500 ملیار دینار جگە لەوەی داهاتی نەوت زیاترە لەملیارێك دۆلار.

 لەبارەی 200 ملیارەكەی بەغداو هۆكاری نەناردنی، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا بە هاوڵاتی وت: « فارس عیسا هەوڵی ئێمە لەگەڵ لایەنی عێراقی بەردەوامە بۆ ئەوەی ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە بەردەوام بێت تاوەكو بودجە پەسند دەكرێت، دادگا بڕیاریداوە كە نەناردنی ئەو 200 ملیار دینارە نایاساییە، واتا دەبێت بەردەوام بێت».

 30ی تەممووزی 2022، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمیدیاكانی پارتی راگەیاند:» بەهۆی چارەسەرنەكردنی گرفتی دابەشكردنی مووچە لەسنووری سلێمانی و نەگەڕانەوەی داهاتی ئەو پارێزگایە، دابەشكردنی مووچەی مانگی تەممووز دوادەكەوێت».

بەڵام عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»ئەگەر ئەم جۆرەی مووچە دابەشكردن بەردەوام بێت مانگی داهاتوو ئەو وەزارەتانەی لەسلێمانی مووچە وەرناگرن زیاتر دەبێت».

 لەحەوت مانگی رابردوودا چەند جارێك لەكاتی دابەشكردنی مووچەدا كێشە بۆ مووچەخۆرانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دروستبووە، لە سنووری سلێمانی دەڵێن كێشەی سیولە هەیەو بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێن داهاتی ناوخۆی سلێمانی وەكو خۆی ناگەڕێتەوە.

 لەدوایین لێدوانیدا لەبارەی دابەشكردنی مووچە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند:» حكومەت مانگانە پێویستی بەزیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانكردنی مووچەی مووچەخۆران».

وتیشی: «لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، حكومەتی هەرێم بڕی پێنج ترلیۆن دیناری بۆ دابینكردنی مووچە تەرخان كردووە، لەبەرامبەردا حكومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لەكاتێكدا بەپێی رێكەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا پێویست بوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت».

بەوتەی جوتیار عادل «حكومەتی هەرێم لەداهاتی نەوتیش پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكردنی مووچە خەرج دەكرد، بەڵام بەهۆی ئەو چاكسازییانەی كە لەكەرتی وزە بەگشتی كراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت».

حكومەتی هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار مووچەخۆری هەیە، بۆ پێدانی مووچە بەوتەی وتەبێژی حكومەت پێویستی بەزیاتر لە 900ملیار دینارە، داهاتی نەوت 740 ملیار و ناوخۆش زیاتر لە 400 ملیار دینارە هاوپەیمانانیش مانگانە 28 ملیار دینار دەدەنە پێشمەرگە، كۆی گشتی داهات دەكاتە یەك ترلیۆن و 168 ملیار دینار، واتە لەكۆی داهاتی هەرێم 238 ملیار دیناری زیاترە لەخەرجی موچە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار