خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان هەمیشە بەسەركوتكردن كۆتایی دێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناو بەناو لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەبەشێك لەشارو شارۆچكەكاندا روودەدات و دەسەڵاتیش تەنها بە رێگای توندوتیژی وەڵامدەداتەوە، جگە لەدەستگیركردن و برینداركردنی خۆپیشاندەران، هەندێکجاریش كوژراویشی لێدەكەوێتەوە، هەر بەو هۆیەشەوە تائێستا ژمارەیەكی زۆر لەخۆپیشاندەر لەشارە جیاوازەكاندا بەگولەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و بكوژەكانیش دادگایی نەكراون.
بەبڕوای بەشێك لەچاودێران دۆخی خراپی ئابووری و ناسەقامگیری سیاسی و گەندەڵی و مەحسوبییەت و خراپ دابەشكردنی داهات و دزی و ناشەفافی هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانن كە بەتوندوتیژی كۆتاییان پێهێنراوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەشێكی زۆری ئەو خۆپیشاندانانەی كە بەسەركوتكردن كۆتایی هاتوون مانای ئەوەیان نەگەیاندووە كەوا ناڕەزایەتییەكان كۆتاییان پێهاتبێت، بەڵكو بەجۆرێكی دیكەو لەشوێنێكی دیكە و لەكاتێكی دیكەدا سەریانهەڵداوەتەوە.
مەریوان وریا قانیع نوسەرو لێكۆڵەری كورد بڕوای وایە دەشێت ئەوانەی بانگەشەی خۆپیشاندان دەكەن گۆڕانیان بەسەردابێت، ئەمڕۆ ئەلف بێت و سبەینێ بێ، بەڵام ئەو دۆخە بونیادیی و نائینسانییەی كە بوونەوەری ناڕازیی و توڕە بەرهەم دەهێنێت، نەگۆڕەو بەردەوامی هەیە.
مەریوان وریا قانیع لەوتارێكدا دەنوسێت: "خۆپیشاندان دیاردەیەكی بایۆلۆژیی نییە، بەڵكو دیاردەیەكی سیاسییە، ئەوەی خەڵك والێدەكات ناڕازیبن و رێگای جیاواز بۆ نیشاندان و دەرخستنی ئەو ناڕەزایەتییە بدۆزنەوە، پاڵنەری بایۆلۆژیی و غەریزیی نییە، بەڵكو پاڵنەری سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە"، ئاماژە بەوەشدەكات:"ئەم دۆخە تاریكە بەئاستێك گەیشتوە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵك بەشداری دەنگدانەكان نەكەن، كەی بۆیان بلوێت و بوێرن بچنە سەر شەقام، سەدام حسێنیان لێببێت بەڕزگاركەر و بەكەسێكی بزانن سەدانجار لەحوكمڕانانی ئەمڕۆ باشتر".
هاوكات عەبدوڵای مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لەوتارێكدا دەڵێت "لەهەرێمی كوردستان دوو رێگا هەیە لەبەردەم خۆپیشاندەران كە ئەوانیش یەكەم رێگای ناتوندوتیژی ئەوەیە خۆپیشاندەران رێگای خەباتی مەدەنی دەگرنەبەر بەشێوەیەكی رێكخراوو فراوان، بەردەوام دەبن تا دەگەنە ئەنجام، دووەمیش رێگای توندوتیژی، لەم جۆرەیدا دیسان خەڵك رێگای خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە دەگرێتە بەرو، وردە وردە ناڕەزاییەكان فراوان و رێكخراو دەكەن، بەڵام ئەوكاتەی دەسەڵات گوێ ناگرێ، ئیدی رابەرو خەڵك پێكەوە بڕیاری خەباتی توندوتیژی دەدەن ئەم رێگایەش ماندێلاو گەلەكەی گرتیانەبەرو سەركەوتن".
هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە لەهەرێمی كوردستان كاتێك هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان خەڵكی دەنێرنە سەر شەقامەكان بەپێچەوانەی هێزەكانی عێراقەوە هیچ هێزێك یاخود بەربەستێكیان نییە تا خۆپیشاندەران بپارێزن و هەمیشە لەسەر شەقامەكان بەتەنیا بەجێیاندەهێڵن و ئەمەش وایكردووە ژمارەی قوربانییەكانیان هەمیشە زیاتر بێت و دەسەڵات گوێ بەفشارەكان نەدات.
بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانیش ئەوەی دیمەنە گشتییەكەی ناشیرینتر كردووە لەهەر خۆپیشاندانێكدا كە لەهەرێمی كوردستان روودەدات، دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەرانە بەبێ هیچ فەرمانێكی دەستگیركردن جا چ لەپێش خۆپیشاندانەكانەوە بێت یاخود دوای خۆپیشاندانەكان و هێشتنەوەیانە بۆ ماوەیەكی زۆر.
لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی یاسایی بڕوای وایە دەبێت دادوەرانیش رۆڵیان هەبێ لەسەر دەستگیركردنی خۆپیشاندەران، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات:" ئەگەر بەبێ فەرمانی ئەوان دەستگیردەكرێن ئەوا رازی نەبن و قبوڵی نەكەن و هەڵوێستیان هەبێ، ئەگەر بەبڕیاری ئەوانیش وەرگیراون بۆ دەستگیركردنیان ئەوا بەزووترین كات ئازادیان بكەن.
خەڵك بۆ گۆڕانكاری لەم شێوازە حكومڕانیەی هەرێمی كوردستان كە پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، دوو رێگای لەبەردەمدایە یان شۆڕشی چەكداری یان گرتنەبەری رێگای مەدەنی، مێژوو نیشانیداوە شۆڕشی چەكداری تەنها خاپوركردن و كوشتاری زۆرو پارچەپارچەبوونی وڵاتی بەدواوەوە بوەو لەباشترین حاڵەتیشدا سیستمێكی تر جێكەوتكراوە كە لەوەی پێشخۆی باشتر نەبووە، كەوابێت دەبێ رێگای دووەم شا رێگا بێت، بەڵام گوێنەگرتن بۆ داواكاری و ناڕەزاییەكانی هاووڵاتیان و بەكارهێانی رێگای توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاكامی باشی لێ چاوەڕوان ناكرێت.