عێراق یەدەگی نەختینەیی بۆ 82 ملیار دۆلار بەرزدەكاتەوە

ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ: عێراق بەكڕینی 34 تۆن زێڕ دەگاتە پلەی سی هەمین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەدرێژایی مێژووی نوێی عێراق ئەو وڵاتە یەكێك بووە لەوڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكانی بوارە جیاجیاكانی سروشت و گەنجینەیەكی پڕ لەبەهای ئابووری و خۆراكی و نەوتی بووە، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانەوە بەتایبەت لەساڵانی هەشتا بەرەو ژوور، ئیدی ئابووری ئەم وڵاتە بەجۆرێك داڕما كە نەدراوەكەی بەهای ما، نە یەدەگی زێڕ و نە یەدەگە نەختیەنییەكەی توانی لەڕیزبەندی وڵاتاندا جێگای خۆی بگرێت و نە ئابوورییە هەناردەییەكەشی توانای ڕكابەریكردنی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ ما و بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم وڵاتە هەرەسهێنا.
لەئێستاداو دوای ئەو ئارامییە ڕیژەییەی كەعێراق پیایدا تێپەڕدەبێت و جەنگەكانی تا ڕادەیەك نەماون، ئەم وڵاتە چ لەڕووی هەناردەی نەوت و چ لەڕووی یەدەگی نەختینەیی و چ لەڕووی یەدەگی زێڕەوە لەگەشەیەكی بەردەوامدایەو ئامارەكانی دڵخۆشن، هاوكات وەزیری داراییەكەشی بڕوای وایە تاكۆتایی ساڵ یەدەگی نەختینەیی زیاتر دەبێت.
بەپێی تازەترین ئامار كە لەناوەڕستی مانگی ئاب دا و لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ) بڵاوكراوەتەوە ئاشكرای كردووە عێراق لەمانگی پێشوودا رۆژانە 4 ملیۆن و 584 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و بەبەراورد بە مانگی رابردوو ڕۆژانە 69 هەزار بەرمیل زیادی كردووە.
هەر بەپێی ئامارەكە داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی تەمموزدا 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەمەش داهاتێكی زەبەلاحەو پێشبینی دەكرێت تاوەكو كۆتایی ساڵ داهاتی نەوتی عێراق نزیكبێتەوە لە 150 ملیار دۆلار.
بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی نەوت و زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی عێراق دەبێتە هۆی زیاتركردنی قەبارەی یەدەگی نەختینەیی و ئابوورییەكی قایمتر و تۆكمەتر دەكات.
لەوبارەیەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، قەبارەی یەدەگی نەختینەیی عێراق گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت.
عومەر عاسم، وتەبێژی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرایكردووە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا قەبارەی یەدەگی نەختینەیی 70 ملیار دۆلار بوو و بەراورد بەو كاتەش 12 ملیار دۆلاری تر زیادی كردووە، شارەزایانیش ئەم زیادبوونە زۆرەی یەدەگی نەختینەیی بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت دەگەڕێننەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە لەلایەكی ترەوە یەدەگی زێڕیش بەرزبووەتەوە و عێراق بووەتە خاوەنی دەیان تۆن زێڕیش و چەند پلەیەكیش لەڕیزبەندی جیهانیدا هاتۆتە پێشەوە.
بەپێی تازەترین ئاماریش عێراق لە یەدەگی زێڕیشدا هەنگاوی باشی ناوە و بووەتە خاوەنی 130 تۆن زێڕ، لە ئاستی دنیادا لە ریزبەندی 30یەم و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ریزبەندی چوارەمدایە.
ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ئاشكرای دەكات، عێراق بەكڕینی 34 تۆن زێڕ لە پلەی 30 هەمینی ئەو وڵاتانەیە كە پشت بە یەدەگی زێڕ دەبەستن.
لە نوێترین داتاو زانیارییەكانیدا ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ڕاگەیاندووە، بانكی ناوەندی جیهانی بڕی 111.19 تۆنی زێڕی خستووەتە سەر یەدەگی زێڕی جیهانی و لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆترین خواستی كڕینی زێڕی هەیە عێراقە كە لەم مانگەدا بڕی 33.97 تۆن زێڕی كڕیوە،و ئێستا لە پلەی 30یەمینی ئەو وڵاتانە دادەنرێت كە پشت بە یەدەگی زێر دەبەستن. ئاماژەی بەوەشكردووە دوای عێراق هەریەكە لە توركیا بە ‌كڕینی 26.60 تۆن و ئۆزبەكستان بە 26.44 و كازاخستان بە 15.79 تۆن و هیندستان بە 8.39 لە ریزبەندی زۆرترین كڕیارانی زێڕن لە جیهاندا.
وەنەبێت عێراق خەونەكانی بۆ بەهێزكردنی ئابوورییەكی هەر بەوەندە وەستابێت، بەڵكو هیواخوازیشە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگە نەختینییەكەی زیاتر بكات و چەند هەنگاوێكی دیكە بچێتە پێشەوە.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەلێدوانێكیدا هیواخوازە یەدەگی نەختینەیی وڵاتەكەی تا كۆتایی ئەمساڵ لە70 ملیارەوە بگاتە 90 ملیار دۆلار، هاوكات ئاماژەشی بەوەكردووە لەساڵی  2020 یەدەگی نەختینەیی وڵات كەوتۆتە  بەر مەترسی، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سیاسەتە داراییەكانەوە توانیویانە یەدەگەكە زیاتر بكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار