دروستکردنی دۆشاو و باسوق و سجوق لە دیاربەکر و باتما

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 

ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دروستکردنی دۆشاو، باسوق و سجوق لەو ترێیەی لە رەزەکان لێ کراوەتەوە و کۆکراوەتەوە.

دانیشتووانی گوندی ئاکباشاک کە سەربە قەزای چونگویشە لە پارێزگای دیاربەکر لە میانی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان، بە رێگای نەریتی سەرقاڵی دروستکردنی باسوق و سجوقن لەو ترێیەی کۆیان کردووەتەوە.

دانیشتووی گوندی ئاکباشاک، ئیلهامی شیمشەک به‌ ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند لە دوو جۆر ترێی جیاواز باسوق و سجوق دروست دەکەن، گوتی: "باسوق و سجوق کە لە ترێی تەواو ئۆرگانی دروست بکرێت تامی زۆر خۆش دەبێت. باسوق و سجوق سەرەتا بۆ خۆمان و دواتر بۆ دۆستان دروست دەکەین و ئەوەی دەشمێنێتەوە دەیفرۆشین".

جەمیل کایا کە دوای خانەنشینبوونی لە گوندەکە گیرساوەتەوە ئاماژەی بەوە دا کە لە مانگی ئەیلوولەوە ئامادەکارییەکان بۆ زستان دەست پێ دەکەن و دوو مانگ دەخایەنێت و گوتی: "بەیانییان زوو ترێ لێ دەکەینەوە و دەیهێنینەوە گوند. ئاوی ترێ لە مەنجەڵدا دەکوڵێنین. دوای ٣-٤ کاتژمێر ئاوەکە خەست دەبێتەوە و دواتر ئاردی تێ دەکەین. گوێزەکان بە داوەوە دەکەین. دواتر دەیخەینە ناو گیراوەکە، پاشان هەڵی دەواسین و چاوەڕێ دەکەین تاکوو وشک دەبێتەوە. ئەم پرۆسەیە نزیکەی ١٠ رۆژ دەخایەنێت".

حەلیمە کاراتەمور بە ئاماژەدان بەوەی کە کارەکانی گوند سەخت و ماندووکەرن، باسی لەوە کرد کە ئەو خۆراکانەی بۆ زستان ئامادەیان دەکات بۆ منداڵەکانی دەنێرێت کە لە دووری ئەو دەژین.

- باتمان

لەگەڵ وەرزی لێکردنەوەی ترێیشدا، هاووڵاتییان لە قەزای گەرجوش سەربە پارێزگای باتمان دەستیان کردووە بە دروستکردنی دۆشاو، باسوق و سجوق.

بەڕێوەبەری دارستان و کشتوکاڵی گەرجوش، مەتین کاپڵان ئاماژەی بەوە دا لە زۆربەی گوندەکان دۆشاو بەرهەم دەهێندرێت و ئەوەیش بووەتە سەرچاوەیەک بۆ داهاتی هاووڵاتییان.

دانیشتووی گوندی یوجەلەر، ئەیوب چەتین ئاماژەی بەوە دا کە ترێی جۆری مەرزۆنە پێگەیشتووە و دەست کراوە بە لێکردنەوەی ترێ.

دانیشتووی گوندی هیسار، داود تونجەریش ئاماژەی بەوە دا کە ٢٠ ساڵە جووتیارە و ٣٠ دۆنم رەزی ترێی هەیە و گوتی: "لەگەڵ خزمان ترێی مەزۆرنە لێ دەکەینەوە و ترێیەکە دەگوشین و دەیکەین بە دۆشاو".

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار