خۆپیشاندانی بەلوچەکان بۆ کورد، کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردەوە پشتیوانیی لە کورد کرا و پێشەوای سوننەکانیش لە زاهیدان رایگەیاند وەڵامی دەسەڵاتی ئێران بۆ کورد نابێت کوشتن بێت.

دوای بەڕێوچونی نوێژی هەینی لە شارەکانی زاهیدان و خاش و سەراڤان و ئێرانشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوچو و خۆپیشاندەرانی بەلوچ بە زمانی کوردی رایانگەیاند " کورد تەنها نییە و بەلوچ پشتیوانییە".

خۆپیشاندانەکانی ئەو پارێزگایە بەهۆی تەقەی زۆری هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە و سەرچاوەکانی هەواڵ کوژرانی چوار کەس و برینداربونی دەیان کەسیان بڵاو کردوەتەوە.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشەوای سوننەکان و پێشنوێژی مزگەوتی زاهیدان لە وتاری ئەمڕۆیدا پشتیوانیی خۆی بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند؛ کوردەکان هاوشێوی بەلوچەکان بە باشترین شێوە نیشتیمانی خۆیان پاراستوە و ناکرێت دەسەڵات وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان بە کوشتن و خوێنڕشتن بداتەوە.

عەبدولحەمید وتیشی: بەهۆی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە هەلی چاکسازی لەبارچوە و دەبێت هەوڵی گۆڕانکاریی بدرێت. لە سەرتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا زیاتر لە 108 کەس لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژراون و هاوکات ژمارەی کوژراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا گەیشتوەتە 105 کەس.

ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان بۆپشتیوانی لە  کوردانی ڕۆژهەڵات

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار