ئەنتۆنیۆ گۆترێس بۆ ڕێگری لە روودانی قەیرانی مرۆیی لە غەزە، ماددەیەک چالاکدەکات

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بەندی 99ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی چالاک کردەوە و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کار لەسەر شەڕی غەزە بکات.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە 15 ئەندام پێکدێت هێستا نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنێک کە تیایدا داوای ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و هاوپەیمانەکانیان دەکات.

گۆتێرێس لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەو بەرپرسیارێتییە کردووە و دەڵێت پێی وایە بارودۆخی ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین " لەوانەیە هەڕەشەکانی ئێستا بۆ سەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی خراپتر بکات."

هاوکات دەشڵێت دۆخی غەزە تا دێ بە خێراییەکی سەیر خراپتر ئەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە دەرئەنجامی ئەم دۆخە ، بۆ فەلەستینییەکان و هەروەها بۆ ئاسایشی ناوچەکە ببێت بە قەیرانی گەورەو قەرەبوو نەکرێتەوە.

ئەم ماددەیە لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنها ٩ جار بەکار هاتووە، ماددەی 99 هێزێکی تایبەتە و تاکە ئامرازێکی سیاسی سەربەخۆیە کە لە بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە، کە ڕێگەی پێدەدات کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دەستپێشخەری خۆی ئەنجام بدات بۆ دەرکردنی ئاگادارکردنەوە دەربارەی هەڕەشە نوێیەکان بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەو بابەتانەی کە هێشتا لە ئەجێندای ئەنجومەنەکەدا نین.

هەروەها دوێنێ چوارشەممە ٦ی کانوونی یەکەم، ئەنتۆنیۆ گۆترێس، لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی :" بە لەبەرچاوگرتنی مەترسی لە کار کەوتنی سیستەمی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی لە غەزە، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش ئەکەم بەر بەوە بگرێت قەیرانی مرۆیی روو بدات و تکایان لێ دەکەن، دەستبەجێ ئاگربڕێکی مرۆیی رابگەیەنن".

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی:" ئەمە یەکەمجارە لەو کاتەوەی وەک سکرتێر دیاری کراوە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە، ماددەی ٩٩ی جاڕنامە بەکار ئەهێنێت".

جێگەیباسە، زۆربەی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هاودەنگن لەسەر ئەوەی دەستبەجێ جەنگ رابگیردرێت، بەڵام ئەمریکا کە دیارترین و سەرەکیتری هاوپەیمانی ئیسرائیلە، مافی ڤۆتۆی هەیە لەم ئەنجومەنەدا و تا ئێستە پەیوەست نەبووە بەو کۆدەنگییەوە.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار