كتێبخانەكانی دهۆك لەلیواری مەرگدان
10 مانگ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
كتێبخانەكانی سنوری پارێزگای دهۆك لەلیواری مەرگدان،ئەوەش بەهۆی پشتگۆیخستنی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، كێشەی ستاف و شوێن دیارترین كێشەن كەدەیان ساڵە رووبەڕووی كتێبخانەكانی پارێزگای دهۆك بووەتەوە، هیچ ئاسۆیەكیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دیارنیە، ئەمە لەكاتێكدایە تەنها لەساڵی 2023دا لەسنوری پارێزگای دهۆك 900 پرۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێکراون .
كتێبخانەی ئاكرێ لەساڵی 1963 دروستكراوە یەكێكە لەكۆنترین كتێبخانە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كەشوێنی دانانی كتێب نەماوە، هاوكات كتێبخانەی ئامێدیش بەهەمانشێوە بەبێ پاسەوانە، هەروەها كتێبخانەكانی مانگێش و بامەرنێ بەهۆی نەبوونی شوێن و ستاف ناوەكانیان تەنیا لەسەر كاغەزە .
عەبدولقەهار ئەحمەد، بەڕێوەبەری كتێبخانەی قەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی وت « بینای كتێبخانەكە زۆرخراپە و بەشی زۆری كتێبەكان تێكچوون ئەوەش بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو، نزیكەی 25 هەزار كتێبمان هەیە، دەستمانكردووە بەجەردی ساڵانەو بەپێی تایبەتمەندی و زمانە جیاوازەكانی جیاكاری بۆ دەكەین، بەشی زۆری كتێبەكان مێژوویەكی زۆر كۆنیان هەیە».
عەبدولقەهار ئەحمەد دەشڵێت « بەفەرمی داوامان لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە بیانەیەكی تازەمان بۆ دروست بكەن تا لەم كێشەیە رزگاربین، ئەگەر بینایەكی تازەمان بۆدروستكرا ئەوا ئەوكات دەتوانین هەموو كتێبەكانمان لەشوێنی باش دابنێن و رێكوپێكتر دەبێت، هاوكات خوێندنكاران و كەسانی گشتی سەردانمان دەكەن».
هەرچی كتێبخانە تاقانەكەی ئامێدییە زیاتر لەساڵێكە بەبێ پاسەوان ماوەتەوە، هاوكات بیناكەش هی شارەوانییەو چەند جارێك داوایانكردووە بیناكە خاڵی بكەن بۆ شارەوانی .
سەلمان زۆبێر، بەڕێوەبەری كتێبخانەی ئامێدی بەهاوڵاتی وت: كتێبخانەی ئامێدی دوو پاسەوانی هەبوو بەڵام لەماوەی ساڵانی 2021 و 2022 هەردووكیان خانەنشین بوون، تائێستا هیچ كەسێك لەشوێنیان دانەنراوە، كێشەی گەورەتر لەمە ئەو بینایەی كەئێستا دەوامی تێدا دەكەین هی شارەوانییە ئێمە وەكو میوانین، بەفەرمی داوایان لەئێمە كردووە شوێنەكە خاڵی بكەین نازانین چی بكەین، داوامانكردوە كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن بەڵام تائێستا چارەسەرنەكراوە».
كتێبخانە تاقانەكەی ئامێدی لەساڵی 1989وە كراوەتەوە، 12 هەزار و 200 ناونیشانی جۆراجۆری تێدایە، لەئێستادا مانگانە تەنها 75 هەزار دینار بۆ كتێبخانەكە خەرجدەكرێت ئەوەش بەشی هیچ ناكات.
مەسعود خالد حەسەن، بەڕێوەبەری كتێبخانە گشتییەکان لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: لەپارێزگای دهۆك هەشت كتێبخانەمان هەیە كەئەوانیش دهۆك ، زاخۆ، ئاكرێ، ئامێدی، شێخان، سێمێل، مانگێش و بامەڕنێ، بەڵام هەریەك لەكتێبخانەی مانگێش و بامەرنێ بەهۆی نەبوونی شوێن و ستافی كارو كەلوپەل كارا نین و ناوەكانیان تەنیا لەسەر كاغەزە،حكومەتی هەرێم بۆ كتێبخانەكانی كارا بەتایبەت ئەوانەی پێش 2014 دامەزراون ، پێشینەی مانگانەی بۆ خەرج دەكردن ، بەڵام بۆ كتێبخانەكانی سێمێل مانگێش و بامەرنێ پێشینەیان خەرج نەكردووە چونكە ستافیان نیە».
هەرێمی كوردستان بەگشتی 92 كتێبخانەی گشتی سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هەن ، 30 یان دەكەونە سنوری پارێزگای هەولێرو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، 26یان لەسلێمانی و هەشتیان لەپارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەشیان لەپارێزگای هەڵەبجە، 12 لەئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و 10 لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانن.
لەپارێزگای دهۆك ساڵی 2022، 502 ژمارەی سپاردن درابوون بەنووسەران و ساڵی 2023 ژمارەی سپاردن گەیشتووەتە 556، لەم ژمارەیە 299 كتێب دوای چاپكردنیان بۆ كتێبخانەی بەدرخان لەدهۆك نێردراون، لەساڵی 2022 ئەوانەی سەردانی كتێبخانەی بەدرخانیان لەسەنتەری دهۆك كردووە حەوت هەزار و 722 كەس بوون، لەساڵی 2023 ژمارەیان گەیشتووەتە 14 هەزار و 193 كەس.
«بەدواداچوونمان بۆ كێشەكانی كتێبخانەی ئاكرێ و ئامێدی كردووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی خرابی ئابووری هەرێمی كوردستان كێشەكان هەروەكو خۆیان ماونەتەوەو چارەسەرنەكراون، لەناوەڕاستی ساڵی 2023و لەسەر داواكاری پارێزگاری دهۆك پلانی ستراتیجیمان بۆ دروستكردنی بینای تازە لەهەموو قەزاو ناحیەکان رادەستی پارێزگاری دهۆك كرد تاوەكو لەماوەی سێ ساڵدا بەشێك لەبیناكان دروستبكرێن « مەسعود خالد وای وت.