پارە بەسەر وەزیر و بەڕێوەبەرانی وەزارەتێکی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت
7 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو پارەیەی لەلایەن کۆمپانیای کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە دابین دەکرێت، دابەشی دەکات بەسەر نووسینگەی وەزیری بازرگانی و بەرێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئاڕاستەی نووسینگەی بریکاری کاروباری بازرگانی کراوە، ئەو بڕە پارەیەی لە کۆمپانیای گشتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە رەوانە دەکرێت، بەسەر نووسینگەی وەزیری بازرگانی و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگان و بەرێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی دابەش دەکرێت.
ئەوەش لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەرێوەبەرەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتى گشتی پلاندانان، کە ژمارەیان هەشت بەرێوەبەرە، هەر یەکەیان ٢٠٠ هەزار دیناریان بۆ خەرجدەکرێت و فەرمانبەرەکانیش ١٥٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت، هەروەها ئەو پارەیەی لە کۆمپانیای گشتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە دابیندەکرێت، بڕی ملیۆنێک دیناری بۆ وەزیری بازرگانی دەبێت و بریکارانی وەزارەت ٩٠٠ هەزار دینار وەردەگرن.