ئەو بابەتانە چین كە كورد و شیعە و سوننە ململانێی لەسەر دەكەن؟
کورد و شیعە و سوننە
3 هەفتە لەمەوپێش
كورد پشتگیری له گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەدات
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
كورد و سوننە و شیعە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ململانێیانە لەسەر پەسەند كردنی سێ پڕۆژە یاسا، بۆ پەسەند كردنیشیان پێویستە لەناو خۆیاندا رێكبكەون، یان هەر ئاوا بە هەڵواسراوی دەمێننەوە.
ئەو بابەتانەی مشتومڕ و ملمڵانێیان لەسەرە لە پەرلەمانی عێراق بریتین لە پرۆژە یاسای هەمواری گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانی کە کورد پێشکەشیکردووە، پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی کە سوننە پشتیوانیی دەکات، پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسیی کە شیعە پشتیوانیی دەکات و جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوان کورد و شیعە و سوننە هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو سێ پرۆژە یاسایەی ماوەیەکە مشتومڕیان لەسەرە.
یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان
پرۆژە یاسای هەمواری گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانی، كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبى بەعسی هەڵوەشاوە دەیگرێتەوە، بەشدار دەبێت لە گەڕانەوەی موڵک و زەوی بۆ خاوەنەکانیان و سڕینەوەی کاریگەریەکانی تەعریبكردن و راگواستن و پڕۆژە یاسایەکی گرنگە بۆ کورد وهەموو پێکهاتەکان سوودمەند دەبن لە پەسەندکردنی ئەم یاسایە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا.
بە پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە ملیۆنێک دۆنم زەوی دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو کێشەیەی کە ساڵانە لە نێوان خاوەنی ئەو زەویانەدا نوێ دەبێتەوە بەهۆی بڕیارەکانی حزبى بەعسی هەڵوەشاوە کۆتایی دێت.
پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی
پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی ئەو عێراقییانە دەگرێتەوە کە سزای لەسێدارەدان یان یەکێک لە سزاکان یان ڕێوشوێنی زەوتکردنی ئازادییان بەسەردا سەپێنراوە، جا سزاکە لە ئامادەبوون یان غیابیدا بووبێت.
تێپەڕاندنی پرۆژەی ياسای لێبووردنی گشتی یەکێک بوو لە مەرجی سوننەکان بۆ بەشداریی لە حکومەتەکەی سودانی، لە ڕابردوودا چەند جارێک هەوڵ دراوە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژە یاسایە بکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە نەکراوە.
لێبوردنی گشتی بریتی دەبێت لە دووبارە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو زیندانیانەی کە لەلایەن ئەو زانیاریدەرە نهێنییەوە بوختانیان پێکراوە، هەروەها ئەو کەسانەی کە دانپێدانانەکانیان بە زۆر و ئەشکەنجە دەرهێنراوە بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی تەندروستی.
پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسیی
ئەم هەموارە زیاتر باسی ئەوە دەکات لەکاتی هاوسەرگیریدا هەردوولا سەرپشکن لەوەی کە ئەحکامی یاسایی یان ئەحکامی مەزهەبی پەیڕەو دەکەن، هەروەها ئەگەر ژن و پیاوەکە مەزهەبیان جیاوازبوو مەزهەبی پیاوەکە بەسەر ژنەکەدا دەسەپێندرێت و خاڵێکی دیکەی یاساکە ئەوەیە کە هەندێک مەزهەب پێیان وایە کچ لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە باڵغ دەبێت و دەتوانێت هاوسەرگیری بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە یاسا تەمەنی ١٨ ساڵیی دیاریکردووە بۆ هاوسەرگیری و هەموارە نوێیەکە یاسای پشتگوێ خستووە، ئەگەر وەقفی شیعە یان سوننە ڕێگەپێدانی بدەنێ پێویستە دادگا ئەو هاوسەرگیرییە پەسەند بکات کە تەمەنیان هەرچەندێک بێت، ئەمەش بە ڕوونی پەراوێز خستنی ڕۆڵی دادگایە و گەڕانەوەیە بۆ حوکمی کۆنی مەزهەبە جیاوازەکان و ئاڵۆزی و ناکۆکی زۆری تێدایە، بۆیە ئەگەر ئەم هەموارە جێبەجێ بکرێ لەناو مەزهەبی شیعەدا کچان لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە دەتوانن شوو بکەن.
یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو، زیاتر لە ١٥ جار هەموار کراوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە گۆرانکاریەکانیش بەجۆرێک بوون هەمیشە بەلەبەرچاو گرتنی پاراستنی خێزانی عێراقی بووە لەپێناو پەرتەوازە نەبوون و ئاسایشی باری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عێراقی تێدا پارێزراو بێت.