دۆلاری ساختە بازارى دراوى دیمەشق داگیردەکات
4 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم دراوانە، بەتایبەتی پارەی 100 دۆلارى، سەرلێشێواوییەکی گەورە دروست دەکەن.
- هەندێک لەوانەی کە فێڵیان لێ کراوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دراوە ساختانە لە ڕووی پێکهاتەو شریتی سێ ڕەهەندیەوە هاوشێوەی ئەسڵیەکەیە.
- پارەگۆڕەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڵاوبوونەوەی دۆلاری ساختە لە دیمەشق، ڕەنگە لەتورکیاوە و بەشێوەیەکى نایاسایی هێنرابێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی سووریا، بازرگانان و دانیشتووانی دیمەشق و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە بوونەتەوە، چونکە دۆلاری ساختە بە ڕێژەیەکی بەرزو یەکسانبوون لەسەدا ٩٠ بۆ ٩٥ لەگەڵ دۆلاری ئەسڵیدا لەناوبازاردا بڵاوبۆتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم دراوانە، بەتایبەتی پارەی 100 دۆلارى، سەرلێشێواوییەکی گەورە دروست دەکەن، چونکە ئەو دۆزەرەوە تەقلیدییانە فریودەدەن کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سووریا بەکاردەهێنرێن.
هەندێک لەوانەی کە فێڵیان لێ کراوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دراوە ساختانە لە ڕووی پێکهاتەو شریتی سێ ڕەهەندیەوە هاوشێوەی ئەسڵیەکەیە و جیاوازییەکانى زۆر کەمە و بەئاستەم دەدۆزریتەوە، ئەمەش وایکردووە پارەگۆڕەکان و بازرگانەکان بە وردی پشکنین بۆ دراوەکان بکەن، یان مامەڵەکردن بە بڕێکی کەمەوە بکەن.
پارەگۆڕەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڵاوبوونەوەی دۆلاری ساختە لە دیمەشق، ڕەنگە لەتورکیاوە و بەشێوەیەکى نایاسایی هێنرابێت، کاسبکاران و هاوڵاتیانی دیمەشق دەستیان کردوە بە وێنەگرتنی ئەو دۆلارانەی کە دەیکڕن و ژمارەکانیان لەگەڵ ژمارەی ئەو کەسەی ئاڵوگۆرى پێوەدەکات و خەرجی کردووە، بەمەبەستی ئاماژەدان بە ناوبراو ئەگەر دەرکەوت ئەو دراوەی فرۆشتوویانە ساختەیە.