بی بی سی: لەسەر داواکارى بەریتانیا لە سلێمانى سێ کەس دەستگیردەکرێن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاژانسی نیشتیمانیی تاوانەکانی بەریتانیا، رایدەگەیەنێت لە شارى سلێمانى لە هەرێمی کوردستان، سێ کەس دەستگیرکراون، بەتۆمەتى ئەوەى لە تۆڕێکی جیهانی قاچاخچێتیدا بوون کۆچبەریان دەگواستەوە بۆ بەریتانیاو ئەوروپا.
تۆڕی هەواڵی بی بی سی بڵاویکردەوە، ئاژانسە بەریتانیەکە، ئەو سێ کەسە، بە هاوبەشیی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی لەنێوان 8 بۆ 12ـی ئەم مانگە دەستگیرکراون و لە ئێستادا بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەرکراون و لێپێچینەوەیان لێدەکرێت.

بەپێى راگەیەندراوەکە، "ئەو گرووپەی دەستگیرکراون پەیوەندییان بە تۆڕەکەی ئامانج حەسەن زادەوە هەیە، قاچاخچییەکە هەڵگرى رەگەزنامەى بەریتانیایە، ساڵى رابردوو دەستگیرکرا بەهۆی ئەوەى رۆڵی لە گواستنەوەى کۆچبەراندا هەبوە بە بەلەمی بچووک لە رێگەی کەنداوی ئینگلیزەوە، دواتر بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.

ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرەیە، ئەفسەرانی NCA راستەوخۆ لەکوردستان بن و بۆ هاوکاریکردنی هێزە ئەمنیەکان لە دەستگیرکردنى ئەو گروپەدا.
ئاژانسە بەریتانییاکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیر کراوە خەڵکی پارێزگای سلێمانییە، تەمەنی 38 ساڵە و بەوە تۆمەتبارە کە لەگەڵ تۆڕێک هاوئاهەنگیی کردووە کە خەڵکیان بە بەلەم لە یۆنانەوە گەیاندووەتە ئیتاڵیا.
یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان هەر خەڵکی سلێمانییە، تەمەنی 40 ساڵە و پارەی لەو کۆچبەرانە وەرگرتووە کە ئامانج حەسەن بۆ وڵاتانی ئەورووپا بردوونی.

ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنەکە لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئەمدواییەی بەریتانیا لەگەڵ عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی سنورەکان واژۆیان کردووە، ئەنجامدراوە.
کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و رێککەوتنی هاوبەشییان واژۆ کرد.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە بەریتانیا بەبڕی 800 هەزار پاوەن هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی، کۆچی نایاسایی، تاوانە رێکخراوەکان و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار