وەزارەتى دارایی: فەرمانبەران مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن
4 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتى دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەمزووانە نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن، بۆ ئەم مەبەستەش، لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزا ڕێککەوتنێکی ستراتیژیان واژۆ کردوە بۆ پەرەپێدانی گشتگیری ئابووری.
بەپێى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی، کە ئەمڕۆ چوارشەممە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویانکردوەتەوە، ئەم ڕێککەووتنەیان لەگەڵ کۆمپانیاى فیزا، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەدان لەڕێگای کاش و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و سوودە بانکییەکان و بنیاتنانی ئابووریەکی دیجیتاڵی گشتگیر و بەهێز دەردەخات.
لەبەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی هەژماری من ڕێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەکات.
وەزارەتى دارایی دەڵێت ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی شێوازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و بەرەو پێشبردنی گشتگیری ئابووری لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین کەمپەینی پەروەردەیی و هۆشیاری لە بارەی پارەدانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریەکانی بانکی لە هەرێمی کوردستان.
بەپێى رونکردنەوەکانى وەزارەتى دارایی: ئەمەش هاوکاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات لەوەی کە بتوانن زیاتر پشتببەستن بە پارەدانی دیجیتاڵی لە کاروباری ڕۆژانەیاندا، ئەمەش بەوپێیەی کە بەمزووانە نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.
هەروەها ئەوەش دەڵێن: هەر لە چوار چێوەی ئەم ڕێککەوتنەشدا، کۆمپانیای ڤیزا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری چەندین سیمینار و وۆرکشۆپ بۆ سوودمەندانی پڕۆژەکە ڕێکدەخات سەبارەت بە سوودەکانی گشتگیری ئابووری و شیکردنەوەی باشترین ڕێگاکانی بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی و سوود و خزمەتگوزاریەکانی بانکی.
پڕۆژەی هەژماری من، پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران.