وەزارەتی دارایی هەرێم: عێراق تەنها مووچەى ١٠ مانگى ناردووە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لەڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتی دارایی حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، حکومەتى فیدراڵى عێراق، تەنها لە ٤٨%ى شایستەی لەبەشە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بە ٥٢ گوژمە ناردووە، ئەو تەمویلەش بەنزیکەیی دەکاتە مووچەی (١٠) مانگی مووچە خۆران.
ئەمرۆ چوارشەممە، جارێکى دیکە وەزارەتى دارایی رونکردنەوەى لەبارەى بەشە بوجەى هەرێمەوە بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى داراییدا هاتووە: بەپێی کشف حسابی بانکیمان لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەرێم / هەولێر، لە(٢٠٢٤/١/١ تا ٢٠٢٤/١٢/٣١) وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەکۆی (٢٠،٩١٠،٤٦٣،٩٥٠،٠٠٠) تەنها (١٠،٠٢٦،٨٨٣،٥٤٤،٥٨٩) دیناری ناردووە کە دەکاتە تەنها (٤٨ ٪)ی کۆی شایستەکانی هەرێم بە پێی یاسای بوودجەی گشتی عێراق.
وەزارەتى داریی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، لەساڵی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی فیدراڵ یەک دیناری بۆ خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
هەروەها دەڵێت ئەو تەمویلەشی بۆ مووچە ناردویەتی بەنزیکەیی دەکاتە مووچەی (١٠) مانگی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە تێکڕای ساڵەکە، ئەو پارەیەشی ناردویەتی بەپچڕ پچڕو بە (٥٢) گوژمە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.