قوباد تاڵەبانى: ڕێکدەکەوین بیانوو نامێنێتەوە بۆ دابەشنەکردنى مووچە
8 كاتژمێر لەمەوپێش
جێگرى سەرۆک وەزیرانى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کێشەی بودجە و موچە پێویستە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێت، گەشبینم هەردوو لایەن بگەینە رێککەوتنی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و چیتر هیچ بیانوویەک نەمێنێتەوە بۆ بێبەشکردنی موچەخۆران لە شایستە دارییەکانیان.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمرۆ پێنج شەممە، قوباد تاڵەبانى لەگەڵ هەر یەکە لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا و ئاندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەتەوە.
قوباد تاڵەبانى دەڵێت: لەو کۆبونەوەیە، ڕامگەیاندووە کێشەی بودجە و موچە پێویستە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێت. هەروەها دەڵێت گەشبینم کە ئەنجامی ئەم دانووستانانەی ئێستا لە ئارادایە هەردوو لایەن بگەینە رێککەوتنی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
وتیشى: چیتر هیچ بیانوویەک نەمێنێتەوە بۆ بێبەشکردنی موچەخۆران و خەڵکی کوردستان لە شایستە دارییەکانیان.
لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە سەبارەت بە دۆخی سوریاش، جەختیان کردەوە کە بۆ سەقامگیرکردنی سوریا و ناوچەکە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە سورییەکان پێکەوە کاربکەن.
قوباد تاڵەبانى وتیشى: تا هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بەشداربن لە داڕشتنەوەی سیستمی نوێی سوریا و مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتیش پێکهاتەی کورد لە سوریای نوێدا گەرەنتی بکرێت.