مامۆستایانى مانگرتوو دەچنە بەغدا بۆ بەردەم ئەنجومەنى وەزیران

3 كاتژمێر لەمەوپێش



مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، ڕایدەگەیەنن بەنیازن شێوازى مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان لەڕۆژانى داهاتوودا بگۆڕن و بچنە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق و لەوێ درێژە بەمانگرتن و خستنەڕووى داواکاریەکانیان بدەن.
ئەمڕۆ سێ شەممە، ماوەی هەشت ڕۆژە، 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.

مامۆستا هادى حەمەڕەشید یەکێکە لەو مامۆستا مانگرتووانە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو دواى ئەوەى حکومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیارەکانى دیکە، وەک پێویست نەهاتوون بەدەمیانەوە، دەیانەوێت و بیریان لەوەکردوەتەوە رێگەیەکى نوێى ناڕەزایەتى هەڵبژێرن.
هادى حەمەڕەشید وتى بیرمان لەوەکردوەتەوە مانگرتووەکانى سلێمانى بچینە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە بەغداد بە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن و لەوێ درێژە بەناڕەزایەتیەکانمان بدەین.
هاوکات دڵشاد میرانى نوێنەرى مانگرتووانى سلێمانى، ئەوەى خستەڕوو، ئەگەر دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان و عێراق وەڵامیان نەدەنەوە، بەنیازن رێگاى دیکە بگرنەبەر.
هەروەها دڵشاد میرانى، مامۆستاى مانگرتوو وتیشى: ئەنجامى ئەو رێککەوتنەى کە لە بەغداد کراوە تاوەکو ئێستا ئەوە نییە کە ئێمە مانمان بۆ گرتووە.

دوێنێ دووشەممە، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ پشتگیریکردن لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان ڕوویان لە سلێمانی کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی داوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕەوا ناوبرد، بەڵام هێرشیکردە سەر بەشێک لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان و بە نزیکایەتی لە گروپە شیعەکان تۆمەتباری کردن.
هاوکات جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم و بەرپرسی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند،"مانگرتن مافی ڕەوای مامۆستایانە، بەڵام نابێت مامۆستایان قوتابییان بەرەڵا بکەن."
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەنزیکەوە چاودێری دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو دەکەم کەماوەی چەندڕۆژێکە لە سلێمانی بۆ داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچە، مانیان لەخواردن گرتووە. چارەسەرکردنی کێشەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داوایەکی ڕەوایەو هەموومان پشتگیری لێدەکەین."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار