بوونی ئەسەد لە مۆسکۆ وەک کارتێکی بەهێزی فشار دەمێنێتەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
بوونی ئەسەد لە مۆسکۆ وەک کارتێکی بەهێزی فشار دەمێنێتەوە بۆ روسیا، ئەم کارتە دەتوانێت لە دانوستاندنەکانی داهاتوودا، لەگەڵ حکومەتی شەرع یان وڵاتانی خۆرئاوا بەکاریبهێنێت
نووسەر: کارۆخ سەید ڕزگار
روسیا و یاسای مافی مرۆڤ
پرسی رادەستکردنەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی پێشووی سوریا، لەلایەن روسیاوە بە حکومەتی نوێی دیمەشق کە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکات، خاڵی بەریەککەوتنی دوو بەرژەوەندیی گەورەیە: ئەمنی و ستراتیژی، روسیا لە لایەک و پێویستیی بەدەستهێنانی دادپەروەری لە لایەکی تر.
روسیا بە رەسمی رایگەیاندووە، کە رادەستکردنەوەی ئەسەد «مەحاڵە» و دژی جاڕنامەی مافی مرۆڤە، بەڵام ئەمە تەنها پاساوێکی دیپلۆماسیانەیە.
بنەمای بڕیارەکە، پراگماتیزمی ستراتیژی روسیا
بڕیاری روسیا بۆ پاراستنی ئەسەد لە مۆسکۆ بە هیچ شێوەیەک هەڵوێستێکی «مرۆیی» نییە، بەڵکو بریتییە لە:
*پاراستنی میراتی جیۆپۆلەتیکی: روسیا لەپێناوی مانەوەی ئەسەددا چەندین ساڵ تێچووی سەربازی و دیپلۆماسی دا، رادەستکردنەوەی ئەسەدیش، واتە داننان بە شکستی تەواوی ئەو پرۆژە ستراتیژییە و هەژموونی مۆسکۆیە لە سوریا.
*پەیامی دڵنیایی بە هاوپەیمانان: روسیا دەیەوێت پەیامێک بگەیەنێتە هاوپەیمانەکانی دیکەی، لەوانە (بێلا روس، ئێران، یان ڤەنزوێلا) کە، «مۆسکۆ هەرگیز دەستبەرداری دۆستەکانی نابێت»، ئەمەش بۆ پاراستنی متمانە و پێگەی خۆیەتی وەک پشتگیرییەکی جیهانی.
*دوا کارت لە دەستی روسیادا: بوونی بەشار ئەسەد لە مۆسکۆ وەک کارتێکی بەهێزی فشار دەمێنێتەوە بۆ روسیا، ئەم کارتە دەتوانێت لە دانوستاندنەکانی داهاتوودا، لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا یان وڵاتانی خۆرئاوا بەکاریبهێنێت.
بەریەککەوتنی لایەنی مافی مرۆڤ
دادپەروەری رەها: داوای رادەستکردنەوەی ئەسەد لەلایەن حکومەتی نوێی سوریاوە، بۆ دادگاییکردن لەسەر تاوانەکانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی، (کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە بەڵگەوە سەلمێنراون)، بنەمایەکی رەوای مافی مرۆڤە و لەگەڵ پرەنسیپی بەرپرسیارێتی مافی مرۆڤ یەک دەگرێتەوە).
دووڕوویی سیاسی: کاتێک روسیا رادەستنەکردنەوەکە بە «پاراستن لە تۆڵەسەندنەوە» ناو دەبات، لە راستیدا دەیەوێت رێگە لە دادپەروەری بگرێت و بە دروستکردنی پاساوێکی «مرۆیی»، لە ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی دوور بکەوێتەوە.
دەرئەنجامی سیاسیی گشتی
بڕیاری روسیا بە داڵدەدانی بەشار ئەسەد، بریتییە لە قوربانیکردن بە پرەنسیپەکانی دادپەروەری نێودەوڵەتی، لەپێناوی بەرژەوەندییە گەورەکانی دەوڵەتدا، مۆسکۆ بەم کارە پێگەی خۆی وەک پارێزەری دۆستە دکتاتۆرەکانی دەچەسپێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەمە دژی ئامانجە بنەڕەتییەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤیش بێت.
