یەکێتی و پارتی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەهێز نابن

7 كاتژمێر لەمەوپێش



موفید محمد نووری

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر وادەیەکی هەڵبژاردندا، شانۆگەرییەکی سیاسیی دووبارە دەست پێ دەکاتەوە کە تێیدا حزبە سیاسییە باڵادەستەکان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی، دەکەونە جووڵە و هەڵمەتەکانیان چڕ دەکەنەوە. ئەم جووڵەیە لە بنەڕەتدا هەوڵێک نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ڕیشەییەکان، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوە و داپۆشینی ئەو کەموکوڕی و شکستە کەڵەکەبووانەی کە لە ماوەی دەسەڵاتدارییاندا دروستیان کردووە. لە ڕێگەی شاشەی تەلەڤیزیۆن، میدیای سێبەر و سۆشیال میدیاوە، وێنەیەکی خەیاڵی و ناواقیعی لە دەسەڵات و دەوڵەمەندیی خۆیان پشان ئەدەن و خەڵک نوقمی بەڵێنی بریقەدار دەکەن. بەمەش کار لەسەر دەروونیی هاووڵاتییان دەکەن. کاتێک جارێکی تر بەڵێنی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا و ڕێگەوبان دەدرێتەوە، کە لە بنەڕەتدا ئەرکی سەرشانی هەر دەسەڵاتێکن نەک دەستکەوتێک بۆ بانگەشە، ئامانج لێی گۆڕینی ئاڕاستەی بیرکردنەوەی خەڵکە. لەبری ئەوەی هاووڵاتی بیر لە بێکاری، گەندەڵی، نەبوونی دادپەروەری و داهاتوویەکی نادیار بکاتەوە، سەرنجی دەخرێتە سەر چاوەڕوانییەکی کورتخایەن و هیوا بە چارەسەرێکی ڕووکەش.
   لە کاتێکدا گرنگترین بنەمای ئابوورییەکی تەندروست فەرامۆش دەکەن، کە ئەویش "داهاتی خێزان "(Household Income)ە. ئەم چەمکە تەنها بریتی نییە لە مووچەی فەرمانبەرێک، بەڵکو بزوێنەری سەرەکی و سووڕی ئابووریی هەر وڵاتێکە. ئابوورییەکی زیندوو لەسەر بنەمای داهاتی خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگە بنیات دەنرێت. بەبێ «داهاتی خێزان»، تەنانەت ئەگەر حکومەت خەزێنەشی پڕ بێت لە پارە، بازاڕ تووشی سستی دەبێت، چونکە کڕیار نامێنێت و پارەکە لە سووڕی ئابووریدا بە کار ناهێنرێت.

بابەتی «داهاتی خێزان» بناغەی سەقامگیریی کۆمەڵایەتییە. پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان داهاتی تاک و توانای سوودوەرگرتنی لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا هەیە. کاتێک حزبەکان لە بانگەشەکانیاندا باسی دابینکردنی ئاو و کارەبا و قیرتاوکردنی شەقامەکان دەکەن، پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئەگەر هاووڵاتی داهاتێکی نەبوو، چۆن دەتوانێت پارەی پسوولەی ئاو و کارەبا بدات؟ چۆن دەتوانێت سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکڕێت تا بەو شەقامە قیرتاوکراوەدا بڕوات؟ دابینکردنی خزمەتگوزاری بەبێ دابینکردنی «هێزی کڕین» بۆ خەڵک، تەنها دروستکردنی بارگرانییەکی نوێیە و سووڕێکی داخراوە لە قەرزاری و بێتوانایی.

   گەورەترین مەرجی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بوونی دەوڵەت و حکومەتێکی کارایە. کەچی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕی، بەڵام هێشتا حکومەت پێک نەهێنراوە و ئۆرگانەکانی دەوڵەت لە وەستاندان. ئەم ئیفلیجبوونە سیاسییە لە خەمخۆری بۆ وڵات و نیشتمانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو دەرەنجامی ململانێیەکی تەسکی حزبییە لەسەر پۆست و ئیمتیازات. کێشەکە دابەشکردنی پلە و پۆستە بەسەر کەسانی نزیک و لایەنگراندا. هۆکاری ئەم وەستانە، تەنها ململانێیەکی سادەی سیاسی نییە، بەڵکو گەیشتنە بە حاڵەتی "دابەشبوونی سیاسی" (Polarization). ئەم دابەشبوونە، کە تێیدا ناوەندی سیاسی لەناو چووە و کۆمەڵگە بەسەر دوو جەمسەری «سەوز و زەرد»دا دابەش بووە، وای کردووە کە ململانێکە لە کێبڕکێی سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ شەڕی ناسنامە و هەژموون. کە من پێم وایە لە ژێر کاریگەریی ئەمریکا و بەڕیتانیا زیاتر پەرەی سەند، کە خواستێکی کۆڵۆنیالیزمیی ئەوانە بۆ دەستەمۆکردنی میلەتانێک کە سەربەخۆییان بە دەست نەهێناوە. تەنانەت ئەگەر سبەی حکومەتێکیش پێک بهێنرێت، بەڵام هەمان میکانیزمی پێشووی هەبێت و هەڵگری هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و فەلسەفەیەکی نوێی حوکمڕانی نەبێت، ئەوا بوون و نەبوونی هیچ جیاوازییەکی نابێت.

 ئەوەی جێی سەرنجە، پارتی و یەکێتی بە پیرۆزییەوە باس لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن و بە چارەنووسساز وەسفی دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق بووەتە نموونەیەکی جیهانی بۆ شکست؛ وڵاتێک کە لە لووتکەی لیستی گەندەڵترین و ناسەقامگیرترین دەوڵەتەکانی جیهاندایە. لۆژیکی سیاسیی دروست وا دەخوازێت کە یەکێتی و پارتی ئەم مۆدێلە شکستخواردووەی عێراق وەک وانەیەک بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بکەنەوە و هەوڵ بدەن هەرێم لەو چارەنووسە بپارێزن. بەڵام بە پێچەوانەوە، بانگەشە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەیەکدا دەکەن کە خۆی سەرچاوەی قەیرانەکانە. وەک ئەوەی بەغدا نموونەی سەرکەوتن و حوکمڕانیی باش بێت! ئەمە لە کاتێکدا کە دەبینین لەم ماوەدا بوو کەسایەتیەکی سیاسی (سەفا مەشهەدانی) لەناو عێراقدا تیرۆر کرا. ئەم ڕووداوە بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەوەی ئەو عێراقەی کە ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن، جێگەی هیوا نییە، بەشداریکردن لە مۆدێلێکی لەو جۆرە، بەبێ هەڵوێستێکی نیشتمانیی ڕوون، مانای کێشکردنی هەرێمە بۆ ناو هەمان ئەو زۆنگاوەی کە عێراقی تێدا نوقم بووە.

بۆ هاووڵاتییانی کوردستان، هەڵبژاردنەکانی هەرێم چیتر ئەو پیرۆزی و شکۆمەندییەی جارانیان نەماوە و کەس پێیان سەرسام نییە. چونکە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە بەرهەمی خێرای دەبێت و دەبوایە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، حکومەت پێک بهێنرێت و کابینەی وەزارەت دەستنیشان بکرێت. دواکەوتنی ئەم پرۆسەیە بۆ زیاتر لە ساڵێک نیشانەی ئەوەیە کە خودی پرۆسەکە لەلایەن حزبەکانەوە بە جدی وەرنەگیراوە و تەنها کارتێکی فشارە لە ململانێکانیاندا.

 لێرەوە پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێشەوە: ئایا نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی بەغدا چ کاریگەرییەکیان هەبووە و چ دەستکەوتێکیان بۆ کورد بە دەست هێناوە؟ ڕاپۆرتیکارەکانیان لیستی شکستە یەک لەدوای یەکەکانە: ئایا توانیویانە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان؟ ئایا فشاریان دروست کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە؟ ئایا توانیویانە کێشەی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر بکەن؟ بەداخەوە، وەڵامی هەموو ئەمانە نەخێرە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمان ئەو عێراقە شکستخواردووە، توانیویەتی دوا دیناری قەرزی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سەدامەوە لە ساڵی ١٩٩٠ بداتەوە. بەڵام نوێنەرانی کورد ناتوانن مافە دەستوورییەکانی خەڵکی خۆشیان بە دەست بهێنن. هەڵبژاردنەکان لە دیدی ئەم حزبانەوە وەک «پۆلی یەک»ی قوتابخانە وان. چوار ساڵ جارێک، زەنگ لێ دەدرێت و هەمووان دەگەڕێنەوە خاڵی سەرەتا و هەمان وانە دووبارە دەڵێنەوە. بەڵام بۆ خەڵک، هەڵبژاردن بووەتە بیرخستنەوەیەکی تراجیدی. لە هەر هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا، ملیۆنان دۆلار بۆ پۆستەر و بانگەشەی بریقەدار خەرج دەکرێت. ئەو پارە زەبەلاحەی کە بە فیڕۆ دەچێت، دەکرا سەدان کارگە و نەخۆشخانە و قوتابخانەی پێ دروست بکرایە و هەلی کاری بۆ هەزاران گەنج بڕەخساندایە.

   سەیرترین لایەنی ئەم حوکمڕانییە لە شێوازی مامەڵەکردنیدایە لەگەڵ دۆخی داراییدا. کاتێک پارە و داهات کەمە، حکومەت «خۆی گرژ دەکاتەوە»؛ واتە سیاسەتی خۆگرتنەوە و کەمکردنەوەی خەرجی و بڕینی مووچە پەیڕەو دەکات و فشارەکە دەخاتە سەر شانی هاووڵاتییان. بەڵام کاتێک داهات زۆرە و پارەیەکی زۆر دێتە بەردەست، لەبری ئەوەی بە پلان و بەرنامە بۆ پڕۆژەی ستراتیژی و پاشەکەوت بە کاری بهێنێت، «خۆی بەڕەڵا دەکات». ئەم بەڕەڵاییە لە زیادبوونی گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی، و بردنە دەرەوەی پارە بۆ بانکەکانی ئەوروپادا خۆی دەبینێتەوە. لە کاتێکدا دەبوو بە پێچەوانەوە بێت: لە کاتی نەبوونیدا، دادپەروەرانە داهات دابەش بکرێت و لە کاتی هەبوونیدا، بە وردی و ژیرانە بەڕێوە ببرێت. کەواتە، یەکێتی و پارتی لە هەڵەیەکی ستراتیژیدا گەوزاون ئەگەر پێیان وا بێت بەشداریکردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی عێراقێکی شکستخواردوو دەیانکاتە هێزێکی کاریگەر. هێزی ئەوان لە ژمارەی کورسییەکانی بەغداوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە ڕەوایی و متمانەی ناوخۆییەوە دێتە ئاراوە. ئەو هێزەی کە دەتوانێت بەرگەی گەورەترین قەیرانەکان بگرێت، لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکی ڕیشەیی و بوێرانەدایە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک هەبێت. ئەوەی بەڕاستی بەهێزیان دەکات، ئەم خاڵانەن:

یەکەم: بنیاتنانی ژینگەیەکی ئابووریی ئازاد و دادپەروەر. هێزی ڕاستەقینە لە جێبەجێکردنی ڕیفۆرمێکی ئابووری (دارایی) و باجدایە. ئەمەش بە واتای دەستتێوەرنەدان لە کاروباری بازاڕ و ڕێزگرتن لە سەرمایەی خاوەنکارەکان دێت. کەمکردنەوەی باجی قورس لەسەر موڵک و خانووبەرە و ئاسانکاری بۆ بزنسە بچووک و مامناوەندەکان، متمانە بۆ بازاڕ دەگەڕێنێتەوە و هەلی کاری ڕاستەقینە دروست دەکات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ «داهاتیخێزان» بەرز دەکاتەوە.

دووەم: شەفافیەت و لێپرسینەوەی بێ جیاوازی. حکومەتێکی بەهێز پشت بە میکانیزمێکی ڕوون و شەفاف دەبەستێت بۆ دابەشکردنی داهات و چاودێریکردنی خەرجییەکان. گرنگتر لەوەش، بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەبێت. کاتێک ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتیی باوەڕپێکراو چەند کاربەدەستێک بە گەندەڵی و بردنە دەرەوەی سامانی وڵات تۆمەتبار دەکات، بێدەنگیی حکومەت دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە. حکومەتێک کە نەتوانێت بەرگری لە پاکی و دەستپاکی خۆی بکات یان لانیکەم لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئەو تۆمەتانە ڕەت بکاتەوە، ئەوا بە شێوەیەکی کردەیی دەیسەلمێنێت کە خۆی بەشێکە لێی.

سێیەم: بێلایەنکردنی هەڵبژاردن لە ژیان و گوزەرانی خەڵک. یەکێک لە کارەساتەکان ئەوەیە کە هەڵبژاردن بکرێتە ئامرازێک بۆ یاریکردن بە چارەنووسی خەڵکەوە. لە سیستەمێکی ناتەندروستدا، هەڵبژاردن دەبێتە قومارێک؛ بەشێک لە خەڵک بەهیوای بردنەوەی حزبەکەیانن تا دەوڵەمەند بن و ئیمتیازات بە دەست بهێنن، بەشێکی تریش دەترسن لەوەی زەرەرمەند بن چونکە حزبەکەیان دەسەڵاتی لە دەست دەدات. دەبێت هەڵبژاردن تەنها پرۆسەیەکی سیاسی بێت بۆ گۆڕینی دەسەڵات، نەک دەست خستنە چارەنووسی خەڵک.

چوارەم: سەروەریی یاسا و گەڕاندنەوەی سامانی دزراو. هیچ چاکسازییەک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر دادگاکان سەربەخۆ و سەروەر نەبن. دەبێت دەسەڵاتی دادوەری ئەو هێزەی پێ بدرێت کە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بە شێوەیەکی گوماناوی و بەبێ هیچ پێشینەیەکی مێژوویی بوونەتە خاوەنی سامانێکی گەورە. دامەزراوەی دادوەری دەبێت بتوانێت ئەو سامانانەی کە لەسەر حیسابی قوتی خەڵک کۆ کراونەتەوە، بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بە کاری بهێنێت. ئەم هەنگاوە پەیامی متمانەبەخشینەوە دەبێت بۆ کۆمەڵگە. هێزی ڕاستەقینە لە دڵی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و لەناو متمانەی هاووڵاتییەکدایە کە هەست بکات حکومەتەکەی پارێزەری ماف و سامانی ئەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار