قۆناغی کۆتایی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری..

4 كاتژمێر لەمەوپێش



قۆناغی کۆتایی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و سەرەتای ئاواکردنی سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی.

ئازاد قادر

وەکوو ئەوەی کەدەزانرێت بۆئاواکرنی هەر سیستەم و ژیانێکی نوێ ، ئەوا پێویستە بونیادە کۆنەکە هەڵوەشێنرێتەوە و لەسەر بونیادێکی نوێی ئەزموون نەکراو ئاوا بکرێت ، بیرکردنەوەش لەبەلاوەنانی سیستەمێک و ئاواکردنی سیستەمێکی نوێ  لەدەرەنجامی سەردەمێکی پڕلەقەیران و کێشەوگیروگرفتەوە سەرچاوە دەگرێت کە کۆمەڵگای گەیاندبێتە بەوباوەڕیەی کەسیستەمی باوە کە کەلکی ڕیفۆرم و گۆڕانکاری تێدانەماوە ، قەیرانیش بۆخۆی لەوکاتەدا دەست پێ دەکات کەکۆمەڵگا دەرک بەوە دەکات کەئیتر هیچ هیوا و چارەسەریەکی بەو سیستەمە باوە نەماوە و لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ئەلتەرناتیفێکی دیکەیشی لەبەر دەست نیە.
لەقۆناغێکی وەهادا هەڵوەشاندنەوە و داڕوخانی کۆڵەکەکانی سیستەمی ماوەبەسەرچوو دەستپێ دەکات. 

شەڕ و کاولکاریەکی زۆربەرۆکی کۆمەڵگا دەگرێت و دەبێتە سەردەمی ئێش و ئازارێک لەمێژوودا تۆماربکرێت ، لەهەمان کاتدا دەتوانین ئەو ئێش  ئازارە ناوی لێبنێین ئێش و ئازاری لەدایک بوونێکی نوێ و دەسپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ و سیستەمێکی نوێ.

بۆیه دەتوانین بڵێین لەئێستادا تاکوو ئاستێکی بەرچاو مرۆڤایەتی ئەو قۆناغەی تێپەڕاندوە و دەزانین لەساڵی ۱۹۹۱ وە ناوچەکە بەقۆناغی هەڵوەشاندنەوە و چەندین شەڕ و کاولکاری دا تێپەڕیوە و ئێستا لەکۆتایی شەڕ و کاولکاری غەزەدا هەوڵی ئاواکردنی سیستەمێکی نوێ دەستی پێکردوە .

لەنێو ئەم هەوڵەشدا جارێکی دیکە کۆمەڵکا و زهنیەتی دەسەڵاتداری لەتێکۆشان و ململانێی خۆیاندا دەبن بۆ ئەوەی هەر یەکەیان بەجیاواز مۆری خۆی لەئاواکردنی سیستەمی نوێ بدات.

لەڕۆژئاوای کوردستان و سوریادا تاکوو ئاستێکی زۆرباش بەرەی کۆمەڵگا توانیویەتی نمونەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری خۆی پیشانی هەموو جیهان بدات و خۆی بکات بەو فریادڕەسەی کۆمەڵکا و هیوا و ئامانجەکانی کۆمەڵگای تێدا ببینرێت.

سیستەمی سەرمایەداری لەنێو قەیران و کێشەوئاڵۆزیەکانی خۆیدا دەیەوێت لەوناوەندەی خۆی هەڵبێت وبێت لەجێگایەکی دیکە و کۆمەڵگایەکی خامی دیکە ژیانێکی پڕلەشیرینی ژەهراوی کراو بخاتە بازاڕەوە و درێژە بەتەمەنی خۆی بدات ، واتا چیتر ئەوروپا ئەو ناوەندە نیه کەپێشتر سیستەم وەکوو بەهەشتەکەی خۆی پشانی دەدا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی وەکوو ئەو دۆزەخە ئاواکردبوو کەببێتە مایەی ئەوەی کەزیاتر بازاڕی بەهەشتەکەی ئەوروپای پێ گەرم بکات.

واتا لەئێستادا سیستەمی سەرمایەداری دەیەوێت لەغەزە وە دەست بکات بەئاواکردنی ئەوسیستەمەی خۆی کەلەئەوروپادا ئێکس پایەر بووە و خۆی لێی ڕادەکات ، لەچوارچێوە ماددی و فیزیکیەکەوە دەیەوێت لەغەزە وە شارستانیەتێکی نمونەیی پیشان بدات کەتەنیا لەئاواکردنی تەلارسازی و پێشخستنی پیشەسازی و پڕۆژەی ئابووری و فەراهەم کردنی خواست وویسته تاکەکەسیەکاندا کۆمەڵگای پێ بپوکێنێتەوە .

بەڵام گومانی تێدانیە لەم هەوڵەدا سیستەمی سەرمایەداری لەنیوەدا دەمێنێتەوە وناتوانێت ببێتە ئەوسیستەمەی کەلەئەوروپا تاکوو ئێستا لەسەرپێ خۆی گرتووە ، چوونکە هەموو  سیستەمێک و شارستانیەتێک چەندێک لەڕووی فیزیکیەوە ئاوادەکرێت و لەچوارچێوەی تەلارسازی و پێشخستنی سەرچاوەی ئابووری و هەلی کارەوە خۆی پێشبخات، لەهەمان کاتدا پێویستی بەبەرداکردنی ئەو ڕوحەش هەیە کەبتوانین ئەو جەستەیەی ئاوا کراوە وەکوو جەستەیەکی زیندوبیبینین و چاوەڕێی ئەوەی لێبکەین کۆمەڵگا ژیانی خۆی لەسەر بەڕێوە ببات.

واتا چۆن لەئەوروپادا سیستەمی سەرمایەداری ئاواکرا لەگەڵ پێش خستنی شۆڕشی پیشەسازی  و تەلارسازی و دابێنکردنی خواسته ژیانیە تاکەکەسیەکان وەکوو جەستەیەکی بێ ڕوح ، هەستان ڕوحیەتی دەوڵەت نەتەوەیان کرد بەڕوحی ئەو سیستەمه وتوانیویانە تاکوو ئەم سەردەمە درێژه بەخۆی بدات.

ئێستاش کاتێک لەغەزە وە دەخوازن نمونەی سیستەمی سەرمایەداری خۆیان ئاوابکەن وەکوو خاک و کۆمەڵگایەکی خام بۆ نمونەی سیستەمی خۆیان دەیبینن و خۆیانی لەسەر بونیاد بنێن،بەڵام ئەگەر لەسەرەتای ئاواکردنی سیستەمی سەرمایەداری ئەوروپا توانیان ڕوحی دەوڵەت نەتەوە بکەن بەڕوحی ئەو سیستەمەی خۆیان دا و لەلاشەیەکی بێ گیانەوە بیکەن بەجەستەیەکی زیندو ، ئەوا ئێستا لەبانگەشەی ئەو هزر وفکروفەلسەفەیەی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی بەڕوحی نەتەوەپەرستی هاتووە ، واتا کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لەپارێزنامەکانی دا باس لەشۆڕشی ئیبراهیمی دەکات و پێکەوەژیانی گەلان وفرە ڕەنگی تێدا دەبینێت، ئەمڕۆ دەبینین بەناچاری ئەو سیستەمی سەرمایەداری هەوڵی موتوربەکردنی داری زوڵم و زۆرداری خۆیەتی بە بانگەشەکردنی ئاینی ئیبراهیمی .

واتا لەئەنجام دا وەکوو ئەوەی کەڕێبەر ئاپۆ دەڵێت لەنێوان تێز و دژە تێز یەکتر سیڕینەوە نیه ،بەڵکوو سەنتێزێک دروست دەبێت ، لەبەر ئەوە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کەمژدەی دانپێدانانی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکرات لەبەرامبەر ڕەتکردنەوەی دەوڵەت نەتەوە لەبەر کرانەوەی دەرگای ژیانێکی نوێ و سەردەمێکی نوێی مرۆڤایەتی دایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار