کۆمەڵێک بیرەوەریی پچڕ پچڕ، لە کۆچی مامۆستا ئەنوەر کاکەییدا!

3 كاتژمێر لەمەوپێش
د. ئاوات نامیق ئاغا
لەندەن. ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥
سەرنجێکی پێویست:
ئەم نووسینە گەرچی تەرخانە بۆ یادی گەشمردە مامۆستا ئەنوەرعەزیز کاکەیی دڵسۆز و تێکۆشەری گەلەکەمان، بەڵام هەمانکات ڕاگوزەرێکی خێرایە بە ناو بەشێک لە یادەوەریی خودییدا، کە نەمتوانی خۆمیان لێ ببوێرم، بە مەبەستی بیرخستنەوەی ڕۆژگاری سەختی ژێردەستەیی گەل و وڵاتەکەمان نەک خوانەکردە منەتکردن و خۆهەڵکێشان.
زۆرتر لە نیو سەدە بوو مامۆستا ئەنوەر کاکەییم لە نزیکەوە دەناسی. یەکەمیین جار ساڵی ١٩٦٨ لە پۆلی چوارەمی قوتابخانەی کوردیی سەرەتایی کوڕانی گەڕەکی سەرشەقام، بوو بە مامۆستای وانەی زانیارییمان؛ بە سام، لەسەرخۆو پاک وخاوێن بوو. وانەکەی تەڕوبڕ بوو لەبەر ئەوەی مامۆستایەکی کراوە بوو، ماوەی پرسیاری هەمە جۆرمان هەبوو؛ بیرمە تەیبی وەستا برایم پرسی 'مامۆستا هەموو گیاندارەکانیش، تەنانەت مێروولەش خوا و پێغەمبەریان هەیە؟' منیش پرسیم 'چۆن ئەزانن، کە بەیانی یان دوو بەیانی بەفر یان باران ئەبارێت؟' دیارە ئەویش بە پێی ئەقڵی ئێمەی منداڵ وەڵامی دەداینەوە! لە پۆلی پێنجەمدا خۆم تێهەڵکێشی تیپی بالەی قوتابخانە کردبوو، گەرچی هەر یەدەک بووم و لە سەریان نەدەکردم! ڕۆژێک دوای پشووی وانەی سێیەم درەنگ چوومەوە ناو پۆل و، کە لێی پرسیم 'لە کوێ بوویت؟' وتم 'تەمرینی بالەمان هەبوو!'؛ مامۆستا زۆر توڕە بوو و وتی 'تۆ بۆ خوێندن هاتووی، هەقت چییە بەسەر بالەوە؟' ئیتر ببڕای ببڕای بەشدارییم نەکرد! لە پۆلی شەشەمدا، داوامان کرد توێکاریی کۆئەندام و لاشەی باڵندەمان بۆ بکات؛ ئەوەبوو من ئەو ئەرکەم گرتە ئەستۆ و لە کۆترخانەکەی کاک مەحمودی ئەوبەر ماڵی خۆمان لە سەرشەقام کۆترێکم بە سێ یان چوار پەنجایی کڕی و بۆ بەیانییەکەی بە ئاوەڕووتکراویی لەگەڵ خۆمدا بردمە وانەی زانیارییەوە.
ساڵی ١٩٧٥ بەدواوە پورزاو ئامۆزازای گەورەم کاک نەورۆزی حەمە سەعید ئاغا، لەگەڵ هەردوو ئەندازیار کاک کەمال حاجی عەبدوڵڵا محێدین و کاک مەحمود عەزیز نووسینگەی گۆرانی ئەندازیارییان لە سەروو ئۆرزدی باکی شەقامی گۆران دانا. بەو جۆرە ئێواران جگە لە مامۆستا ئەنوەر کاکەیی، چەندین هاوڕێ و دۆستی وەک کاک شەماڵ سائیب، مامۆستا ئیبراهیم باڵدار، دکتۆر سەلاح حەفید، دکتۆرئیبراهم دزەیی، کاک جەمال ئەحمەد، کاک کەمال بۆسکانیی، کاک عەزیز ساڵح ڕەشە، کاک ئەنوەر مەحمود ساڵح ڕەشە و چەندانی تر سەردانیان دەکردن. ئەوەی ئەم وردەکارییەم لا دەوروژێنیت ئەو ڕۆژەیە، کە مولازم موحسین بە پۆزێكەوە خۆی دەکات بە ناو نووسینگەکەدا و مامۆستا ئەنوەر لەبەری هەڵناستێت.
ماڵی ئێمە لە ژێر چوخمەکەی سەرشەقام بوو، حەوشەیەکی تا ڕادەیەک گەورەی دڵگیرمان هەبوو، لایەکی چیمەن و گوڵ و گوڵزار بوو دوو درەختی هەناری نایابی تێدابوو، لایەکی تریش چیمەنتۆ کرابوو. ماڵی حەمەسەعید ئاغاش لەو دیوەوە حەوشەیەکی چەند قات گەورەتر بوو؛ باخێکی ڕازاوە، حەوزو فوارەیەکی شەش لای بازنەیی، بیرێکی ئاو و چەندین دارهەناری شیرین و مێخۆشی تێدا بوون، جگە لە سنەوبەر و دوو درەختی کالپتۆزی زۆر گەورەشی لە خۆ گرتبوو، کە تا سەرەتای ١٩٧٠یش هەر بە پێوە بوون. ئەم دوو خانووە بە دەرگایەک لە ناوەوە پێکەوە بەسترابوون، و بە هەردوو لا دوو دەرگامان لەسەر کۆڵانەکە و بەردەمی کۆڵانەکەدا هەبوون.
لە لای سەرەوەی ئەم حەوشەیەی دواییان ژوور و هەیوانێکی ئەلاحەدەی نوێکراوە هەبوو، کە دوای هەرەسی شۆڕش مارتی ١٩٧٥ کاک نەورۆز و کاک نیازی برا گەورەی پێکەوە کردیانە ژووری خەوتنی خۆیان. هەندێک جار بەیانیان کاک شەماڵ سائیب دەهات و ڕاستەوخۆ دەچووە ئەو ژوورە، خۆی دەکرد بە ژێر جێگەیەکەوە و کاتژمێرەکەی بۆ کاتی نانی نیوەڕۆ میقات دەکرد، ئەنجا دەچووە سەرەوە، سڵاوێکی دەکردو قاوەڵتی لەگەڵ دەکردن. کە لێیان دەپرسی ' کاک شەماڵ چ دڵێکت بەو ژوورەدا چووە؟' دەیووت 'تەنیا حەوشەو ماڵ لە سلێمانیدا تا ئێستا جریوەی چۆلەکەی تیا مابێت ئەم ماڵەیە، بۆیە حەز ئەکەم بە دەنگیان خەوم لێکەوێ و لە خەویش هەستم!'.
ئێوارانی هاوینیش بەتایبەت گەر میوانی خێزانیی نەبوایە، زۆرێک لە هاوڕێکانی کاک نیازو کاک نەورۆز لە ناویاندا دکتۆر جەمال ساڵح، دکتۆر عارف عەلی، دکتۆر سەردار محەمەد باقی و مامۆستا لەتیف عومەر؛ لەو حەوشەیەدا کۆڕیان دەبەست و تا درەنگانێکی شەو دەمانەوە. ئەمە جگە لە هاوڕێیانی گەڕەک، کە زۆر ئێوارە سەردانیان دەکرد و پێکەوە دادەنیشتن لەوانە کاک ڕەئووفی مەلا ساڵح، کاک محەمەدی حاجی عەبدوڵڵا بانەیی، کاک محەمەد جەزا عەبدولڕەحمان و مامۆستا ئەنوەر کاکەیی، کە هەندێک ئێواران بەتایبەت سەرەتای پایزان کاتێک دەهاتە ئەوێ، پێشەکیی هەنارێکی لێدەکردەوە و کەمێک خۆی بە هەنار خواردنەوە خەریک دەکرد.
ماڵی مامۆستا هەر لە سەرشەقام بە نزیکەی دوو سەد مەترێک خوار ماڵی خۆمان بوو. ئەو کات ئەو بە تەنها لەگەڵ بەهیەخانی دایکی، کە ئافرەتێکی کورتە باڵای سپیکەلانەی سەرو زمان شیرینی نورانیی بوو، پێکەوە لە ماڵێکدا دەژیان. بەهیەخان هەمیشە بە پێیان دەڕۆیشت و هەمیشە منی بە ئاواتە فەنی بانگ دەکرد!
ئەم حەوشەو ماڵەی هێندە گەورە و فراوان بوو، ئەو پێشمەرگانەی هاوڕێی منیش، کە جار جارە لە قەرەداخ یان مەڵبەندی دووەوە بە نهێنیی دەهاتنە ناو شار و لای من دەبوون، گەرهاوین بوایە شەوان لە گۆشەیەکی تردا بە جودا دادەنیشتین. جێگەی خۆیەتی، کە بووترێت تەنانەت شەهید کاک نوری حەمە عەلی، شەوێک یان دووان بەر لە تیرۆرکردنی، کۆتایی مانگی ئۆگوستی ١٩٨١ میوانی کاک نیاز بوو و لە لامان مایەوە. دانیشتنی ئەو شەوە جیاواز بوو؛ کاک نوری باسی ئەوەی بۆ کردین چۆن کاتی خۆی لە ناوچەیەکی شارەزوور کۆمەڵێک سەربازی عەرەبی، بە دانانی مینێک تەمێ کردووە، کە ڕۆژانە دەچوونە سەر کانی ژنانی ئەو جێگەیە و تەشقەڵەیان دەکرد. ئەو ڕۆژانە من لە تانجەرۆ سەرباز بووم و هێشتا هەڵنەهاتبوم، بۆیە درەنگانێکی شەو مۆڵەتم لێخواستن و وتم 'من ئەبێ بەیانی زوو بچم بۆ عەسکەریی!' کاک نوری وتی 'ئاوات گیان حەز ئەکەم ئەمانە هەموو بە گەشبینیی وەربگریت وا حساب بکە خۆ ئامادەکردنن بۆ قۆناغی داهاتوو، کە میللەتەکەمان سوودی لێ ببینێت!'.
بگەڕێمەوە سەرباسی مامۆستا ئەنوەر، سەرەتا وەک زۆرینەی خەڵکی کوردستان وعێراق لە حیزبی شیوعییەوە دەستی پێکردبوو. هەموو جار، کە باسی ئەو ئەزموونەی دەکرد، دەیووت "شیوعییەت قوتابخانە بوو، بە چەندین قۆناغ و پلەدا ئەڕۆیشتین و خوێندنەوەمان ئەکرد، تەقیممان بۆ ئەو کتێب و کوڕاسانە ئەکرد، کە ئەیانداینێ و ڕاپۆرتمان لەسەر ئەنووسین، ئەنجا وردە وردە ئەچووینە پێشەوەو وەرئەگیراین". لە زۆر بۆنەدا بیرمە باسی ئەوەی دەکرد، کە تەنانەت پارتیش ئەو زەمانە لە پێڕەوی ناوخۆیدا نووسیویەتی 'ینتفع من المبادئ المارکسیة اللینینیة'. لە قۆناغێکیشدا نامیلکەکەی "تقییم مسیرة الثورة الکردیة و انهیارها، و الدروس و العبر المستخلصة منها ١٩٦١-١٩٧٥" لجنەی تحضیری پارتی بۆ هێناین، کە بە کتێبەکەی دکتۆر مەحمود عوسمان ناسرابوو و منیش خوێندمەوە.
بەو جۆرە تێکەڵیمان لەگەڵ مامۆستادا پەرەی سەند و، کە زانی میمڵی ئەو بابەتانەم، دواتر بە دزییەوە بڵاوکراوەکانی یەکێتیی بۆ دەهێنام و منیش ئەگەر پەلە بوایە شەوان تا درەنگ دادەنیشتم، هەمووم دەخوێندنەوە و گەر توانای وردبوونەوەی تەواوی خێراشم نەبوایە بەتایبەت عەرەبییەکان، ئەوا لەسەر شریتێک بە دەنگ بۆ خۆمم تۆمارم دەکردن و بۆم دەگەڕاندەوە. هەندێک جاریش گەر بە ژمارەیەکی زۆرتر بهاتنایە ئەوا خاتوو(چیمەن ساڵح دەلۆیی) کە ئەوسا هێشتا دەزگیرانی یەکدی بووین و فەرمانبەری ئیدارەی محەلی سلێمانی بوو، ئەو ئەرکەی دەگرتە ئەستۆ و لە ناو پارێزگا و ئیدارەی محەلی سلێمانیدا لێزانانە بڵاوی دەکرنەوە. ئەم کردارە بە دوایدا شڵەژانی هەردوو فەرمانگەکەی لێدەکەوتەوە و کۆبوونەوەی هەڕەشە ئامێز لەلایەن پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگارەوە بۆ فەرمانبەرەکان ڕێکدەخرا. بیرمە جارێک مامۆستا وتی، کە هاوڕێکانی لە شاخ داوای ناوی منیان لێکردووە؛ وەڵامی من ئەوەبوو، کە نامەوێت سەر بە هیچ ڕێکخستنێک بم و ناوم لە لای هیچ لایەنێک هەبێت، بەڵام وەکوتر هەرچی دەڵێن و بە من بکرێت ئامادەم یارمەتیی بدەم؛ دیارە ئەویش، کە دڵسۆزم بوو بێدەنگیی لێکرد.
ڕۆژێک وتی 'گەرئەتەوێت کۆمەڵێک کتێبی ئەوسای خۆم ماون لەسەر توونی حەمامەکەی ماڵەوەن و دەمێکە شاردومنەتەوە، گەر پێت خۆشە، ئەتوانیت بێیت و دایانبگریت بۆ خۆت؟' منیش وەک هەنگم لە هەنگەڵاندا دۆزیبێتەوە، دوای ڕۆژێک و دووان خۆم گەیاندە ماڵیان و لەو دەستەیەدا، کە حەمامەکەی تێدابوو، پەیژەیەکی بچکۆلانەم نا بە ناوچەوانی توونەکەوە و گوێنییەکی نایلۆن ئاسای قەڵەوم بەو هەموو ڕەشیی دوکەڵ و تۆزەوە و داگرتە خوارێ و بە باوەش خستمە سندوقی ئۆتۆمبێلە داتسنە سپییەکەی مامۆستاوە، کە ژمارە (٣٠٥٠ سلێمانی) بوو و سەرەو ژوور گەیاندنمانەوە ماڵی خۆمان.
لێرەوە بوومە خاوەنی نزیکەی شەست کتێب و نامیلکەی قەبارە جیاواز، بە چەندین ناونیشانی گرنگەوە لەوانە؛ 'ما العمل؟'، 'حق الامم في تقریر مصیرها'، 'کافحوا اللیبرالیة و التسیب'، 'کیف تصبح شیوعیا جیدا؟'، 'عبادە الشخصیة بعیدة عن روح المارکسیة اللینینیة'، 'مستلزمات کفاحنا'... تاد و یەک دوانێک لە نامیلەکەکانی یوسف سەلمان فەهد، حوسەین ئەلڕەزی و چەندانی تر. ئەم کتێب و نامیلکانە بۆ من خەڵاتێکی گەورە بوون، بەتایبەت ئەو کاتانەی لە سەربازیی هەڵاتم و شەوان لە ترسی گرتن و پەلاماردانی پیاوەکانی ڕژێم بە بێداریی دەمامەوە، ئەنجا دەمەو بەیان تا دوای بانگی نیوەڕۆ دەخەوتم. بەو جۆرە دیارییەکان سوودێکی زۆریان پێگەیاندم و دەوڵەمەندیان کردم.
ماوەیەک بوو کەڵکەڵەی ئیشێک لە مێشکمدا کەڵەکە بوو بوو و لای مامۆستا درکاندبووم، کە دەمەوێت دەنگم بە کاک نەوشیروان بگات. ڕۆژێکی مانگی سێپتەمبەری ١٩٨٣ ئاگاداری کردم، کە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بەو زووانە دەچنە سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بۆیە گەر پێم خۆشە دەتوانم لەگەڵیاندا بچم. ئەوەبوو ڕۆژی ٢٣ی سێپتەمبەر، هەر بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی، لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک حسەینی خەیاتدا (حسە ڕەش) پێکەوە چوینە دۆڵی بالیسان و لە ناوچەی زێنێ بەرامبەر گوندی خەتێ، مام جەلال، جەمال ئاغا، دکتۆر کەمال خۆشناو، دکتۆر خدر مەعسوم و ئەبو شەهابی عەرەب ، هێرۆخان و هاوڕێ خەجۆ و چەندانی ترمان دیت. ئەو ڕۆژە بەشێک لە خانەوادەی کاک عومەری سەعدونیش لە سلێمانییەوە هاتبوون و گیپەیان هێنابوو! کاک نەوشیروان لەوێ نەبوو و منیش بێدەنگیم لێکرد و لەبری ئەوە، دوای نانخواردنی نیوەڕۆ لەگەڵ دکتۆر کەمال خۆشناو، کە پێشتر تەنها ناویم بیستبوو بەڵام دەمزانی هاوڕێی کاک نەورۆز بووە، دوو قۆڵی پێکەوە پیاسەمان کرد و بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بدرکێنم مەبەستی هاتنەکەی خۆمم بۆ باسکرد. دکتۆر کەمال زۆر ڕێزی نیشاندا، کەمێک دڵی خۆی بۆ کردمەوە و باسی چەند کێشەیەکی بۆ کردم، لەوانە شەڕی عەشایەریی دوو دەستەی گەورەی پێشمەرگە لەناوخۆی خۆیاندا!
سەرەتای ١٩٨٤ بە دواوە گفتوگۆی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و حکومەتی بەعسی بەغدا دەستی پێکرد و ڕۆژانە بەشێک لەو هاوڕێیانەم، کە پێشمەرگە بوون بە ئاشکرا سەردانیان دەکردم و خەڵکی دەیبینین بۆیە، کە ساڵی ١٩٨٥ گفتوگۆکە شکستی هێنا، وماڵی حەمە سەعید ئاغا چوونە هەوارە بەرزە، مامۆستا ئەنوەر پێشنیاری بۆ کردین ماڵەکەمان لە سەرشەقام بگوێزینەوە. لەو پێناوەدا هەر بەرامبەر ماڵی خۆیان لە گەڕەکی ڕزگاریی خانوویەکی لە حاکم کەمال ڕەشید بە کرێ بۆ پەیدا کردین. ئیتر تێکەڵیمان هێندەی تر پەرەی سەند و زۆرینەی شەوان بە خێزانیی دەچووینە سەردانی یەکدی.
سەر لەبەیانی ١٧ ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٥ هەلیکۆپتەرەکانی حکومەتی بەعسی بەغدا قەدەغەی هاتوچۆیان (منع التجول) لە ئاسمانی سلێمانییەوە جاڕدا و شار شڵەژا. نەماندەزانی چی دەقەومێت، چۆن خۆم ئامادە بکەم؟ ئەوەی هەمبوون و لەبەر چاوم بوون بە پەلە کۆمانکردنەوە و خستماننە توونی حەمەماکەوە، لە ناویاندا دوو پلێتی ژمارەیەکی ئۆتۆمبێل و خێرا دزداشەیەکم کردە بەر! سەربازەکان هاتنە ژوورەوە، بەعەرەبیی بەخێرهاتنم کردن پێناسەکەمم دانێ، کە فەرمانبەرم لە (مدیریة الاشغال و الاسکان). چاوێکیان پێماندا گێڕا، بینیان خێزانێکی گەورەین و منداڵی ساوامان هەن. فەرمووی بەرچاییکردنم لێکردن، سوپاسیان کردم. چەند سەربازێک ویستیان بچنە قاتی سەرەوە، دوو سێ پلیکەیەک سەرکەوتن و بەرپرسەکەیان بانگی کردن، کە نەچن و گەڕانە دەرەوە. هەناسەیەکی قووڵمان هەڵمژی! سوپاس بۆ خوا هیچیان نەدۆزییەوە گەرچی ئەو ماوەیە هێشتا نەمانتوانی بوو بە تەواویی خۆ لەو هەموو نووسراوانە ڕزگار بکەین، کە لە دەمەدەمی گفتو گۆدا لام کەڵەکە بوو بوون و هەندێکیان لەناو کتێبخانەکەمدا بەجێمابوون. من بەتەواویی شپرزەی هەواڵی هەردوو هاوڕێم حاکم عەزیز مەحمود و کاک ئیبراهیمی حاجی عارف، بووم کە ماوەیەک بوو لە مەڵبەندی دووەوە بە نهێنی هاتبوونەوە. ئێمە زۆر کات پێکەوە بووین و بەر لەچەند ڕۆژێکیش میوانی من بوون، بەڵام ئەو ڕۆژە لەماڵی حاجی ئەحمەد غەفوری خاڵی کاک ئیبراهیم لە بەختیاریی حەشار درابوون. دوای ماوەیەک هاتمە حەوشەی ماڵی خۆمان بینیم لەو بەرەوە مامۆستا ئەنوەر لە باخەکەی خۆیاندا لەگەڵ مامۆستا (شیرین حەمە سوور) ی هاوسەرییدا بوون. فرسەتم هێنا بە خێرایی پەڕیمەوە ئەوبەر و خۆم کرد بە ماڵیاندا، تا بزانم چی دەگوزەرێ؟ مامۆستا قووتویەک تۆوی شێلمی بە دەستەوە بوو، کە دەمێک بوو بۆی باسکردبووم بە دیاری بۆی هاتووە. بەشێکی وەشاند و بەشی منیشی کردە زەرفێکی بچکۆلەوە. ماوەیەک سێ قۆڵی پێکەوە قسەمان کرد. ویستم بگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆمان، لە ناوەڕاستی کۆڵانەکەماندا بووم، سەربازێک لەو سەرەوە پەیدا بوو هاواری لێکردم، وتی 'اوگف، وین رایح؟!' ، منیش بەرەو لای چووم و زەرفەکەم بۆ کردەوە و وتم 'جبت شویە بذور الشلغم!' سەربازەکە وەڵامی دامەوە 'بشرفک هسە وکت بذور الشلغم؟!' ، وتم ' لا واللە، بس آسف'! و چوومەوە ماڵەوە. ئەوەی لێرەدا بۆ پێکەنین دەشێت ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، کە بۆ ئێوارەکەی دوای ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ هەڵگیرا، دیتم ئەو دوو هاوڕێیەم بە پەلە پەیدا بوون و وتیان 'دڵمان زۆر لە لات بوو، بۆیە ویستمان بزانین سەلامەتن؟'
بێمەوە سەر باسی ساڵانی پێشتر، بەهاری ساڵی ١٩٨٢ دەمەدەمی هەڵبژاردنی تەواوکاریی ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق بوو، کاک ڕزگاری حاجی کائیل هاوڕێی هەرە نزیکم، پێشمەرگەی تیپی ٥٧ی سەگرمە بوو، بەنهێنی هاتبووە ناوشار و چەند ڕۆژێک بوو لای من حەشار درابوو. پێش نیوەڕۆیەک داوای کرد بیگەیەنمە نزیکی گردی عەلی ناجی، بۆیە ڕووم لە مامۆستا ئەنوەر نا، و ئەویش بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بردینی. من لە پێشەوە دانیشتم و مامۆستاش لێیدەخوڕی و کاک ڕزگاریش لە کورسیەکەی دوای منەوە خۆی مەڵاس دا.
لە گەڕانەوەماندا بە شەقامی سالمدا گەیشتینە بەردەمی بارەگای فیرقە، بینیم لەو بەرەوە، مولازم موحسین لە فەرمانگەی ئەمنی سلێمانی، کە ئێستا شوێنەکەی یەکێتیی نووسەران و بنکەی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفانە، دەرپەڕی و بە ئۆتۆمبێلە فیاتە جی ئێڵە بێجییەکەی، کە لەسەر شۆستەکەی بەردەمدا ڕایگرتبوو، دابەزییە سەرشەقامەکە و پێچێکی خێرای کردەوە؛ بەلای چەپماندا و بە ئاڕاستەی ناوشار پێشمانکەوت، و وتم ئەوە موحسین بوو. کاک ڕزگار شاگەشکە بوو، دەمانچە مەکارۆفەکەی ئامادە کردو وتی 'با دوای کەوین و تەقەی لێ ئەکەم!'. بۆ چەند چرکەیەک بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر هەرسێکماندا، کاک ڕزگار وتی 'مامۆستا گیان بیگرەرەوە!'. ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو، مامۆستا ئەنوەریش بێ سێ و دوو بەهەمان کەوتە خێراکردنی ئۆتۆمبێلەکەی. بە بەردەمی حەسیب ساڵح (ئوتێلی سلێمانی پاڵاس) ڕەتبووین و گەیشتینە فلکەکەی بەردەمی سەرۆکایەتیی زانکۆ، من خێرا دەستم گرت بە سوکانەکەوەو ڕووی ئۆتۆمبێلەکەم بەرەو چوارباخ وەرچەرخاند و بەرەو خوار داگەڕاین. مامۆستا ئەنوەر سوور هەڵگەڕا، سەیرێکی کردم و وتی 'بۆ وات کرد؟'؛ وتم' مامۆستا گیان ئەو ئێستا بە تەنیا نییە، ڕەنگە چەند ئۆتۆمبێلێکی تری لەگەڵدا بن، و دوورو نزیک پارێزگاریی لێ بکەن؛ چۆن ئەو بە دەمانچەیەک ئەپێکرێت، جگە لەوە لە هەردوو حاڵەتدا سەر بگرێت و نەگرێت ئێمە هەردووکمان بە خێزانیی تیا ئەچین'. گەڕاینەوە ماڵەوە لە سەرشەقام، نانی نیوەڕۆ دانراو کاک ڕزگار، کەوتە گلەیی کردن و سەرزەنشتی خۆی و وتی 'من وام و وام و ..ئەبوایە و بە قسەی تۆم نەکردایە و دابەزیمایە!'. قسە قسە دەهێنێت، کۆتایی ساڵی ١٩٩٧، شەوێک لە ماڵی کاک نەوشیروان لە لەندەن پێکەوە لەگەڵ کاک ڕزگاردا میوان بووین، ڕووی کردە کاک نەوشیروان و ڕووداوەکەی بۆ گێڕایەوە و وتی ئەم " ئەم کاک ئاواتە نەیهێشت تەقەی لێ بکەین!' کاک نەوشیروانیش خێرا وتی 'دەستی خۆشبێت' کاک ڕزگار وتی 'چۆن کاک نەوشیروان؟' وەڵامی دایەوە 'چونکە بشتانکوشتایە دنیا وەک ئێستا ئەبوو!'.
بەهاری ساڵی ٢٠٢١ ڕۆژێک لەگەڵ کاک شێخ فەتاحی شێخ ئەمینی گەڕەزیلدا لە پرسەیەکدا باسی مامۆستام کرد و پێمووت مامۆستا ئەنوەر تێکۆشەرێکی دێرینی بە هەڵوێستە و ماوەیەکی زۆریش نوێنەری مام جەلال بووە بۆ کاروباری کاکەییەکان، کەچی تا ئەمڕۆکە کەس بە سەری نەکردۆتەوە و ڕێزی لێ نەگیراوە. دوای چەند رۆژێک شێخ فەتاح پێوەندی پێوەکردم و وتی ' ئەمانەوێت سەردانی مامۆستا بکەین، و حەز ئەکەن منیش لەوێ ئامادە بم!' بەو مەبەستە عەسرێکی مارتی٢٠٢١ خۆی و کاک حەمە جەزای سەید مەجید، کە لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی سلێمانی یەکێتیی بوو لەگەڵ وێنەگرێکی گەنجدا هاتن بۆ لای، بیرمە مامۆستا ئەنوەری نامەیەکی درێژی پێشکەش کرد، بەڵام باسی چی بوو، نازانم، بەڵام دڵنیام وەڵامی نەدرایەوە!
دواجار جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ لەگەڵ کاک نیاز، کاک نەورۆز و کاک نەهرۆ ساڵح دەلۆیی سەردانمان کرد. مامۆستا ئەنوەر لەسەر کورسییەکی پێچکەدار بوو، گەرچی توانای قسەکردنی زۆر کەم بوو، بەڵام هەستمان کرد بە بینینمان زۆر گەشایەوە. کاتێک هەستاین بڕۆین، دەستی کاک نیازی بە هەردوو دەستی گوشیی و بەری نەدەدا و پرسی ' نیاز گیان بۆ وات لێهاتووە؟!'، کاک نیازیش، کە ئێستا تەندروستیی زۆر باش نییە وەڵامی دایەوە 'ئەی تۆ بۆ وات لێهاتووە ئەنوەر گیان؟'
یادی مامۆستا ئەنوەرعەزیز کاکەیی، رێنیشاندەری دڵسۆز و تێكۆشەری نەبەز و گومناوی ڕۆژە سەختەکانی گەلەکەمان و خاوەن هەڵوێستی نەگۆڕ، کە بە جەستە رۆژی ٢٥ ی سێپتەمبەری ئەمساڵ لێمان دوور کەوتەوە، گەش و پرشنگدار بێت و بۆ هەمیشە ناوی لە ناواندا بێت.
