جیاوازیكردن لە پرۆژەكانی سەرۆكی حكومەتدا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد رەئوف
لە نێوان (هەولێر و دهۆك و زاخۆ و سۆران ...... سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین)
- ئەی یەکێتی لەناوچەی خۆی بۆ نایکات، بایەکێتیش ئازا بێت پرۆژە بکات، داهاتەکەی چی لێدەکات؟؟؟؟
رۆژانە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (مەسرور بارزانی) پرۆژە دەكاتەوەو بەردی بناغەی پرۆژە دادەنێت لە هەولێر و دهۆك و زاخۆ و سۆران (هەرچەندە هەڵمەتی هەڵبژاردن)ە، بەڵام بەو شێوەو روحیەتەوە هەقی بەسەر سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕینەوە نیە، وەك ئەوەی حكومەتێكی دراوسێ بێت، ئەم جیاوازییە لە پێناو چی...؟؟
سەیری جیاوازی ئەم دوو پرۆژەیە بكەن (قوشتەپەی هەولێر و چەمچەماڵی سلێمانی) هەردووكیان لەسەر زێی بچوكە:
- پرۆژەی ئاوی قوشتەپە كە ماوەی (2) ساڵی بۆ دانرا بەڵام بەیەك ساڵ تەواوكراو بڕی (222) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراو لەسەر زێی بچوكە.
- پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ ماوەی (1) ساڵێكی بۆ دانراوە بەڵام بەدوو ساڵ تەواو دەبێت، بڕی (114) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، هەر لەسەر زێی بچوكە...
- واتا هەردوو پرۆژەكە لەسەر زێی بچوكە، ئەمیان بۆ چەمچەماڵە لەناوچەی سلێمانیە، ئەویان بۆ قوشتەپەیە لەناوچەی هەولێرە، ئەمیان ساڵێكی بۆ دانراوەو بە دوو ساڵ تەواو دەبێت و ئەویان دووساڵی بۆ دانراوەو بە ساڵێك تەواو دەبێت، ئەمەیان 114 ملیاری بۆ تەرخانكراوەو ئەویان 222 ملیار واتا نیوەی ئەوەی بۆ تەرخانكراوە ..... ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەت پرۆژەی ئاوی قوشتەپەی كردەوەو ئاوەكەی چەمچەماڵیش دەبێت هەر چاوەڕوان بن....!!!!!
لەوە گەڕێ كە پرۆژەكان بایی سەدان ملیار دینارە (كەواتا پارە هەیە)، بەڵام جیاوازی كردن لە نێوان شارەكان بۆ سەرۆك وەزیران و حكومەتێك كە خۆی بەسەرۆكی حكومەتی هەموو كوردستان دەزانێت، كەوتنی سوێندێكە كە لەیەكەم كاتی دەستبەكاربوون لە پەرلەمان خواردوویانە، ئەوە ئیشی ئێمە نیە ئەم ناوچەیە سەر بەیەكێتیەو ئەو ناوچەیە سەر بە پارتیە بەڵام نە خەڵكی ئەم ناوچەیە هەمووی یەكێتییەو نە خەڵكی ئەو ناوچەیە هەمووی پارتیە.
لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 2021ی بەڕێوەچوو، یەكێتی لە دەڤەری سلێمانی تەنیا (124 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە لەكۆی (ملیۆنێك و 389 هەزار) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە بەڕێژەی (10%)، واتا ئەگەر پرسەكە ئەوەیە دەڤەری سلێمانی سەربەیەكێتیە كە لە (10%)ی هەیە واتا سزای (90%)ی خەڵكی تری ناوچەكەیە، ئەگەر پارتیشی لێدەربكرێت كە لە هەڵبژاردنی 2021 پارتی (54) هەزار دەنگی هێناوە،، واتا بە پارتی و یەكێتی (178) هەزار دەنگیان هێناوە، بەڵام (ملیۆنێك و 211) كەس دەنگی بە پارتی و یەكێتی نەداوە.... واتا ئەمە سزای خەڵكانی ترە....
بیانووەكە ئەوەیە ئەی یەكێتی بۆ لەناوچەی خۆی نایكات، ئەمە راستە، یەكێتی خاوەنی دەسەڵات و هێزو پارەو خاڵی سنوری و دەروازەو نەوت و غازی خۆیەتی ئەی بۆچی پرۆژە ناكات، كێ دەستیگرتوون،داهاتەکەی چی لێدێت، ئەمە هەمووی راستە، بەڵام بیانوویەك نیە بۆ ئەوەی حكومەت جیاوازی بكات..!!!
كردنەوەی پرۆژەكان لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە لەو ناوچەیەو چاوپۆشین لەناوچەیەكی تر تۆخكردنەوەی خەتی دووئیدارەیی و جیاوازییكردنە لە نێوان شارەكان، ئەگەرنا جیاوازی سۆران ورانیە چیە، زاخۆ و كەلار چیە، زاخۆ بە كۆڕنیشەكەی جوانە، ئەی سەرچنار گوناحی چیە كۆرنیشی نەبێت..!!!
- پرۆژەی رێگای هەولێر- كۆیە بڕی (403) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، (38) كیلۆمەترەو (5) ئۆڤەر پاس و دوو ناوەندی بازرگانی لەخۆ دەگرێت
- پرۆژەی ئاوی خێرای هەولێر لەسەر ئاوی زێی گەورە بوونیادنراوە و گوژمەی 720 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێكردنی تەرخانكراوە.
- پرۆژەی دووسایدی شێخان - لالش لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گوژمەی نزیکەی 27 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
- جووتسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی بە درێژیی 27 کیلۆمەتر و بە گوژمەى 210 ملیار دینار
- پرۆژەی ڕێگای ئێتیت - باعەدرێ لە دهۆک بەبڕی (135) ملیار دینار
- پرۆژەی جووتسایدی شەقڵاوە – کۆڕێ بەبڕی (90) ملیار دینار
- پرۆژەی ئاوی زێی بچوك - قوشتەپە بەبڕی (222) ملیار
- پرۆژەی كۆڕنیشی زاخۆ بە بڕی (11) ملیار دینار ئەنجامدراوە و لە زاخۆ (170) پرۆژە ئەنجامدراوە
- پڕۆژەی رێگا و بەرزەپردەکانی دەروازەی سۆران بەبڕی (44) ملیار دینار
پاڵپشت بە داتاکانی "فەرمانگەی میدیا و زانیاری" لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەکانی شارەوانی، (5 هەزار و 465) پرۆژە جێبەجێکراوە، بە تێچووی (5 ترلیۆن و 320 ملیار) دینار، بەجۆرێک؛
- (4 هەزار و 204) پرۆژەیان بە ڕێژەی (76.9%) و بە تێچووی (3 ترلیۆن و 535 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (67.6%)، دەکەونە زۆنی زەردەوە، کە پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ) دەگرێتەوە.
- (هەزار و 245) پرۆژەیان بە ڕێژەی (22.8%) و بە تێچووی (ترلیۆنێک و 705 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (32%)، دەکەونە زۆنی سەوزەوە، کە پارێزگاکانی (سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) دەگرێتەوە.
بەشێک لە پرسیارەکان ئاراستەی یەکێتین، یەکێتی داهاتەکانی چی لیدەکات؟ بۆچی پرۆژە ناکات، لێی نازانێ یان نایکات؟ دەسەڵاتت نیە لەهەولێر خۆ لە سلێمانی هەتە؟ کێ دەستیگرتوون بۆچی ئێوەش وەک هەولێر پرۆژە ناکەن؟؟
