بایکۆت مەکە بەگیرفانی بەتاڵەوە هەر بڕۆ دەنگ بدە

14 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاسۆ عەبدولەتیف

- ئەوە بزانە پەڕلەمانی عێراق قەت جێگای ئومێد نەبوە بۆ کوردو نەتەوەی کورد، تەنها ناوەندی خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەی ئیمتیازاتی شەخسی و حیزبی بوەو بەس، تۆ هەر بڕۆ دەنگ بدەو مەوەستە ئەوە فەرزە فەرزی عەین.

- تۆ دەزانیت پەڕلەمانی عێراق دەوڵەتی قوڵی وەلائی و ڕەهبەریزم بەڕێوەی دەبات و هەزاران سەفەقات و کڕین و فرۆشتنی گەورەی تێدا دەکرێ و بازاڕی بەندەکانە سوقی ڕەقیق، خۆ نەدەستورێک هەیەو نەیاسایەکی فیدراڵی و نەمافی کەمینەکان بۆ لێپرسینەوەو ئیستیجواب، تۆی کورد لێرە یاریپێکراوی بۆ ململانێی حیزبی و تایەفەگەریی و دەبێ هەر غاردەی بەدوای دەنگدان و کورسی و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆت و حیزبەکەت و هەڵواسینی فلێکس و خۆبەنجکردن و خۆفریودان و وەهم و هیلاکەت و فەلاکەتدا دواجاریش نەکورسی کورد زیاد دەکاو نەکەم ئەکاو بڕاوەتەوە ئەوە دەسەڵاتی کوردە تا ئەو سنورە.

- کورد بەهەموو ئەحزابی سیاسیەوە، بەم جۆرە هەڵبژاردنە نمایشیگەریە، خۆی ئەخەڵەتێنێ و گەلەکەشی سەرگەردان ئەکات، ئەگینا بەدەنگدان نەگۆڕانکاریەک ڕووئەداو نەئومێدێک بۆ کورد بەدی دەکرێ، ئەوەی هەیە قەڵەوبوونی زیاتری خێزانە سیاسیە ئۆلیگاریشە گەورەکان و ئەقتابەکانی بازرگانی نەوت و کۆمپانیاکانی دەرمان و چەک و باروتەو عێراق وەک سەرزەمینی فیتنەو بەهەدەردانی سامان و نەوتەکەی دەمێنێتەوە.

- عەرەبی بزانی یان نا، قسەو موداخەلە بکەی یان نا، شەڕبکەی یان نا لەو پەڕلەمانە مەزهەبیەدا وەک یەک وایەو مافی کوردان ناپارێزی و ئەسڵەن ماف لەوێ نیەو درۆیەکی گەورەیەو هیچ پڕۆژە یاساو بڕیارێک لەئارادانیە، بودجەو موازەنەو ئاسایش و دارایی و نەفەقاتی سیادی و مادە دەستوریەکان بەبێ ئۆکەی ئەو زۆرینەیەو دادگای باڵای فیدڕاڵی نابێتە بڕیار.

- بۆمەگەر دوورخستنەوەی حەلبووسی سەرۆکی پەڕلەمان چی بوو؟ دەنگدان بەیاساکانی حەشدی شەعبی چۆن بوو؟ تێپەڕاندنی میزانیەو موازەنەی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ چۆن ڕویداو چەند مادەو فەقەرە دەستکاریکراو کورد هیچی پێنەکرا لە ١٢/٦/٢٠٢٣ کەسێ شەوی خایاندو کرایە ٦٩ مادەو نەخشەی فاشیزمانەی ئەو پڕۆکسییە مەزهەبیەمان بینی؟ هەڵوەشانەوەی پەڕلەمانی کوردستان کێ کردی؟ دەنگدان لەدژی کوردو شایستە داراییەکانی چۆن کرا؟ 

- ئەمجارەش کورد وەک کەمینەیەکی لاوازی پەرت و لات و پووتی حیزبی و شوانکارەیی دەڕواتەوە بەغداد، دەچێتەوە تەنیشتی زۆرینەیەکی بەهێزی مەزهەبی نەتەوەیی و سوێندی یاسایی پەڕلەمانی دەخوات بۆ سەروەریی و یەکپارچەیی عێراقی فاشیست، دەی عێراقی یەکپارچە سودی چیی بووە بۆ تاکی کورد جگە لەقوربانیدان و کارەسات و ماڵوێرانی. 

- کۆمەڵە وەزیرو مەندوب و سەفیرێک بەسەرۆک کۆمارێکی تەشریفاتی و سەدان ڕاوێژکاری بێئیش و ماستاوچی نەشئەی سەرکەوتن ئەیانگرێ و، مەست ئەبن بۆ یەک دوومانگ، رەسم ئەگرن و دێن و ئەچن. گەشت ئەکەن بۆ دەستکەوت و ئیمتیازاتی حیزبی و حەماسەتی ناوخۆیی پێ سواق ئەدەن لە هەولێرو سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەو کەرکوک، دواتر شاندی حیزبی دەڕۆن بۆ بەغداد بۆ دانوستان، دەی ئەوە چ جۆرە نوێنەرایەتیەک و چ جۆرە فۆڕمێکی حوکمڕانی و موشارەکاتێکی سیاسیە؟

- ئینجا بەو ٦٠ کورسیەی کورد، بەهەموو حیزبەکانەوە، کەهەرگیز نابێت بە ٧٠ کورسی، لەبەرامبەردا ئەوان کە ڕێژەی کورسیەکانیان ٢٦٩ کورسی مەزهەبی ڕقئەستوورە، هەرپڕۆژەیاسایەکیان بوێت تێیدەپەڕێنن وەک دەساڵی ڕابردوو بەزۆرینەی پەڕلەمانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار