هاوڵاتیان 4 ساڵ جارێك دەنگ بەحزبێكی نوێ دەدەن، دواتر دەردەكەوێت 100 خۆزگە بەكفن دز
11 كاتژمێر لەمەوپێش
✍️ سەرتیپ جەوهەر
ریزبەندی بەشداریكردنی پەرلەمانتارانی عیراق لەگفتوگۆو تێچێنەكان لەماوەی 4 ساڵی رابردووی كاری پەرلەمانیی بڵاوكرایەوە، مخابن جێی شەرم و نەنگییە بۆ پەرلەمانتارانی زۆربەی حزبە سیاسیەكانی كوردستان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ئەم شێوە بەشداریكردنە لەكاتێكدا بەشێكیان بەردەوام رەخنە دەگرن.
ئەوەی ئەم خشتەیە ببینێت، هەناسەیەكی سارد بۆ ئەو هەموو قوربانیی و چاوەڕوانییەی ئەم میللەتە بێدەرەتان و چارەیە هەڵدەكێشێت كە لەچاوەڕوانیی دەستكەوتی گەورەو مەزنن تا پەرلەمانتارانی كورد لەبەغد بەدەستیبێنن و داكۆكی لەماف و بەركەوتەی كورد بكەن، بەڵام مخابن نەك لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیە نین، بگرە بەپێی ئەم خشتەیەی بڵاوبۆتەوە وادەردەكەوێت بەشێك لەحزبەكان گاڵتە بەچارەنوس قوربانیدانی ئەم میللەتە بكەن بۆیە ئەو جۆرە كەسانە كاندید دەكەن بۆ پەرلەمانی عیراق. ئەمە لەكاتێكدا ئەرك و بەرپرسیارێتی پەرلەمانتارانی كورد لەعیراق، زۆر گرانترو چارەنوسسازترە بەراورد بەپەرلەمانی كوردستان، چونكە چارەنوس و ئایندەی گەلی كورد بەگشتیی لەئەستۆو لەملی ئەواندایە.
بەپێی ئەو خشتەیەی بڵاوبۆتەوە، پەرلەمانتار هەیە لەحزبی دەسەڵات، لەماوەی 4 ساڵی كاری خولی رابردووی پەرلەمانی عیراق، تەنها یەكجاریش قسەیەكی نەكردووە! هەیشە تەنها بۆ یەك دەققە بەشداریی و تێچێنی هەبووە لەگفتوگۆی پەرلەمان! ئەمە لەكاتێكدا بەردەوام لەرۆژنامەو میدیاكانی حزبەكەی خەریكی موهاتەرات و تۆمەتبەخشینەوەو تەخوینی حزب و لایەنە سیاسیەكانی دیكەیە لەبەغدا؟!
ئەم عەیبەیە بەرلەوەی عەیبە بێت بۆ پەرلەمانتارەكە كە گوایە نوێنەرایەتی گەلێكی ستەمدیدە دەكات، عەیبەیەكی گەروەترە بۆ ئەو حزبەی ئەو كەسانە كاندید دەكەن كە نەماریفەت و نەجەسارەتیان هەیەو تەنانەت زمانی عەرەبیش نازانن.
لەم پرسەدا پەرلەمانتارانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستان بەدەرنین، بگرە گوناحی زیاتریان بەردەكەوێت، چونكە بەردەوام خەریكی موزایەدەو دروشمبازین كەچی پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن هەیە لەماوەی 4 ساڵدا تەنها دوو دەقە قسەی كردووە! ئاخر چۆن دەكرێت كاندید لە سلێمانی بێنیت لەهەولێر كاندیدی بكەیت و دەریچوێنیت، كەچی لەماوەا 4 ساڵدا بە 3 پەرلەمانتار تەنها 10 دەقە قسەیان كردبێت؟!
بەدڵنیاییەوە كاندیدكردنی كەسانی شیاو بۆ پەرلەمانی عیراق ئەرك و بەرپرسیارێتیەكی گەورەی حزبەكانی كوردستانە، چونكە پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا جگە لەبەرپرسیارێتی وەك هەر پەرلەمانتارێكی دیكەی عیراقیی، هاوكات داكۆكی لەماف و بەركەوتەی گەلی كوردیان لەبەغدا لەئەستۆیە!
ئەوەی جێی سەرنجە، زۆربەی حزبەكان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە جگە لەوەی هیچ ئەجێندایەكیان نییە بۆ 4 ساڵی كاركردن لەپەرلەمان چ لەبارەی خزمەتگوزارییەكان یاخود چارەسەری پرسە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان كوردستان و بەغدا، هاوكات بەشێك لەپەرلەمانتارانیان هیچ كاروچالاكییەكیان نییە، بگرە هەندێكیان دەوامیش ناكەن، كەچی لە كوردستان بەردەوام خەریكی لێدوان و دروشمبازیین، خەریكی ململانێی حزبی و لێدوانی ئاگرینن دژی یەكتر. بۆیە بەدبەختی ئەم میللەتە لەوەدایە كە دەسەڵاتی خراپە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی خراپتر! لەدونیا نەبووە ئۆپۆزسیۆن لەدەسەڵات خراپتر بێت مەگەر تەنها لەكوردستان! بۆیە ئەم میللەتە سەری لێشێواوە، كاتێك هەڵبژاردن دێتەپێش نازانێت دەنگ بەكێ بدات، هەموو 4 ساڵ حزبێكی نوێ دروستدەبێت كەچی دوای 4 ساڵ سەد خۆزگە بەكفن دز دەخوازیت، چونكە ئەویش هیچ ئەجێنداو بەرنامەی كاری نییە، نازانن بۆچی لەبەغدان! بەڵكو تەنها هاوارهاوارو دروشمبازییەو پێی ناكرێت 4 كاندیدی باش بباتە بەغدا، بۆیە حزبی ئۆپۆزسیۆن هەیە 8 كەسی لەهەولێر كاندید كردووە 7ی لەسلێمانی هێناوە؟! ئەمە لەمێژووی هیچ حزب و گروپێكی سیاسی نەبووە! لەخولی رابردووش لە 3 كاندیدی هەولێر دوانی لەسلێمانی هێنابوو بەهەرسێكیان لەخولی رابردوو تەنها 10 خولەك قسەیان كردووە!
بێگومان ئێمە باسی پەرلەمانتارە خراپەكانمان كرد، بەڵام لەپاڵ ئەو خراپانە، هاوكات پەرلەمانتاری زۆر جەسورو چاونەترس و ئازا لەبەغدا هەن كە بەشدارییەكی كارای گفتوگۆكان دەكەن و داكۆكیكارێكی زۆرباشی میللەتەكەی خۆیانن. ئێستا ئێمە لەسەروبەندی هەڵبژاردنین، هەقە میدیاكانی كوردستان تیشك بخەنە سەر ئەم پرسە، چونكە حزب هەیە بەدوو پەرلەمانتار، جێی دەستی لە حزبێكی دیكەی كە 30 پەرلەمانتاری هەیە دیارترە.
