پەرلەمان و نائومێدی!

12 كاتژمێر لەمەوپێش



دڵشاد ئەنوەر

*جۆرێک مشتومڕ لەسەر ڕۆڵی پەرلەمان دروستبووە، مشتومڕەکە زیاتر لە نێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی کۆن و پەرلەمانتارە کاندیدەکاندایە، ئەگەر بابەتیانە لە موناقەشەکانیان بڕوانیت، کەمتر بەرژەوەندی گشتی لە پشت موناقەشەکانەوە دەبینین و زیاتر جۆرێک لە ناکۆکی پێشوەختی پێوە دیارە.

* بێگومان سوککردنی پەرلەمان بەشێکە لە ئەجێندای دەسەڵات، لەڕابردووشدا ئەمەمان بینیووە، هیچ کەس لە دەسەڵاتداران ئامادە نەبوون بچنە پەرلەمان و هەموویان ڕوویان لە حکومەت کردووە، لەکاتێکدا پەرلەمان کە لای دەسەڵاتداران بە سوک سەیر دەکرێت باڵاترین دەسەڵاتە.

پەرلەمان ئەگەر یەک دەنگی ناڕازیشی تێدا بێت و تەنانەت ئەو دەنگە لەناو خودی لیستە دەسەڵاتدارەکانیشدا بێت مایەی ئیزعاجی و سەرئێشەیە بۆیان، بۆیە ناچار نەبن، پەرلەمانیان ناوێ.

وەک دەبینین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەپرۆسە زووم خراوەتە سەر موچەی پەرلەمانتار، خۆی ئەمە بەشێکی ڕاستە ئەم تایپە لە پەرلەمانتار کە هیچ ئاگاییەکی سیاسی و ئابووری و دونیا بینییان بۆ دەنگەوە چوونی خواستەکانی کۆمەڵگا نییە، نەک چەند ملیۆن دینارێک تەنانەت چەند هەزار دینارێکیش زۆرە بۆیان، بەڵام مەقسەد لە پرۆسەکە ئەمە نییە، بەڵکو بۆ لادانی چاوە لەسەر ئەو شوێنانەی پارەی قەبەی تێدا دەخورێ و گواستنەوەی شەڕەکەیە بۆ ساحەی پەرلەمان، ئەگینا لە ڕابردوودا شوێن هەبووە بە ڕۆژێک هێندەی پارەی مانگێکی پەرلەمانی تێدا بەفیڕۆ دراوە.

* ئەوانەی مشتومڕیانە لەسەر ڕۆڵی پەرلەمان، ناڵێم هەموویان بەڵکو بەشێکیان خۆیان فاکتەری سوککردنی پەرلەمان بوون، ئەگینا لۆژیک نییە بە ئێستاشەوە بژێوی خێزانەکەت لەسەر موچەی خانەنیشینی پەرلەمان بیت، چوار ساڵ هاتووچۆی پچڕ پچڕی کۆبوونەوە پڕ لە پشوەکانی پەرلەمانت کردبێ و تا مردن بە خانەنیشینەکەی بژیت، هێشتا ڕووت بێت تانە لە شەرعیەتی پەرلەمان بدەیت!

ئەگەر پەرلەمان شەرعیەتی نەبێت، کەواتە خانەنیشینیەکەت کە مانگانە بێ دەنگ دەیخەیتە تەنکەی گیرفانت شەرمەزارییە.

بەشێک لەو کاندیدانەش بێگومان ناڵێم هەمووی، چونکە پەرلەمانتاری باش گەر سودی هەبێت و تا مردن پەرلەمانتار بێت ئاساییە، بەڵام بەشێکی زۆریان کاسبن و پەرلەمان وەکو شوێنێک بۆ کەسابەت سەیر دەکەن، نەک شوێنێک بۆ شەڕی خەڵک.

* هەردوو بەرەکە، زۆربەی پەرلەمانتارانی خولەکانی ڕابردوو تاوانباری سەرەکی سوککردنی پەرلەمانن، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەوان تاوانبارتر و خەڵکیش تاوانەکەی لەوان کەمتر نییە، بۆ؟

چونکە؛
یەکەم؛ زۆرێک لەو پەرلەمانتارانە بە جنێودان و قیڕاندن هەم پەرلەمانیان سوکتر کرد، هەم خەڵکیشیان چەواشەکرد، ئەگینا گەر دیقەت لە مەحزەرەکانی پەرلەمان بدەین، ئەوانەی زۆرترین قیڕاندوویانە کەمترین ئیشیان کردووە. ئەمە جۆرێکە لە یاری بۆ شاردنەوەی ئیش نەکردن بە قیڕە و هاتوهاوار.

دووەم: ئۆپۆزسیۆن جگە لەوەی بێ بەرنامە و بێ پلان و بێ ستراتیژە، شوێن سۆشیال میدیا کەوتووە و ڕۆژێک لە ڕۆژان پلانی وردی جێگرەوەی بۆ بەدەنگەوە چوونی خواستەکان نەبووە، جیا لەوەش هەر ئەوان بەرپرسیارن لە ناردنی خەڵکی ئاست نزم بۆ پەرلەمان.
تۆ دێیت ژن لە پەرلەمانی کوردستان لادەبەیت و دەینێری بۆ بەغدا، پیاوەکەی لەوێ دەهێنیتەوەو ئەیهێنی بۆ هەولێر، کۆمەڵێک داماوی بێ ئاگا لە دونیا هەر جارەو وەکو داشی دامە لە جێگەیەک فڕێ دەدەیت، دەتەوێ خەڵک ئومێدی بمێنێ؟ بۆ خەڵک چاو و گوێی نییە؟

سێهەم: خەڵک تاوانباری سەرەکییە، کێ زۆر هەگبەکەی خاڵی و دەم شڕ و بێ ئەجێندایە ئەوە ئیختیار دەکات، کامەش زۆر ژیر و هۆشیار و سەنگینە و شەرم دەکات وەکو هەگبە خاڵییەکان خۆی نمایش بکات ئەمەی لا مەرفوزە.

لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، د. سەردار عەزیز کە توێژینەوە بۆ دونیا دەکات دەرنەچوو، کەچی دواتر پێکهاتەی پەرلەمانمان بینی!

ئەوەی سەرەوە تەنها نموونەیەکە، ئەگینا بڕۆن بەراوردێک بکەن لە نێوان پەرلەمانتارانی پێشووتر کە بە لیستی داخراو هەڵبژێردران  لەگەڵ پەرلەمانتارانی سەردەمی لیستی کراوە کە بژاردەی خەڵک بوون، بزانن جیاوازییەکە ئاسمان و ڕێسمان نییە؟

سەیرە! لەهەموو لیستەکان خەڵک خۆی کاندیدەکانی لە خولەکانی پێشوو ناردووەتە پەرلەمان، دواتر هەر خۆشی بە بەندبێژ و دومبەڵەک ژەن تانەی لێداوە!

ئەوەی. ئێستا لە کوردستان دا هەیە، مەگەر لەسەردەمی حەجاج و لە کوفە هەبووبێت…

کۆتا قسە؛ ئایا پەرلەمان سودی هەیە؟

ئێمە لە غیابی سیستەم دا دەژین، لەدۆخێکی پڕ لە شڵەژان و کێشمەکێشی حزبیدا وڵات بەڕێوە دەبرێت، بۆیە کاتێک سیستەم نەما بۆ چوارچێوە دانان بۆ ئیش و کاری دامەزراوە و کەسەکان، ئەوکات ئەسپ تاودان دەوەستێتەوە سەر بەهێزی و لاوازی کەسەکان.

ئەگەر کارەکتەر بەهێز بێت، نەک پەرلەمانتار بێت، بەڵکو بەڕێوەبەری دامەزراوەیەکی زۆر بچوکتش بێت، دەتوانێت ئەسپی خۆی تاو بدات و بە قەبارەی پۆستەکەی ئومێد بۆ خەڵک لە نائومێدیدا بگێڕێتەوە.

پەرلەمانتار ئەگەر وەڵامی خەڵک بداتەوە، ئەگەر لە غیابی سیستەم دا وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، با لە چوارچێوەی ئەرکەکەشیدا نەبێت، هەفتانە سەر لە فەرمانگەکان بدات و ئیشی چوار کەسی بێ پشت ڕایی بکات،  ئایا ئەمە گێڕانەوەی ئومێد نییە؟

نەک پەرلەمانتار گەر خۆی بەهێز بێت ئەتوانێت زۆر شت بکات، تەنانەت بەڕێوەبەری بچوکترین فەرمانگەش شتی پێدەکرێت،  بەڵام ئەوە کارەکتەرەکانە پەرلەمانیان لەپاڵ دەسەڵاتدا سوکتر کردووە.

گەر کارەکتەرەکان بەهێز بن، کاری فعلی بکەن، بەدەم خەڵکەوە بچن و پاڵپشتی خەڵک بەدەست بهێنن، تەنانەت ئەو حزبانەش بەگیر دەهێنن کە بە تاقەت پەرلەمان دەکەنەوە و دایدەخەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار