شۆرباکەی ئۆجەلان (سوێرە یان بێ خوێ) 

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئیبراهیم شێخ وەسانى

هەوڵێک بۆ سادەکردنەوە و تێگەیشتن لە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەژێر کاریگەری پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان 

بەشی یازدەم  

(مۆدێرنێتەی دیموکراتی چیە؟)

(١)
یەکێکی دیکە لە رەخنەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەوەیە، پێیوایە پۆزەتیڤیزم دوالیزمە، بەهۆی دوالیزمبوونیشیەوە دەبێتە زانستێکی ئەندرۆسەنتریک «نێرسەنتەر».

((بەواتایەکی دیکە، بەبڕوای ئۆجەلان، پۆزەتیڤیزم بۆیە ئەندرۆسەنتریکە، چونکە باوەڕی بە دوالیزمبوونی زانست هەیە))

(٢)
عەبدوڵا ئۆجەلان وایدەبینێت ئەگەرچی ‎پۆزەتیڤیزم جۆرە هاڕمۆنیەکی فریودەر لەناو دوالیزمەکان دروست دەکات، بەڵام لە واقیعدا لایەنگریەکی نادادپەروەرانە لەنێوانیان دەکات، چونکە فەزڵی توخمەکانی «عەقڵ، کولتور، پیاو، دەوڵەت» بەسەر توخمەکانی «هەست، سروشت، ژن، کۆمەڵگە» دەدات.

((ئۆجەلان لەو باوەڕەدایە پۆزەتیڤیزم دوالیزمەکەی ساختەیە، بێلایەن نیە))

(٣)
عەبدوڵا ئۆجەلان پێیوایە پۆزەتیڤیزم لەسەر بنەمای دوالیزمی «عەقڵ لە هەست و سۆز باڵاترە»، «پیاو لە ژن باڵاترە»، «کەلتور لە سروشت باڵاترە»، «دەوڵەت لە کۆمەڵگە باڵاترە» دامەزراوە.

((بە باوەڕی ئۆجەلان دوالیزمی پۆزەتیڤیزم  توخمەکانی «دەروون، عەقڵ، کولتور، پیاو، دەڵەت» وەک «سەنتەر، عاقل، فەرمانڕەوا» دەبینێت، توخمەکانی «هەست، سروشت، ژن»یش بە «پەراوێز، ناچاڵاک، کۆنتڕۆڵکراو»هەژمار دەکات))

(٤)
لە روانگەی عەبدوڵا ئۆجەلان پۆزەتیڤیزم لە نێوان دوالیزمی «سۆژە و ئۆبژە» دا پەیوەندییەکی هەڕەمی( پلەبەندی) دروست دەکات، کە تیایدا سوژەی «زانا، عارف، عەقڵانی» بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پیاوە، ئۆبژەی «سروشت، جەستە، هەست»یش ژن.

((ئۆجەلان لەو باوەڕەدایە لە دوالیزمی پۆزەتیڤیستی پیاوان وەک نوێنەری «عەقڵانیەت و کولتوور» سەیر دەکرێن، لە کاتێکدا ژنان وەک نوێنەری «سروشت، هەست و سۆز، ناعەقڵانییەت» هەژمار دەکرێن))

(٥)
لەلای عەبدوڵا ئۆجەلان دەرئەنجامی ئەو پلەبەندیەی دوالیزمی پۆزەتیڤیزم، ئەوەیە، نێر«عەقڵ» حوکمڕانی مێینە«سروشت» دەکات، بەواتایەکی دیکە، سۆژەی نێر کە تایبەتمەندی «عەقلانیەت، کۆنتڕۆڵکرن»ی هەیە، زاڵە بەسەر کایەی ئۆبژەی مێینە کە تایبەتمەندی «هەست، سروشت»ی هەیە.

((ئۆجەلان پێیوایە بەرهەمی ئەو جۆرە دوالیزمەی پۆزەتیڤیزم، زاڵبوونی «پیاو بەسەر ژن» «مرۆڤ بەسەر سروشت» « دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگە»ی لێکەوتەوە))

(٦)
 عەبدوڵا ئۆجەلان وایدەبینێت پۆزەتیڤیزم بەهۆی دوالیزمبوونیەوە شەرعیەت بە ئەندرۆسەنتریکی زانست دەدات، دوالیزم رەگی هەژموونی ئەندرۆسەنتریکە بەسەر زانست.

((بەڵام لەلای ئۆجەلان پێچەوانەکەشی راستە، چونکە دوالیزمی زانست بەرهەمی فەلسەفە و بیرکردنەوەی پۆزەتیڤیستییە))

(٧)
لە روانگەی عەبدوڵا ئۆجەلان دوالیزمی زانستی پۆزەتیڤیستی ئەو شتانە لەیەکتر جیادەکاتەوە کە پێویستە بەیەکەوە پەیوەستبن و هەڵەیە لەیەکتری جیابکرێنەوە.

((بەباوەڕی ئۆجەلان ناکرێت « عەقل و هەست» «کەلتور و سروشت» و « پیاو و ژن» لەیەکتری جیابکرێنەوە))

(٨)
عەبدوڵا ئۆجەلان دوالیزمی زانستی پۆزەتیڤیستی رەتدەکاتەوە، چونکە پێیوایە زانست بە دوالیزمبوونی حەقیقەت دەشێوێنێت و یەکگرتوویی وجودی تێکدەشکێنێ.

((لە دیدی ئۆجەلان دوالیزمی پۆزەتیڤیزم دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنی «عەقڵ، کەلتور، پیاو» حەقیقەت و راستی لایەنی «هەست، سروشت، ژن» سەرکوت بکات و بشارێتەوە))

(٩)
لە فیکری عەبدوڵا ئۆجەلان ئەو پلەبەندیەی دوالیزمی پۆزەتیڤیزم کە لەسەر بنەمای دژایەتی و هێرارشی« هەڕەمی» دامەزرایە، ئامرازی بەردەوامکردنی سیستەمی پیاوسالارییە.

((لەلای ئۆجەلان یەکێک لە تایبەمەندیەکانی دوالیزمی پۆزەتیڤیزم، ئەوەیە، کە شەرعیەت بە لۆژیکی پیاوسالاری و هەژموونی پیاو بەسەر ژنان دەدات کە ئەو بە "پارادایمی عەقڵی نێر" ناوی دەبات))

(١٠)
لە هزری عەبدوڵا ئۆجەلان یەکێک لە پایەکانی بناغەی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی کە پۆزەتیڤیزمە ئایدۆلۆژیای ئەندرۆسەنتریک بوونی زانستە.

((ئۆجەلان وایدەبینێت پۆزەتیڤیزم بە فۆڕمی ئیپیستمۆلۆژیی«مەعریفەناسی» عەقڵیەتی دەسەڵاتی نێرسەنتەری زاڵ دەکات))

#ئەندرۆسەنتریک کە ئاوەڵناوی ناوی ئەندرۆسەنتریزمە؛  زاراوەیەکە لە کۆمەڵناسی و تیۆری مەعریفەناسی فێمینیستیدا بەکاردێت بۆ دونیابینییەک کە «جیهان، کۆمەڵگە، مەعریفە» لە روانگەیەکی نێر سەنتەرییەوە لە قالب دەدات، ئەندرۆسەنتریزم ئەو لایەنگرییە نێر-سەنتەریەیە کە لەناو سیستەمی باڵادەستی زانین و لێکۆڵینەوەی زانستیدا چەسپاوە، وەک ستاندارد مامەڵە لەگەڵ ئەزموون و بەها و نۆرمەکانی پیاوان دەکات، ژن و رەگەزەکانی دیکە پەراوێز و بێدەنگ و بێ بەها دەکات.

ئەندرۆسەنتریزم تەنها پەیوەندی بە باڵادەستی پیاوەوە لە کۆمەڵگە دا نیە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن بناغەی زانین و زانست لە رێگەی چاویلکەی پیاوەوە بنیاتنراوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە کتێبی «سۆسیۆلۆژیای ئازادی »و بەرگەکانی تری «مانیفێستۆی شارستانیەتی دیموکراتی» باس لەوە دەکات کە شارستانییەت و زانست و سیستەمی دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر زاڵبوونی «پیاو بەسەر ژن» و «عەقڵ بەسەر سروشت» و « سۆژە بەسەر ئۆبژە»دا بنیات نراوە، بە روونی بەڕوونی باس لە جیهانبینییەکی ئەندرۆسەنتریک دەکات.

بەڵام ئۆجەلان بەهیچ شێوەک چەمکی «ئەندرۆسەنتریک»ی لە نووسینەکانی بەکارنەهێناوە، ئەمن بۆ زەڵالکردنی فیکری ئۆجەلان ئەو چەمکەم بەکارهێنا، چونکە لە رەخنەکانی «پیاوسالاری، پۆزەتیڤیزم، مۆدێرنێتەی سەرمایەداری» دا، ئاماژە بەوەدەکات لە روانگەی زانستی پۆزەتیڤیستی پیاو ئۆبژەیەکی عەقڵانییە، ژنیش وەک لایەنێکی «ناعەقڵانی، سۆزداری»پەراوێز دەخرێت ،ئەمەش رێک ئەوەیە کە لە تیۆرەکانی فێمینیستیدا پێی دەڵێن« ئەندرۆسەنتریزم».

#وێنەی گۆشەیەکی لاری دوو تابلۆی «دوعا»ی هونەرمەندی شێوەکار (حەمە هاشم) لە پێشانگای «یادەوەرییەکانی بەرد» هۆڵی میدیا..
#دوعا؛ ئەو کچە ئێزدییەی کە لەلایەن «برا، باوک، مام، خاڵ و کۆمەڵگەی ئێزیدی» لەسەر تاوانی خۆشەویستی بە بەرد (کەڤر) کوژرا...

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار