کشانەوەی ستراتیژی پەکەکە؛ کلیلێکی ئاشتی یان مەتەڵێکی گەورەی تورکیا؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سیروان عوبەید

لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لە لێکەوتەکان و دیوی پشتەوەی بڕیاری کشانەوەی پەکەکە؛ لەباکوورەوە بۆ باشوور، قەندیل)
وەک ڕاگەیندرا" ٢٦ی گەڵاڕێزانی ٢٠٢٥ بە یەکێک لە وێستگە هەرە گرنگەکانی مێژووی پرسی کورد لە تورکیا دادەنرێت. ڕوونتر بڵێم، ڕاگەیاندنی کشانەوەی تەواوی هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باکووری کوردستانەوە، کە بەداخەوە بە تورکیای ئەمڕۆ ناو دەبرێت" بۆ بنکەسەرەکییەکانی ئەو پارتە کوردیە لە قەندیل، هەنگاوێکی ستراتیژی گەورەیە کە نابێ تەنها لەچوارچێوەی جووڵەیەکی سەربازی تەماشای بکەین، بەڵکو گۆڕانکارییەکی فەرمی و قوڵە لە فۆڕمی خەبات لە سەربازییەوە بۆ سیاسی. ڕێک ئەوەی کە ئۆجەلان لە نەوەدەکانەوە بەشێوەیەکی تیۆری بانگەشەی بۆ دەکات "کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک"، کە پێشتر من لەوتارێکی تێر و تەسەلدا، ڕەخنەم لەم بیرۆکەیە گرتووە، و پێموایە لەچوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" مۆدێلێکی گونجاو نیە بۆ چارەسەری پرسی کورد. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم بڕیار و کشانەوە تاکلایەنانەی پەکەکە داویەتی و دەیکات؛ خزمەت بە دۆزی ڕاستەقینەی کورد دەکات،  دەرگای چارەسەری سیاسی دەکاتەوە یان تەنها دەرگایەکی تر بۆ "تورکیای بێ تیرۆر"ی ئەنقەرە دەکاتەوە؟

بەو پێیەی ئەو پڕۆسەو هەنگاوانە؛ ئاڵۆزن، شیکارییەکەم بۆچەند لایەنی ئەرێنی و بەشێکی جیاواز دابەش دەکەم:

بەشی یەکەم:
قووڵایی بڕیاری پەکەکە و گۆڕینی پارادایم؛ تێدەگەم کە کشانەوەکەی پەکەکە بەردەوامی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥ ی پەکەکە و داواکارییە مێژووییەکانی ڕابەری زیندانیکراوی ئەو پارتە کوردیەیە؛ واتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە جەخت لەسەر "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە" دەکاتەوە.

لەم دوایین هەنگاو و بڕیارە تاکلایەنەکانی پەکەکە-دا من وای بۆدەچم، ئەم هەنگاوە نوێیە ئامانجی سێ لایەنەی هەیە:
 ١. گۆڕینی فۆڕمی خەبات: بە ڕوونی ئاماژە بە گواستنەوەی سەرچاوە و توانای ڕێکخستن دەدات بۆ خەباتی سیاسی و دیموکراتی، کە ئۆجەلان” لەنەوەدەکانەوە نەخشەی کێشاوە، بەمەش ئیرادەی خۆی بۆ گۆڕینی پارادایمێکی نوێی خەباتی پراکتیکی نوێی پەکەکە دەسەلمێنێت.

 ٢. نەهێشتنی بیانووی سیاسی تورکیا و شەقامی تورکیای نەتەوەپەرست کە دەکرێ بەربەستێک بێت بۆ حکومەت، لەمەڕ هەنگاوی کرداری و یاسایی، ئەگەر نیەتی حکومەتیش بەڕاستی چارەسەربێت" ئەم هەنگاوە پاساوی سەرەکی حکومەتی تورکیا بۆ بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو سنوورەکاندا پوچەڵ دەکاتەوە، بەمەش پەکەکە؛ تۆپەکە بەتەواوی دەخاتە گۆڕەپانی ئەنقەرەوە.

 ٣. بەهێزکردنی کارتی ئۆجەلان: پەکەکە بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئۆجەلان، پێگەی ئۆجەلان؛ وەک تاکە نوێنەری بڕیاردەر لە پرۆسەکەدا بەهێز دەکات، ئەوەش، بە ئومێدی ئەوەی تورکیا ناچار بێت دۆخی زیندانییەکەی باش بکات یاخود ئازادی بکات. کە ئەمە؛ بڕیارێکی عاتیفانەیە و زیاتر لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبی و کەسیدایە نەک گەل و نیشتمان. هەرچۆنێک بێت، پەکەکە؛ بەمە داوای "چوارچێوەی یاسایی تایبەت" بۆ ئۆجەلان دەکات، نەک تەنها مافی گشتی.

 مەترسیی بڕیارە تاکلایەنە کردارییەکانی پەکەکە

پەکەکە لەم قۆناغی پرۆسەی ئاشتییەدا چەندین بڕیاری کرداری تاکلایەنەی گەورەی داوە، وەک (١) بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، (٢) سوتاندنی چەکی سیمبولی، و (٣) کشانەوەی تەواو لە باکوور. ئەم بڕیارە یەک لەدوای یەکانە، لەکاتێکدایە کە حکومەت هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە لەبەرامبەر مافە یاسایی و کەلتوورییە کوردییەکانی باکوور. کە ئەمە دەکرێ بەبێ گەرەنتییەکی فەرمی تورکیا، ڕێژەی مەترسییە ستراتیژییەکان بۆ کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان بەرز دەکاتەوە.

 ٤. ئەم هەنگاوانەی پەکەکە؛ لە چەکدانانی پێشوەختە و کشانەوەی لە باکوور، وەک لەدەستدانی تاکە کارتی گەورەی فشارە لەسەر مێزی دانوستان.

٥. بەو هەنگاوە تاکلایەنانەی، پەکەکە خۆی ناچار کردووە بە تەنها یەک قۆناغی پرۆسەکە (واتە قۆناغی چەکدانان و کشانەوە)، ئەمەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات کە حکومەتی تورکیا لە قۆناغەکانی دواتر لە:(گۆڕانکاری یاسایی و سیاسی) خۆی بدزێتەوە.

 ٦. کاریگەری خراپ لەسەر هێڵی بەرگری سیاسی: ئەم کشانەوەیە، کاریگەری خراپی لەسەر هێڵی بەرگری سیاسی دەم پارتی لەناو تورکیادا دەبێت، چونکە ئەگەر حکومەت نیەتی ڕاست نەبێت، دەتوانێت بە ئاسانی هەموو فشار و سەرکوتکردنێکی دژی سیاسەتمەدارانی کورد بە پاساوی "کۆتاییهێنان بە تیرۆر" ئەنجام بدات.

خاوی تورکیا و مەترسیی بەکارهێنانی ئۆجەلان_ بۆچی نا؟

لەکاتێکدا پەکەکە زیاتر لەساڵێکە هەنگاوی کرداریی تاکلایەنە دەنێت، حکومەتی تورکیا (ئاکپارتی و مەهەپە) لە کرداری فەرمی و یاساییدا بە خاوی دەجوڵێنەوە و بگرە تائێستا گوتارەکانیشیان تەنها لەچوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆرە"و هیچ هەنگاوێکی کرداریان نەناوە.
ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە؛ کە نیەتی سەرەکی ئەنقەرە تەنها بریتییە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی "تورکیای بێ تیرۆر"؛ واتە کۆتاییهێنان بە کێشەی ئەمنی، نەک چارەسەرکردنی پرسی کورد، و کێشەی سیاسی و کولتووری. حکومەت دەیەوێت بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی دەستووری یان یاسایی گرنگ، سەربازی پەکەکە لەناوبەرێت، بەمەش ئەردۆغان دەیەوێ سەرکەوتنێکی ئەمنی بەبێ هیچ باجێکی سیاسی بەدەست بهێنێت.

ئەوەی پێویستەکات کورد گرینگی پێبدات، ئەوەیە: مەترسیی بەکارهێنانی ئۆجەلان و ژێربەژێرکردنی پرۆسەکە؛

بۆچی ئەگەری بەکارهێنانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن میت و حکومەتی تورکیاوە لەم قۆناغەدا زۆرە؟ لەکاتێکدا برادەرانی قەندیل-یش وەک باقی حیزبەکانی کوردستان، سەرۆک و کەسەکان لەپێش هەمووشتێکەوەن؛ لێرەدا ئەولەویەتیان ڕێبەرەکەیانە، "ئۆجەلان" بۆیە، تورکیا دەتوانێت بەڵێنی ژێربەژێر بدات (وەک باشترکردنی دۆخی ئۆجەلان) لە بەرامبەر بڕیاری کۆتایی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. مەترسی گەورە لەم گەرەنتییە ژێربەژێرەدا ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک تورکیا جێگەی متمانە نییە؛ چونکە ئەم جۆرە ڕێککەوتننانە لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نین و لە هەر کاتێکدا حکومەت دەتوانێت لێی پەشیمان بێتەوە. ئۆجەلان-ش لەم دۆخەدا دەبێتە تاکە کارت و گەرەنتییەکی ئەمنی بۆ تورکیا، نەک کلیلێک بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن
.
 ئەگەری نیەتی خراپی تورکیا و باکگراوندی مێژوویی
ئێمەی کورد باش دەزانین، باکگراوندی مێژوویی تورکیا لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد چیە. ئەوەش هۆکارێکی گەورەیە بۆ گومانکردن لە نیەتی ڕاستەقینەی ئەم پرۆسەیەدا.
 هەر بۆ بەبیرهێنانەوە، کودەتای ١٩٨٠ و قەدەغەکردنی زمانی کوردی: لەدوای ئەو مێژووەشەوە، تورکیا بەردەوام پرسی کوردی وەک "کێشەیەکی لەناوخۆ دروستکراو" و "خیانەتی ناوخۆیی" بینیوە، نەک کێشەیەکی نەتەوەیی-سیاسی ڕاستەقینە.

_ شکستی پرۆسەی ٢٠١٣: لە پرۆسەی ئاشتی پێشووتردا (٢٠١٣-٢٠١٥)، دوای ئەوەی پەکەکە قۆناغی کشانەوەی دەستپێکرد، حکومەتی تورکیا بەبیانووی جیاواز پرۆسەکەی وەستاند و شەڕێکی قورسی دەستپێکردەوە.

 بۆیە نیەتی خراپی تورکیا ئەگەری زۆرە ئەوەش ڕاستە کە بڵێین: ئەگەری ئەوە هەیە کە نیەتی سەرەکی تورکیا لەم پرۆسەیەدا، تەنها کاتکوشتن و پاکتاوکردنی کۆتایی بێت. دەکرێ حکومەتی تورک، چاوەڕێی دەرفەتێک بکات کە پەکەکە بە تەواوی لاواز بێت و لەچەک داماڵرێت یان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخی ئاڵۆزی هەرێمی و نەمانی مەترسییەکانی سەر تورکیا و ئەنجامامەکانی هەڵمەت و دروشمەکانی ئیسڕائیل و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات لەمەڕ "گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ئەگەر ئەنجامەکە لەبەرژەوەندی بوو، پرۆسەکە ڕادەگرێت و بە پاساوی نوێ هێرشێکی ئەمنی بەرفراوان دەستپێدەکاتەوە. ئەمەش ڕێچکەیەکی مێژووییە کە تورکیا بۆ تێکشکاندنی جووڵەی سیاسی و سەربازی کورد بەکاری هێناوە.

سیناریۆی دوای چەکدانان و کاریگەرییە هەرێمییەکان
ئەگەر نیەتی حکومەتی تورک، وەک لە گوتاردا دەیڵێت" تەنها  تورکیای بێ تیرۆر و چەکداماڵین بێت و وەڵامی سیاسی نەبێت، سیناریۆکان بۆ کورد مەترسیدار دەبن.

سیناریۆی سیاسی و ناوخۆیی
لاوازبوونی دەم پارتی: ئەگەر حکومەت یاسای گواستنەوە (مافی سیاسی و کولتووری) پەسەند نەکات، ئەوا خەباتی سیاسی کورد لە پەرلەمان و شارەوانییەکاندا دوچاری سەختی زیاتر لە جاران دەبێتەوە. تورکیا دەتوانێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی لادانی سەرۆک شارەوانییە کوردییەکان و دانانی (قەییوم) و سەرکوتکردنی سیاسەتمەدارانی دەم پارتی بە پاساوی "پەیوەندیان بە ڕێکخراوی پەکەکەوە".

هەروەها، لەدەستدانی کارتێکی گرینگی فشاری کورد، بەم هەنگاوە تاکلایەنانەی پەکەکە، تاکە کارتی فشاری خۆی (بوونی چەکداری لەناو تورکیا) لەدەست دەدات و ناچار دەبێت بە یەک قۆناغی پرۆسەکە ڕازی بێت.

لەو دۆخەدا، لێکەوتە هەرێمییەکان بۆ قەندیل، سوریا و کاراکتەرە شاراوەکان؛

کشانەوەی پەکەکە بۆ قووڵایی باشووری کوردستان- عێراق، هاوسەنگی هەرێمی دەگۆڕێت:
. چڕبوونەوەی هێزی پەکەکە لە قەندیل، دەکرێ لەداهاتوودا پاساوێکی بەهێزتر دەداتە تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی قووڵتر و بەرفراوانتر بۆ ناو باشووری کوردستان. ئەمە فشارێکی گەورەیە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لەلایەن تورکیاوە داوای لێبکرێت بەشداری لە پاکتاوکردنی ئەو ناوچانە بکەن. من پێشتر وتومە ، تەنانەت ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی لەباکوور سەربگرێت، هێشتا تورکیا بەبیانوو و سیناریۆی جیاواز، بەردەوام و زیاتر فشار دەخاتە سەر باشووری کوردستان.

 هێزەکانی سوریای دیموکرات، (هەسەدە) و کارتە ئەمنییەکان: دەکرێت کشانەوەی پەکەکە لە باکووری کوردستان، هەوڵێکی ناڕاستەوخۆش بێت بۆ کەمکردنەوەی کارت و فشاری تورکیا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەسەدە.

دەکرێ پەکەکە بیەوێت بەم هەنگاوە ڕەوایەتی زیاتر بە بوونی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاڤا بدات.

لەلایەکی تر، جوڵەی نێودەوڵەتی و پرسی ئێران/ئیسرائیل: بەشێکی گوتاری تورکیا بۆ ئاشتی لەگەڵ کورد لەباکوور، بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی لە ڕکابەریی هەرێمیدا. بە ئاساییکردنەوەی سنوورە ناوخۆییەکانی، تورکیا، لەمەڕ وزە و سەرچاوەی سەربازی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و مترسییەکانی ئیسڕائیل لەسەری بەتایبەت لە سوریا و عێراق. ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکاتە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کارەکتەرە هەرێمییە دژەکانی ئێران (وەک، ئیسڕایل؛ لەلایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا و تورکیا لەلایەکی تر، هەموو ئەو لایەنانە وێڕای ناکۆکییەکانیان لەسەر زۆر پرس لەسووریا و ناوچەکە، دەیانەوێت سنوورەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی هێڵی هەژموون و پەیوەندی و پیشتوانییەکانی ئێران ئارام بێت.


پرسیارێکی تر بۆ کورد؟
ئەرێ گەلۆ، زیانە گەورەکانی کشانەوەی پەکەکە بۆ باشووری کوردستان چییە؟

کشانەوەی پەکەکە بۆ قەندیل، لە درێژخایەندا چەندین زیانی گەورەی بۆ باشووری کوردستان لێدەکەوێتەوە:
١. هەڕەشەی تورکیا: کاتێک هێزی پەکەکە لە ناوچەیەکی سنوورداردا چڕ دەبێتەوە، لە ئەگەری سەرنەکەوتنی پڕۆسەکە بەهەربیانوویەک، تورکیا پاساوی ڕوونی دەبێت بۆ ئەوەی بە بیانووی "پاککردنەوەی کۆتایی تیرۆر"، ئۆپەراسیۆنی سەربازی قووڵتر و زیاتر و بەردەوام لە ناوچەکانی قەندیل، خواکوڕک، و زاپ ئەنجام بدات.

ئەوەش دەبێتە لاوازبوونی زیاتری سەروەری هەرێم: ئەم چڕبوونەوەی هێزە، لەئەگەر شکستی پڕۆسەکەدا، وەڵامێکی ئەمنیی توندی تورکیای بەدوادا دێت، کە ئەمەش بە واتای زیاتر پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی بنکە و سەربازگەی نوێی تورکیا لە قووڵایی خاکی هەرێمدا دێت، کە تا مڕۆش کە باسی پڕۆسەکە لە ئارادایە حکومەتی تورک برەوی پێ دەدات.

لێکەوتەی کێشەی ناوخۆیی کورد: 
ئەگەر پڕۆسەکە شکست بهێنێت، تورکیا فشارەکانی لەسەر حکومەتی هەرێم زیاد دەکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە چەکداماڵین یان دەرکردنی پەکەکە بکات، ئەمەش مەترسی جەنگی ناوخۆیی و پشێوی زیاتر لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا دروست دەکات.
کە هیودارین هەموو لایەنە کوردییەکان بە ژیرییەکەیان، ڕێگە بەو پیلانە بگرن کە لەئەگەردایە.

کۆتایی و بەر پرسیارییەتی ئەخلاقی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمەڕ ئەو پرسەدا؛

ڕۆڵی چارەنووسسازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لە پرۆسەیەکدا کە یەکێک لە لایەنەکان تاکلایەنەترین بڕیاری مێژوویی خۆی دەدات و لایەنی بەرامبەر بێدەنگ و خاوە لە هەنگاوی کرداریدا، ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کاراکتەرە سەرەکییەکان (وەک: نەتەوەیەکگرتووەکان، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا) دەبێتە چارەنووسساز، ئەگەر بە ئەخلاقی سیاسی و نێونەتەوەیی خۆیانەوە هەڵبستن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە پرۆسەی کشانەوەی پەکەکە وەک هەنگاوێکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی بناسێنێت و فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی بە هەنگاوی یاسایی و سیاسی وەڵام بداتەوە.

هەرچی لایەنی کوردییە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە نەبێتە قوربانی گەرەنتییە نهێنییەکان، پێویستە بەفەرمی داوای چاودێرییەکی نێودەوڵەتی بێلایەن بۆ قۆناغی دووەم (دانانی چوارچێوەی یاسایی و چەکدانانی کۆتایی) بکرێت.

 کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر هێشتا لەسەر پێوەرە ئەخلاقییەکانی دەوەستێتەوە، دەبێت بە ڕوونی ئاماژە بەوە بدات کە - چەکدانانی پەکەکە، نابێت بە واتای سەرکوتکردنی خەباتی سیاسی کوردی بێت. هەر سەرکوتکردنێکی دژی دەم پارتی یان قەییوم دانان، وەک کودەتا بەسەر پرۆسەی ئاشتیدا سەیر بکرێت.

لەکۆتاییدا: پرۆسەیەک لە نێوان هیوای سیاسی و کارەساتی ئەمنی
کشانەوەی پەکەکە هەڵسەنگاندنێکی دوولایەنەی دەوێت: لە دیوێکەوە، ئەمە ڕێزگرتنێکی تەواوە لە ئیرادەی گەلی کورد بۆ چارەسەری سیاسی و کۆتاییهێنان بە شەڕ. لە دیوەکەی ترەوە، ئەمە هەنگاوێکی ستراتیژی مەترسیدارە.

پوخت و کوردانە: ئەگەر پرۆسەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و تورکیا تەنها وەکو سەرکەوتنێکی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵدا بکات (بەبێ هەنگاونانی کرداری و ڕاگەیاندنی هیچ یاسایەکی تایبەت بە چارەسەری سیاسی)، ئەوا پرۆسەکە دەبێتە "شکستێکی ستراتیژی گەورە" بۆ کورد. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە ئێستادا تەنها بەندە لەسەر یەک شت: دانانی بنەمایەکی یاسایی گەرەنتیکراو لە پەرلەمانی تورکیا، کە زامنی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد بکات و دۆخی ئۆجەلان ڕوون بکاتەوە. بەبێ ئەم هەنگاوە، کشانەوەکە تەنها گۆڕینی کێشەی ئەمنی تورکیایە بۆ کێشەیەکی ئەمنی گەورەتر لە باشووری کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار