حه‌سره‌تی كۆچی سه‌رهه‌ڵگرتنی "نالی" له دڵی "پیره‌مێرد"دا
4 كاتژمێر لەمەوپێش
پێشكه‌شه به كه‌سایه‌تی گه‌وره‌ی سلێمانی و به په‌رۆشی كولتووری كورده‌واری: جه‌نابی مامۆستا عه‌بدولڕه‌قیب یوسف
دكتۆر صه‌باحی غالیب
نیشتمان باوه‌شه، كاتێك له نیشتماندا ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی له سێداره ده‌درێ، نه‌ك ژیانی ئاسایی به‌ڵكو ته‌نانه‌ت جێگایه‌ك بۆ خه‌ونه‌كان نامێنێته‌وه، دوێنێی میرنشینی بابان و سلێمانی، بۆ نالی له جیهان گه‌وره‌تر بوو، بۆ ئه‌و، هه‌موو دنیا له میرنشینه‌كه و پێته‌خته‌كه‌یدا جێی ده‌بۆوه، سێبه‌ری پاشا‌كان باڵی به‌سه‌ر هه‌موو ماڵ و مزگه‌وت، شاخ و پێده‌شتێكدا كێشابوو، مرۆڤی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كه یه‌ك به یه‌كیان گه‌وره بوون، له ڕێگای دادپه‌روه‌ری و مه‌زنی فه‌رمانڕه‌واكانه‌وه، خودا فه‌ڕ و به‌ره‌كه‌تی ده‌باران.
له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی كوردی ئه‌و كاته‌دا، بواره جیاوازه‌كانی چالاكی ژیان چرۆیان ده‌كرد، گرشه‌یان ده‌دا و پێده‌كه‌نین، ژن و پیاو پێكه‌وه چاو له ئاسۆ و به‌ره‌و خۆر ڕێێیان ده‌كرد، له‌و كه‌شه‌دا، نالی، كوردی و سالم گه‌یشتنه لوتكه‌ی ئه‌ده‌بیاتێكی ئه‌وتۆ، دراوسێكان تێگه‌یشتن كورد نه‌ك به‌وان ده‌گه‌ن، به‌ڵكو بۆ دوورتر پێهه‌ڵده‌گرن. نالی خاوه‌ن به‌هره‌ی زكماكی و بلیمه‌تی ڕۆژگاره‌كه‌ی خۆی بوو، له‌و ده‌وروبه‌ره‌دا، مه‌یدانی فراوانی زیاتری بۆ باڵگرتن بۆ ڕه‌خسا، هه‌موو خانه‌كانی له‌شی، هه‌موو توێشووه‌كانی بوونی، هه‌موو بیركردنه‌وه و دڵی، تێكه‌ڵاوی چیا و چۆڵ بوون، بوونه به‌شێك له تۆزی شارزوور و گه‌رمیان و كوێستان، عه‌شقی نالی بۆ میرنشینی بابان گه‌یشته (فه‌نا فی بابان)، له مزگه‌وتی هه‌ر كوێره دێیه‌كدا، یا له ئاواییه‌كی ئه‌م تا ئه‌و سه‌ری وڵات‌دا، له خزمه‌ت گه‌وره مه‌لای كاتی خۆیدا، نالی جێی گه‌رم بوو، تا ئه‌میش بوو به میرنشینه‌كه و له‌ودا توایه‌وه.
(نالی)یه و تۆراوه، له كێ و له‌چی؟ له ڕووخانی هیوا و ئاواتی دوێنێ، له نه‌مانی ژیانی سه‌ربه‌رزی گشت سه‌ر به‌ردێك، خه‌وی هه‌ر بن دارێك، قاچ ڕاكێشانی گوێ هه‌ر چه‌م و ڕوبارێك، له نه‌مانی داره‌به‌نێك كه پشتی پێوه‌دا بوو، نه‌هێشتنی ده‌رسی كوردی به فه‌قێیانی هه‌ر مزگه‌وت و حوجره و خانه‌قایه‌ك، بوونه ناسۆر و ئێشی ده‌روون، ئاسان نه‌بوو له قه‌ده‌غه‌ی زمانی كوردیدا، ده‌نگی توركی داگیركه‌ر به گوێیدا بدا، له بری به‌زه‌یی و نیانی سوپایی خۆماڵی، توند و تیژی چه‌ته‌ی چه‌كمه له پێی داگیركه‌ر، شێخ ڕه‌زا گووته‌نی: بتكه‌نه سۆخره‌كێشی ئالی ڕه‌ش و دزێوی عوسمانی.
نالی سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه، چاوی به دۆخی ڕووخاوی میرنشینی ڕۆحی خۆی هه‌ڵنایه، سه‌ری خۆی خستۆته سه‌ر له‌پی ده‌ستی و ده‌ڕوا، بێ ته‌گبیر، بێ نه‌خشه مل ده‌نێ، تا خۆی له ئه‌سته‌مبوڵدا ده‌دۆزێته‌وه، له‌وێش ته‌ماشا ده‌كا ئه‌وه‌ی لێی تۆراوه، ئه‌وه‌ی لێی ون بووه، ئه‌وه‌ی به دوایدا وێڵ بووه، ده‌ستی ناكه‌وێته‌وه، دنیا هه‌مووی بوومه لێڵ و نه‌دیوه.
پیره‌مێر به‌و گه‌وره‌یی خۆیه‌وه، چۆته ناو دڵی نالییه‌وه، جێی خۆی له هزر و خۆزگه و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌ودا كردۆته‌وه، له په‌نا خه‌یاڵی نالی‌دا، خێوه‌تی هه‌ڵداوه و له ورده‌كاری و جیهانه بێ ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ره‌كه‌یدا، به‌یتی كۆچ و سه‌رهه‌ڵگرتنی نالی ده‌هۆنێته‌وه. سه‌ر تا پێی نووسینه‌كه‌ی پیره‌مێرد، هه‌مووی هه‌ر ئاخ و داخه، وێنه‌ی گریانی سروشت ده‌گرێ بۆ میرنشینی بابان و بۆ دواڕۆژی كورد و بۆ كۆچی نالی، به ده‌م هه‌نیسكه‌وه ده‌یان پرسیاری بێ وه‌ڵام له چاره‌نووسی میرنشینه‌كه و دواڕۆژی ده‌كا، ئه‌وجا، وه‌ك ئه‌وه‌ی دامێنی كه‌واكه‌ی نالی بگرێ، به‌وپه‌ڕی سۆزه‌وه لێی ده‌پاڕێته‌وه كه سلێمانی به‌جێنه‌هێڵێ، چونكه ده‌زانێ به‌و كۆچكردنه ناچارییه، نالی به‌ری ژیانێكی خۆشتری ده‌ست ناكه‌وێ، له ساته وه‌ختی سه‌فه‌ره‌كه‌ی نالی‌دا، پیره‌مێرد، دیمه‌نی بێتاقه‌تی نالی بۆ سلێمانی و بۆ فه‌قێكانی و بۆ خانه‌قای مه‌ولانا ده‌كێشێ، له عه‌ڕشی دڵی نالییه‌وه، پێكه‌وه بارانی زه‌ریای بێ بنی خۆشه‌ویستی ده‌بارێننه سه‌ر سه‌وزایی زه‌مینی فراوانی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی.
نزیكه‌ی 95 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، پیره‌مێر بۆ سلێمانیی دوای نالی، هه‌ناسه‌ی ناسۆری هه‌ڵده‌كێشا، حه‌قی بوو، زۆریش حه‌قی بوو. ئه‌وه‌تا ئێمه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی به خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واره‌وه، به به‌رزه ژن و به پیاوه گه‌وره‌كانییه‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ لای پیره‌مێرد، ده‌ست و ڕیشه سپییه‌كه‌ی ماچ ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بیر له ئه‌مڕۆی سلێمانیی بێ خاوه‌ن ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌و سلێمانییه‌ی به ده‌ست خه‌ڵكی خۆیه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی قانوون ناوی بنێ "پێته‌ختی ڕۆشنبیری"، به سروشتی خۆی و به خه‌ڵكی خۆیه‌وه، به حه‌ق دارستانی ئه‌دیبان و زه‌ریای بیر و ئامانج بوو، لانه‌ی كورد و قه‌ڵای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی داگیركه‌ران بوو، هاوكات، په‌رستگای داهێنانی هونه‌ر و چاوگه‌ی جوانی و پاراستنی كلتوور و نیشانه‌كانی شارستانیه‌ت بوو.
ئێستا، پرسیار له هزردا سه‌رسام ڕاده‌وه‌ستێ، هزریش له پرسیار ڕاده‌مێنێ، وزه‌ی داهێنانی سلێمانی، هیچی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه ئه‌وه نه‌بێ: مۆم بۆ قوربانییه‌كانی داده‌گیرسێنێ و بوخورد بۆ گیانی پاكان ده‌سووتێنێ، جاری وا هه‌یه، پێم خۆش نییه ددان به حه‌قیقه‌تدا بنێم، به‌ڵام ناچارم، پێش ئه‌وه‌ی پێبگا و ئاونگ له سه‌ر په‌ڕه‌كانی بكه‌وێ، یا چاوی به تیشكێكی خۆر كل ڕێژ بكا، خونچه به دوای خونچه‌دا هه‌ڵده‌وه‌رێ، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بێ سه‌رده‌م سه‌رده‌م نه‌ماوه، شوێن له شوێندا ون بووه، كات مانای خۆی له ده‌ستداوه، گۆڕانكاری بۆ دواوه له بره‌ودایه، وای لێهاتووه باوه‌ڕ و هونه‌ر، نیاز و ڕاستگۆیی، ئازایه‌تی و دادپه‌روه‌ری، چی دیكه، یه‌كدی له ئامێز ناگرن. كه‌وایه، ئه‌وه‌ی ئاشنای دوێنیێ سلێمانی بووبێ، به دیتنی ئه‌مڕۆی ئه‌و شاره، هه‌ر هاوار و ناڵه‌یه‌تی، به نه‌ناسینه‌وه‌ی سیماكانی، خۆزگه بۆ دوێنێیان ده‌خوازێ، حه‌یفه و هه‌زار حه‌یف بۆ سلێمانیی. له‌و شاره‌دا، هه‌ڵاتنی خۆر، مانه‌وه‌ی جوانییه‌كان، خۆشه‌ویستی و خزمه‌تی خه‌ڵك ناخوازرێ و مه‌به‌ست نابینرێ، بۆیه نه مه‌ڵكه‌ندی و نه سه‌رشه‌قام، نه گۆیژه، نه كانی ئاسكان و نه چوار باخ پێكه‌وه به‌وپه‌ڕی حه‌یاوه، دوندی و گه‌وره‌یی خۆیان ناوه‌ته باوه‌شی خۆیانه‌وه، كه سه‌ر هه‌ڵده‌بڕن، نه ئه‌وان به‌رپرسان ده‌ناسن، نه ئه‌وانیش ئاشنایه‌تی مێژووی شار و گه‌وره‌ییی ئه‌وانیان هه‌یه، نازانرێ كه‌ی ئه‌و تام و چێژه، ئه‌و به‌هرانه، ئه‌و هه‌موو ژن خاس و پیاوه جوامێرانه‌ی ڕۆژانی شانازی و مێژووی شار ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟
دوای یه‌كه‌م چاپی دیوانی نالی له ساڵی 1931دا، له لایه‌ن (مه‌ریوانی) و (كوردی)یه‌وه، پیرمێرد بۆ هه‌ڵنانی مه‌ریوانی و كوردی له لایه‌ك و بۆ په‌رۆشی خۆی بۆ سه‌رهه‌ڵگرتنی نالی له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و وتاره به پێز و به‌رزه‌ی خواره‌وه‌ی به‌و بۆنه‌یه‌وه نووسیوه، وتاره‌كه زۆر له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گرێ كه كه‌سێكی بێ ده‌ستمایه و بێ كاتی وه‌ك من له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی پیره‌مێر به‌رامبه‌ر به نالی و هونه‌ری شیعر بنووسێ، یا بتوانێ باوه‌شی خۆشه‌ویستی و وه‌فاداری بۆ سلێمانی و نالی و بۆ پیره‌مێرد بكاته‌وه.
خزمه‌تێكی بێ هامتا به موناسه‌به‌تی طه‌بعی (دیوانی نالی)یه‌وه
ته‌قریبه‌ن نه‌وه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش(1)، ڕۆژێكی ڕه‌نگ زه‌ردی پایز كه شینایی ئاسمان غوبارێكی كه‌ثیف دای پۆشیبوو، له ده‌مه ده‌می به‌یاندا، پیرێكی سه‌ر و ڕیش سپی ئوفتاده، مێزه‌ر به‌سه‌ر، به مات و مه‌لوولی له پشت ئه‌سپێكی به كورتانه‌وه ڕوو به "وه‌یس" له سلێمانی ده‌رچوو.
له دوایه‌وه غه‌یری چه‌ند فه‌قێیه‌كی خانه‌قا نه‌بێت ته‌شیعكه‌رێكی نه‌بوو. گاھ، گاھ به ده‌نگێكی حه‌زینی گریانه‌وییه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م جه‌ماعه‌ته بچووكه ئه‌كرد، له هه‌موو هه‌نگاوێكدا جارێ ڕووی بۆ سلێمانی وه‌رئه‌گێڕا. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كدا ئاهێگی گڕاو تێكه‌ڵاو به فه‌ضا ئه‌بوو، وه فرمێسكێكی مرواری به سه‌ر ڕیشی سپی‌دا گلۆر ئه‌بۆوه. ....!
ئه‌م پیری ئوفتاده‌یه مه‌لا خضری (نالی) بوو! ...
له پاش (ئارشی كویه)(2) و ئیحتیلالی ئه‌م ناوه له طه‌ره‌ف (ڕۆم)ه‌وه و پاش كوژانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی (به‌به)كان، دڵی (نالی) قبوڵی مانه‌وه‌ی نه‌كرد له وڵاته‌كه‌یدا. به سه‌د مه‌شه‌قه‌ت، به سه‌د دڵ پچڕین، چه‌مه‌نزاری شاره‌زوور، هه‌وای ڕۆح به‌خشی كوێستانی كوردستان، مه‌هبه‌طی وه‌حی، مولهیمی ئه‌شعاری به‌جێهێشت.
ئه‌و كوردستانی به كورده‌وه ئه‌ویست، چاوی بینینی نێزه‌ی (حه‌یطه) و قه‌ره‌بینای(3) (ڕۆم)ه‌كانی نه‌بوو. مه‌ردانه پێی نا به ده‌ڵیا، خه‌یاڵی "حه‌بیبه"ی خسته ئه‌ولاوه، وه ڕووی به مه‌جهولات، به غوربه‌ت سه‌ری نایه‌وه. پاش ئه‌وه‌ی (ئه‌حمه‌دی موختار) مه‌جبوور بوو به ته‌ركی ته‌ختی (به‌به). (نالی)یش به ئاره‌زوو و ئیختیاری خۆی، تاجی مه‌لیكو‌شوعه‌رای له‌سه‌ر خۆی فڕێ‌دا و نایه ژێر پێیه‌وه، چونكه له نه‌زه‌ر ئه‌ودا موڵكی بێ ته‌خت شاعیری بێ تاجی ئه‌ویست...
له لای ده‌شتی وه‌یس به كوڵی گریانه‌وه، خوا حافیزی له ته‌شه‌یعكه‌ره‌كانی كرد، به وه‌جد(4) و ئیستیغراقه‌وه(5) قه‌ده‌رێ سه‌یری گردی سه‌یوان، ده‌شتی فه‌قێكان، چوار باخ و كانێسكانی كرد، وه‌قائیعی ماجه‌را‌ی هێنایه پێش چاو، ڕمبازی و جلیتێنی لاوچاكانی بابان، شه‌ڕه تۆپ و قه‌له‌مردارێی فه‌قێكان، حه‌وشی خانه‌قا و ئیجتیماعی كوردی و سالم و سائیره شاعیره‌كانی به سۆزی دڵه‌وه ته‌خه‌طور كرد و موقابیل به مانه، هه‌مووی دوو قه‌طره سورشكی گه‌رمی به یادگار فه‌قه‌ط یادگارێكی سه‌رمه‌دی بۆ ڕوانه كردن.
له پاشدا سواری بارگیره‌كه‌ی بوو، ڕووی كرده دۆڵ و شاخه‌كانی بازیان. ...
نالی، ئه‌مه ئه‌ووه‌ل هه‌نگاوی بوو كه بۆ عه‌ده‌م هاویشتی، عه‌ده‌می مادی، نه‌ك مه‌عنه‌وی!
*****
ئه‌گه‌ر شیعر به غایه ـ وه‌سیله نا ـ عه‌د بكرێت، ئه‌گه‌ر شیعر عیباره‌ت بێ له صنعه‌تێكی به‌رزی به‌دیعی، وه‌یا له شیعردا ئیبداع شه‌رطێكی ئه‌عزه‌م بێت، بێ گومان (نالی) گه‌وره‌ترین شاعیری كورده.
به‌ڵێ، موحته‌مه‌له نه‌زه‌ر به زیهنییه‌تی حازره ئه‌شعاری نالی تینوێتی حیسسیات نه‌شكێنێ و كه‌زا موحته‌مه‌له نه‌زه‌ر به ته‌له‌ققی عه‌صری حاضر له شیعره‌كانیدا حیسسیاتی ورد و به‌رزی كه‌متر تیا بێت و كه‌متر هه‌یه‌جانێكی به‌دیعی ببه‌خشێت، فه‌قه‌ط لازمه له بیرماندا بێت (نالی) له زه‌مانێكدا ژیاوه كه شه‌رائیطی كه‌مالی شیعر عیباره‌ت بووه له جیناس، ئیستیعاره، لفف و نه‌شر، جه‌معی ئه‌ضداد و سائیره، وه‌لحه‌ق له مانه‌دا قه‌ڵه‌می نالی له هی شاعیره‌كانی تر زیادتر مۆفه‌ق بووه. عه‌لاوه‌ی ئه‌مانه، صاحێب ئسلوبێكی طه‌ننانه، شیعره‌كانی خۆش ئاهه‌نگ و ڕه‌وانه، وه له ئه‌كثه‌ری مه‌نزومه‌كانیدا فیكری ورد (ته‌شبیهاتی خۆكرد) و خه‌یاڵی بڵندی به طه‌رزێكی ڕه‌نگین و ئاودار ئه‌دا كردووه.
له نه‌زه‌ر (نالی)دا شیعر ئه‌صڵ و غایه‌یه، قه‌ت به وه‌سیله‌ی له عه‌مه‌ل نه‌هێناوه. حه‌یات، عیشق، حه‌تتا حیسیاتی باوكی له لای ئه‌و عیباره‌تن له شیعر. بۆ ئه‌و (گواره)یه‌ك، (گوڵ)ێك، (مردن)ێك، (پانی به‌رز)ێك موته‌ساوییه‌ن باعیثی ئیلهام و جۆششی حیسیاتی بووه.
له سه‌ره‌وه وتمان (حه‌تتا حسیاتی باوكی له لای ئه‌و عیباره‌تن له شیعر). بۆ ئیثباتی ئه‌مه قطعه‌ی ئاتییه كافییه:
شیعره‌كانم كه جگه‌ر گۆشه‌ی منن ده‌ربه‌ده‌رن
دڵـی (نـالـی) چ ڕه‌قه قه‌ت غه‌می فرزه‌ندی نییــه
له‌نه‌زه‌ر مندا حه‌تتا (حه‌بیبه)ی مالیاواش شه‌خصییه‌تێكی حه‌قیقی نه‌بووه، ته‌نها ڕه‌مزێكه حه‌ضره‌تی نالی كردوویه به واسیطه‌ی ئیزهاری ده‌های شاعیرانه‌ی.
ئه‌ی ڕۆحی بڵندی نالی! هیچ شوبهه‌م نییه ئه‌و دوو قه‌طره فرمێسكه‌ی نه‌وه‌د ساڵ له‌مه‌وپێش له نزیك گردی شێخ محێدینه‌وه تێكه‌ڵاوت كرد به ئه‌به‌دیه‌ت، وه كه تا ئێستا جاری بووه، ئێستا به ته‌خلید ناوت و طه‌بعی شیعره‌كانت ـ جگه‌ر گۆشه ده‌ربه‌ده‌ره‌كانت ـ گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ (.... لای خۆمان)(6) و ئاگری فیراقی وه‌طه‌نتی كوژانۆته‌وه.
پێش ئه‌وه‌ی خیتام به‌م دوو كه‌لیمه‌یه بهێنم ئه‌مه‌وێ موقابیل به حوسنی ئینتیخابیان و به‌و ئه‌زیه‌ت و كولفه‌ته‌ی له كۆكردنه‌وه و له چاپدانی ئه‌م دیوانه قیمه‌تداره‌دا كێشاویانه، به دڵ شوكری (مه‌ریوانی) و (كوردی) بكه‌م. شوبهه نییه پاراستنی ئه‌شعاری پێشینانمان له فه‌وتان، گه‌وره‌ترین ته‌ره‌قی و خزمه‌تێكه به ئه‌ده‌بیاتی كوردی ئه‌كرێت. وا ئه‌م دوو لاوه به قیمه‌ته به‌شی خۆیان ئه‌م خزمه‌ته‌یان ئیفا كرد. فه‌قه‌ط له‌سه‌ر خوێنده‌وارانی كوردیش لازمه له ته‌شویق و ته‌شجیع غافڵ نه‌بن.
(پ . . . .) پیره‌مێرد
ڕۆژنامه‌ی ژیان ـ سلێمانی، ژماره 293، 14ی ئه‌یلوولی 1931، ل ل 2 ـ 3.
لێكدانه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌ك:
(1). ئێستا نزیكه‌ی 185 ساڵه.
(2). ئارشی كۆیه: قه‌ڵایه‌ك كه شوێنی تیرهاویشتن بووه به‌رامبه‌ر به دوژمن، یا شوێنێكی سه‌ختی به‌رگری و ده‌ستكردنه‌وه.
(3). قه‌ره‌بینا: چه‌كمه ڕه‌ق و جه‌ندرمه.
(4) وجد ـ وه‌جد: خۆشه‌ویستی بێ سنوور یا یه‌كجار زۆر، شه‌وق خرۆش.
(5) استغراق ـ ئیستغراق: به تاسه‌یه‌كی ڕۆحییه‌وه، یا به بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵه‌وه. به له‌هۆش چوونه‌وه.
(6) یه‌ك وشه له جێی ئه‌و چه‌ند خاڵه هه‌یه، بۆم ساغ نه‌بۆوه، من (لای خۆمان)م داناوه، ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ ماناكه‌ی بگونجێ. داوای لێبوردن ده‌كه‌م.
